شەڕ لە سەر میراتی بزووتنەوەی گۆڕان

بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان تەنها یەک کورسی لە کۆی 95 کورسی پەرلەمان بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا ئەم حزبە پێشتر ڕکابەری دوو حزبە حوکمڕانەکەی هەرێمی کوردستانی دەکردو بانگەشەی گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان دەکرد.

لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009، بزووتنەوەی گۆڕان 445 هەزارو 24 دەنگی بەدەستهێناو 25 کورسی پەرلەمانی بردەوە، لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی کە ڕکابەری گۆڕانیان دەکرد و بەیەک لیست بەشداری هەڵبژاردنیان کرد 59 کورسییان بەدەستهێنا.

دوای تێپەڕیبوونی 15 ساڵ بەسەر دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕان دا، ژمارەی کورسییەکانی گۆڕان لە 25 کورسییەوە بۆ یەک کورسی کەمیکرد، بەڵام بەپێی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکێتی و پارتی ژمارەی کورسییەکانیان زیادیکردووەو 62 کورسییان بەدەستهێناوە.

سەفین مەلا قەرە، ئەندامی پێشووی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەندێک هۆکاری ناوخۆیی بوونە هۆی لاواز بوونی بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام وڵاتانی ئیقلیمیش ڕۆڵیان هەبوو لە لاوازکردنی گۆڕان، چونکە گۆڕانیان بۆ کۆنترۆڵ نەدەکرا."

نەوشیروان مستەفا، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە ساڵی 2009 بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند دوای ئەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ یەکێتی تەقییەوە، ئەوکات ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی پاڵپشتی خۆیان بۆ نەوشیروان مستەفا ڕاگەیاند.

لە هەڵبژاردنی خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2009، بزووتنەوەی گۆڕان بە ڕابەرایەتی نەوشیروان مستەفا ڕکابەری لیستی کوردستانی کرد کە لیستی هاوبەشی یەکێتی و پارتی بوو، گۆڕان 25 کورسی و لیستی کوردستانیش 59 کورسی بەدەستهێنا.

لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان ژمارەی کورسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ 24 کورسی دابەزی، بەڵام لە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان کە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەنجامدرا، ژمارەی کورسییەکانی گۆڕان بۆ 12 کورسی کەمیکرد.

عومەر محەمەد، چاودێری سیاسی و یەکێک لەو کەسایەتیانەی پێشتر پاڵپشتی بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"شتێک نەبوو بە ناوی بزووتنەوەی گۆڕان، بە ڵکو کەسێک هەبوو بە ناوی نەوشیروان مستەفا. دوای نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەکەی کۆتایی هات، چونکە خەڵک دوای نەوشیروان مستەفا کەوت نەک گۆڕان."

ئەو دەڵێت،"خەڵک هیوای لەسەر نەوشیروان مستەفا هەڵچنیبوو، ئەگینا گۆڕان بزووتنەوەیەکی بێ سەرووبەر بوو، نەوشیروان مستەفا ڕۆیشت و عاقیبەتی گۆڕان بەمڕۆژە گەیشت کە دەیبینین."

دوای تێپەڕبوونی 15 ساڵ بەسەر دامەزراندنی گۆڕان و کەمبوونەوەی کورسییەکانی لە 25 کورسییەوە بۆ یەک کورسی، بەڵام ژمارەی کورسییەکانی یەکێتی و پارتی زیادیکردووە و ئەو دوو حزبە 62 کورسییان لە دوا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێناوە، پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسی.

لە سەردەمی دامەزراندنی گۆڕان دا، هەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی دادگەری، حزبی سۆسیالیست و حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، پێکەوە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان لە ساڵی 2009 کرد و لیستی خزمەتگوزاری و چاکسازییان هەبوو، ئەوکات 13 کورسییان بەدەستهێنا.

بەراورد بە هەڵبژاردنی ساڵی 2009، یەکگرتووی ئیسلامی ئەوکات 6 کورسی هێناو ئێستا بووە خاوەنی 7 کورسی، کۆمەڵی دادگەری 4 کورسی و ئێستاش 4 کورسییەکەی مسۆگەر کردووە، هەروەها حزبی سۆسیالیستیش تەنها کورسییەکەی خۆی بەدەستهێناوەتەوە.

پارێزگاریکردنی هێزە ئیسلامییەکان لە ژمارەی کورسییەکانیان لە کاتێکدایە، بزووتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی 2021، ژمارەی دەنگەکانی گەیشتە 22 هەزارو 91 یەک دەنگ و هیچ کورسییەکی نەهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20 ی دەی 2024، تەنها 11 هەزارو 627 دەنگی هێناوەو تەنها یەک کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە.

بە بڕوای چاودێرانی سیاسی، ئەو هێزانەی لە دوای لاوازبوونی بزووتنەوەی گۆڕان دروستبوون بە تایبەت نەوەی نوێ و ڕەوتی هەڵوێست، کە پێکەوە 19 کورسی پەرلەمانی کوردستانیان بەدەستهێناوە شەڕ لەسەر میراتی بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن.

سەفین مەلا قەرە دەڵێت،"بەڵێ ئەو هێزانە بەشێکن لە پەرتکردنی دەنگی گۆڕان، بەڵام دەبووایە گۆڕان زووتر لە حکومەتی هەرێم بکشایەتەوەو ناکۆکی نێوخۆشمان کاریگەری هەبوو."

چەند ڕۆژێک پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەشێک لە بزووتنەوەی گۆڕان دانای ئەحمەد مەجید پارێزگاری پێشووتری سلێمانیان وەکو ڕێکخەری بزووتنەوەکە ناساند، لەکاتێکدا کوڕانی نەوشیروان مستەفا دەرگای گردی زەرگەتەیان بەڕووی ڕێکخەری نوێدا داخست و دانیان پێدا نەنا.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕإاپۆرتی دڵشاد ئنەوەر/ گۆڕان