سەڵاحەدین دەمیرتاش هێرشەکەی تورکیا شەرمەزار دەکات

سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی هەدەپە لە هەژمارەی فەرمی ئێکس (تویتەر) هێرشەکەی ئەمڕۆی تورکیای ڕەت کردووەتەوە.

دەمیرتاش لە ڕاگەیاندێکدا وێڕای ئەوەی هاوخەمی دەربڕیوە بۆ کەسوکاری قوربانیان و هیوای زووچاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواستووە بە توندیش ئیدانەی هێرشەکەی کردووە.

دەمیرتاش کە لە زیندانی ئەدێرنەیە لە ڕاگەیاندنەکەیدا دەڵێت "ئەو عەقڵیەتەی کە هەوڵ دەدات بە خوێن گەڕان بەدوای چارەسەری کێشەکانمان لە ڕێگەی قسەکردن و دیالۆگ و سیاسەتەوە بوەستێنێت، پێویستە بزانێت ئەگەر ئۆجەلان دەستپێشخەری بکات و بیەوێت زەمینە بۆ سیاسەت خۆش بکات، ئێمە بە هەموو هێزمانەوە لە پشتیەوە دەبین."

دەشڵێت "ئێمە هیچ ڕێبازێک قبوڵ ناکەین کە ئامانجی ناوزڕاندنی سیاسەتی دیموکراسی و گەڕان بەدوای ئاشتی بێت."

دەشڵێت نابێت ڕێگە بدرێت بەوانەی دەیانەوێت ڕێگە لە ئاشتی بگرن.

ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی هێرشێک لە شارۆچکەی قەهرەمانکازانی نزیک ئانکەرە 5 کەس کوژران و22 کەسی دیکەش بریدنار بوو. ئانکەرە هێرشەکەی بە هێرشێکی تیرۆریستی ناودێرکرد بۆ سەر بارەگای پیشەسازی فڕۆکەوانیی تورکیا، کە شایەتحاڵەکان دەڵێن گوێیان لە تەقە و تەقینەوەش بووە.