بۆچوونی پارتی و یەکێتی لەسەر پەسەندكردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان

بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، گەر چوونە هەڵبژاردنەوە و ساختەکاری تێدا نەبوو، ئەوە دەرئەنجامەکە هەرچیەک بێت قبوڵیانە، بەڵام بە پێچەوانەوە لەکاتی خۆیدا ڕایی خۆیان ڕادەگەیەنن، ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش دەڵێت،" بەمەرجێک دەرئەنجامی هەڵبژاردنیان قبوڵە، بەپێ یاساکانی کۆمسیۆن ژماردن بۆ دەنگەکان بکرێت و بێ ساختەکاری، ئەوکات هەر لایەنێک براوە بوو پیرۆزی بێت."

ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئێمەی پارتی چووینە هەڵبژاردنەوە و بەشداریمان کرد و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بوو و ساختەکاری تێدا نەبوو، ئەوکات ئێمە دەرئەنجامەکەی هەرچیەک بێت قبوڵمانە، بەڵام ئەگەر چووینە هەڵبژاردنێکەوە لە هەڵبژاردنەکەدا بۆمان دەرکەوت کە ساختەکاری کراوە ئەوکاتە ڕەیی خۆمان دەڵێین."

وتیشی،"هەڵبژاردن بەگشتی گرنگە، لەبەر ئەوەی تەنیا وەسیلەیەیکی مەدەنیە بۆ چوونەوە بۆ ڕایی خەڵک و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، بۆیە دوو ساڵ و نیو لەمەوپێش حەزمان دەکرد هەڵبژاردن بکرایە، بەڵام خوا سەلامەتیان بکات برادەرانی یەکێتی هاوکار نەبوون بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، بۆیە بەو شێوازە دواکەوت."

تا دێت بانگەشەی هەڵبژاردن گەرموگوڕی زیاتری پێوە دیارە و پارتی و یەکێتی بەتایبەت سەرکردەکانیان هێرشەکانیان بۆ سەر یەک دەستپێکردووە و تەنانەت یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە " خیانەت و دزیکردن".

فریاڵ عەبدوڵا، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە میانەی دیدارێکیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند،" من پێم وایە ئەنجامی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی خەڵک، گەر بێ گزی و بێ فێڵکردن و بێ مەبەستی تایبەت توانرا لە ناوەندەکانی دەنگدان دەنگدەر دەنگی خۆیدا، ئەوە ئەنجامەکەشمان قبوڵە."

وتیشی،" قبوڵکردنی ئەنجامەکە دەبێت نەک هەر ئێمە بەڵکو لایەنەکانی دیکەش پێویستە قبوڵیان بێت، بەڵام بە مەرجێک ئەو سندوقەی دەنگی دەنگدەرانی تێدایە بە پێی یاساکانی کۆمسیۆن ژماردنی بۆ بکرێت و هەر لایەنێک براوە بوو پیرۆزی بێت."

تەنها نۆزدە ڕۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و بە پێی ئاماری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق بێت، ڕۆژی 20ی مانگی دەی 2024، لە ڕۆژی دەنگدان دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس دەتوانن لە ناوەندەکانی دەنگدان لە هەرێمی کوردستان دەتوانن نوێنەری خۆیان هەڵبژێرن.

بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی پێشوویدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ڕێکارێکی زۆرباش گیراوەتە بەر بۆ ڕێگریکردن لە ساختەکاری و تەواوی دەرگاکان داخراون، چونکە دەنگدەر تەنها دەتوانێت بە کارتی بایۆمەتری دەنگ بدات و جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بە ڕێگای دەست و ئەلیکترۆنی دەبێت."

وتیشی،" ئێمە وەکو کۆمسیۆنی هەڵبژاردن هەموو ئامادەکاریەک کراوە بۆ ئەوەی ئەو قسە و باسانەی کە پێشووتر دەکرا لە بارەی ساختەکاریەوە ئەمجارە بە هیچ شێوەیەک نەکرێت و دەرگاکانی ساختەکاریمان داخستووە."

دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی عێراق، شێوازی هەڵبژاردنی لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی گۆڕیی و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکردەوە، بەڵام ڕۆژی 20ی مانگی پێنجی 2024 دەستەى دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیارەکەی دادگای باڵای عێراقی گۆڕی و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کرد پێنج کورسیی لە کۆی 100 کورسییەکانی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەشێوەیەک کورسییەکى ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسیی تورکمان و کریستیان بۆ هەولێر، وە دووکورسی بۆ کرستیان و تورکمان بۆ سلێمانی.