بایدن داوا لە دیموکراتەکان دەکات کۆتایی بە مشتومڕەکانییان بهێنن لەسەر کاندیدبوونەکەی

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕۆژی دووشەممە لە نامەیەکدا بە دیموکراتەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکای وت سوورە لەسەر بڕیارەکەی بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی ئەمەریکا و وتی کاتی ئەوەیە پارتەکە " کۆتایی بهێنێت " بەو درامایەی کە دروستییان کردووە لەسەر ئەوەی ئایا دەبێت بایدن دەستبەرداری کاندیدبوونەکەی بێت یان نا، ئەوەش دوای ئەوەی بایدن لە مشتومڕەکەی ئەمدواییانەدا لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا قسەکانی تێکەڵ دەکرد و دۆخی باش نەبوو.

گروپێکی بچووکی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەڵام تا دێت زیاتر دەبن، بە ئاشکرا داوایان لە بایدنی تەمەن 81 ساڵ کردووە دەستبەرداری کاندیدبوونەکەی ببێت. ژمارەیەکی زۆری دیکە بە نهێنی هەمان بۆچوونییان هەبووە، هەموو ئەمەش دوای ئەوە بوو کە بایدن لە مشتومڕەکەیدا لە 27 ی مانگی شەش بەرامبەر دانۆڵد ترامپ قسەکانی تێکەڵ دەکرد و بیری دەچووەوە چی دەڵێت و هیلاک دیار بوو.

بایدن ئەوەی ڕەت کردووەتەوە و دەڵێت تەنها " خودای مەزن " دەتوانێت ناچاری بکات لە کێبڕکێکە بێتە دەرەوە.

بایدن بە یاسادانەرە دیموکراتەکانی وت کە " پرسی ئەوەی چۆن بەرەوپێشەوە بڕۆن ماوەی یەک هەفتەیە بە باشی پەخشکراوە. ئێستا کاتی ئەوەیە کۆتایی بێت."

بایدن لە نامەکەدا نوسیویەتی " دەمەوێت بزانن کە سەرەڕای هەموو گومانەکانی میدیاکان و شوێنەکانی تریش، من بە تەواوەتی پابەندم بە مانەوە لەم کێبڕکێیەدا، سوورم لەسەر بەردەوام بوونم تاوەکو کۆتایی و شکستهێنان بە دانۆڵد ترامپ."

وتیشی پارتی دیموکراتەکان " یەک کاری " هەیە، ئەویش شکستهێنانە بە ترامپ.

بایدن وتی " 42 ڕۆژمان ماوە بۆ کۆنگرەی دیموکراتەکان و 119 ڕۆژمان ماوە بۆ هەڵبژاردنەکان لە 5 ی مانگی یانزەدا. هەر لاوازکردنێکی سووربوونمان یاخود نەبوونی ڕوونی سەبارەت بەو ئەرکەی لەبەردەمماندایە تەنها یارمەتی ترامپ دەدەن و زیانمان پێدەگەیەنن. ئێستا کاتی ئەوەیە پێکەوە بین، وەکو پارتێکی یەکگرتوو بەرەو پێشەوە بڕۆین و شکست بە ترامپ بهێنین."

بایدن لە پڕۆگرامی مۆرنینگ جۆوی ئێم ئێس ئێن بی سیدا وتی " بەلامەوە گرنگ نیە ئەو ناوە گەورانە چی دەڵێن. ئەوان هەڵە بوون لە 2020 دا سەبارەت بە دەرفەتەکانی ترامپ لە بردنەوەی سەرۆکایەتیدا، لە 2024 یشدا هەڵەن." وتی " بە گشتی دیموکراتەکان دەیانەوێت لە کێبڕکێکەدا بمێنمەوە."

بایدن وتی " بێزاربووم بە بەرپرسە باڵاکانی ناو پارتەکە. زۆر زیاتر دەزانن، هەر کەسێک لەمانە کە پێی وانیە من بەربژێر بم، وەرە دژی من خۆت کاندید بکە. خۆت وەکو کاندید بۆ سەرۆکایەتی ڕابگەیەنە، لە کۆنگرەدا ڕووبەڕووم ببەرەوە."

کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکان بڕیارە لە مانگی هەشتدا لە شیکاگۆ بەڕێوەبچێت و تێیدا بە فەڕمی کاندیدی پارتەکە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ڕادەگەیەندرێت.

بڕیارە بایدن میوانداری کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانێتی ناتۆ بکات کە ڕۆژی سێشەممە لە واشنتن دەست پێدەکات و سێ ڕۆژ دەخایەنێت. ڕۆژی پێنجشەممەش کۆنفرانسێکی دەگمەنی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەدەبات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا