ئایا دەتوانرێت هەمواری 25 ی دەستوور بەکاربهێندرێت بۆ لابردنی بایدن؟

دەنگی ئەمەریکادەنگی ئەمەریکادوابەدوای مشتومڕە خراپەکەی لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هەوڵیداوە دڵنیایی بدات بە پارتی دیموکراتەکان لەسەر ئەوەی لە توانایدا هەیە بەردەوام بێت و لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی سەربکەوێت.

بەڵام داواکانی بەرپرسانی دیموکراتەکان و بەخشەرەکان بۆ لابردنی بایدن و دەستنیشانکردنی کەسێکی دیکە وەکو کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، پرسیارێکی دروست کردووە، ڕێکارە یاساییەکان چین بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە؟

یەکێک لە ڕێکارە یاساییەکان هەمواری 25 ی دەستووری ئەمەریکایە، کە باس لە جێگرتنەوەی سەرۆکایەتی دەکات.

سەرەڕای ئەوەی مامەڵە لەگەڵ پرسێکی گرنگدا دەکات، هەمواری 25 لە ساڵی 1967 دا پەسەند کراوە.

پێش ئەم هەموارە گرنگە، تەنها یەک هەموار هەبووە مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتەدا کردووە، هەمواری 2 ی دەستوور، کە تێیدا ئاماژە بەوە دەدات لە حاڵەتی مردنی سەرۆک یاخود دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆک یان نەمانی توانای سەرۆک بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی، دەبێت جێگری سەرۆک ئەرکەکانی سەرۆکایەتی بگرێتەدەست.

بەڵام ئەم هەموارە کەموکورتییەکی گەورەی تێدایە، هیچ شتێک ناڵێت سەبارەت بە دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ جێگرتنەوەی جێگری سەرۆک یان باس لەوە ناکات نەمانی توانای سەرۆک بۆ فەرمانڕەواییکردن چۆن دیاری دەکرێت، یان چۆن بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێت کە بەڵێ سەرۆک توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی نەماوە.

نەبوونی ڕوونییەک لەو بارەیەوە بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە لە سەرانسەری مێژووی ئەمەریکادا، جەیمس گارفیڵد و وودرۆو ویڵسن هەردووکییان بەشێکی سەرۆکایەتییان لە بێتواناییدا بەسەربرد، لە کاتێکدا کە لەو کاتەدا هیچ یاسایەک نەبوو بۆ ئەوەی جێگری سەرۆک کارەکانی سەرۆکایەتی بگرێتەدەست تەنانەت لە کاتێکیشدا کە سەرۆک لە ژیاندا مابێت.

دوای کوژرانی سەرۆک جۆن ئێف کەنەدی لە ساڵی 1963 دا، پێویستییەکی بەپەلەتر و گەورەتر دروستبوو بۆ ڕوونکردنەوەی یاساکان.

هەمواری 25 ی دەستوور کە سەرەتا لە ساڵی 1965 دا لەلایەن سیناتۆر بێرچ باییەوە پێشنیارکرا و دوو ساڵ دوای ئەوە پەسەند کرا، لە چوار بەش پێکهاتووە.

بەشی یەکەم جەخت لە هەمواری 2 ی دەستوور دەکاتەوە بەڵام زیاتر دەڕوات و ڕوونی دەکاتەوە کە لە حاڵەتی نەبوونی سەرۆکدا جێگری سەرۆک دەبێتە سەرۆکی نوێ و بە تەواوەتی پۆستەکە وەردەگرێت، نەک تەنها ئەرکەکانی سەرۆک وەربگرێت و ببێت بە سەرۆکی کاربەڕێکەر. ئەمە پێشتر ڕوون نەکرابووەوە و سەرەتا بووە هۆی دروستبوونی سەرلێشێوایی کاتێک جۆن تایلەر جێی ویلیام هێنری هاریسنی گرتەوە.

بەشی دووەم بۆشاییەکی هەستیاری پڕکردەوە، ئەوەش لە ڕێی خستەڕووی پڕۆسەیەکەوە بۆ دانانی جێگرێکی نوێی سەرۆک: دەستنیشانکردنی جێگرەکە لەلایەن سەرۆکەوە دەبێت و دەبێت لەلایەن هەردوو ئەنجومەنەکەی کۆنگرێسەوە پەسەند بکرێت.

بە ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، ئەم بەشە گرنگیی خۆی سەلماند، کاتێک جێگری سەرۆک سپیرۆ ئاگنیو بە تۆمەتی گەندەڵی دەستی لەکارکێشایەوە، سەرۆکی ئەو کاتە ڕیچارد نیکسن بەبێ جێگر مایەوە و لە کاتێکیشدا بوو کە ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بووەوە لەسەر بابەتی واتەرگەیت، نیکسن دەبووایە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کارڵ ئالبەرت شوێنی بگرتایەوە، ئەوەش بەپێی هەمواری جێگرتنەوەی سەرۆکایەتی ساڵی 1947.

بەڵام لە جیاتی ئەوەی ئەوە ڕووبدات، نیکسن بۆ یەکەمین جار هەمواری 25 ی بەکارهێنا بۆ دەستنیشانکردنی جیڕاڵد فۆرد وەکو جێگری سەرۆک. کەمتر لە ساڵێک دوای ئەوە، دوای ئەوەی نیکسن دەستی لە کارکێشایەوە فۆرد بوو بە سەرۆکی ئەمەریکا.

بەشی سێیەم ڕێگەیداوە بە سەرۆکێک خۆی ڕایبگەیەنێت کە ناتوانێت فەرمانڕەوایی بکات، ئەوەش لە ڕێی ئاگادارکردنەوەی سەرکردەکانی کۆنگرێسەوە بە شێوەیەکی فەڕمی، بەوپێیەش بە شێوەیەکی کاتی دەسەڵات و ئەرکەکانی دەگوازرێتەوە و جێگری سەرۆک دەبێتە سەرۆکی کاربەڕێکەر.

پێشتر ئەمە لە نێوان سەرۆک دوایت دی ئایزنهاوەر و جێگری سەرۆک ڕیچارد نیکسندا ڕوویداوە، نیکسن لەو کاتەدا چەندین جار ئەرکەکانی سەرۆکی وەرگرت کاتێک ئایزنهاوەر دەگوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە.

لەو کاتەوە، ئەم بەشە تەنها لەلایەن ڕۆناڵد ڕیگن و جۆرج دەبلیو بوش و جۆو بایدنەوە بەکارهێندراوە کاتێک نەشتەرگەرییان بۆ کراوە.

بەشی چوارەم ئاڵۆزترین بەشی هەمواری 25 ە، مامەڵە لەگەڵ ئەوەدا دەکات کێی تر جگە لە سەرۆک دەتوانێت ڕایبگەیەنێت کە سەرۆک لە توانایدا نیە ئەرکە فەڕمییەکانی جێبەجێ بکات.

بەشی چوارەم دەسەڵاتی ڕاگەیاندنەکە دەدات بە جێگری سەرۆک، لەگەڵ زۆرینەی ئەندامانی کابینەی سەرۆکایەتیدا، هەروەها ڕێگە بە کۆنگرێسیش دەدات ئەفسەری دیکەش دیاری بکات.

کۆنگرێس دوایین قسەشی دەبێت ئەگەر سەرۆک دژایەتی ئەو ڕاگەیاندنە بکات و لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگەکان هەیە بۆ ئەوەی بڕیار بدەن کە سەرۆک بە ڕاستی لە توانایدا نیە فەرمانڕەوایی وڵاتەکە بکات.

ئەم بەشە لە پڕۆسەی دوورخستنەوەی سەرۆک دەچێت لەوەدا ڕێگە دەدات بەرپرسانی دیکەی حکومەتەکە سەرۆکێک لە کارەکانی دووربخەنەوە

بەڵام بە پێچەوانەی دوورخستنەوەوە، بەشی چوارەم تەنها ڕێگە بە سەرۆکێک دەدات دووربخرێتەوە نەک لە ئۆفیسەکەی لاببرێت، جێگری سەرۆک دەبێتە سەرۆکی کاربەڕێکەر تاوەکو هەڵبژاردنی دواتر.

لە کاتێکدا دوورخستنەوەی سەرۆکێک بەهۆی کارێکی هەڵەوە یاخود سوکایەتیکردنەوە دەبێت بە دەسەڵاتەکانی، هەمواری 25 دەربارەی توانای سەرۆکە بۆ جێبەجێکردنی ئەو دەسەڵاتانە.

بەڵام مەودای ئەوەی کە بێتوانایی چی دەگرێتەوە، بە مەبەست بە کراوەیی هێڵدراوەتەوە. لە کاتێکدا کە دیارترین لێکدانەوە باری نائاسایی تەندروستییە، شارەزایانی دەستوور باسییان لە ئەگەری دیکەی وەک ڕفاندن و تێکچوونی کاتی یان ناکارامەیی لە ڕادەبەدەرییان کردووە.

لە ڕاستیدا چەند سنوورێکی کەمی فەڕمی هەن لەسەر ئەوەی دەتوانرێت چی وەکو بێتوانایی سەرۆک سەیر بکرێت، بەڵام ئەمەش لە کاتێکدا کە ئەگەر جێگری سەرۆک و زۆرینەی ئەندامانی کابینەکە و زۆرینەی کۆنگرێس هاوڕا بن لەسەرییان.

لە کاتێکدا کە بەشی چوارەم هەرگیز بەکارنەهێندراوە، ئەگەری بەکارهێنانی لە ڕابردوودا وروژێندراوە، لە دوای 6 ی مانگی یەکی ساڵی 2021 کاتێک لایەنگرانی دانۆڵد ترامپ هێرشییان کردە سەر بینای کاپیتۆڵ، بەکارهێنانی ئەو بەشە باسی لێوەکرا.

دیموکراتەکان و هەندێک لە کۆمارییەکان داوایان لە جێگری سەرۆک مایک پێنس کرد هەمواری 25 بەکاربهێنێت، ئاماژەیان بەوەدا کە ترامپ نایەوێت ڕێگری لەو ڕووداوە بکات یاخود نایەوێت دەسەڵاتەکانی بەکاربهێنێت بۆ ڕاگرتنی پشێوییەکە.

لە کاتێکدا کە هەموارەکە بەکارنەهێندرا، دیموکراتەکان لە هەفتەکانی کۆتایی سەرۆکایەتی ترامپدا دەستییان کرد بە پڕۆسەی دوورخستنەوەی ترامپ لە سەرۆکایەتی.

ئێستا، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریسە کە ڕووبەڕووی داواکان بووەتەوە بۆ بەکارهێنانی هەمواری 25 تاوەکو دەسەڵات لە بایدن وەربگیرێتەوە، بە نوسراوێکی فەڕمیشەوە کە لەلایەن نوێنەری کۆمارییەکان چیپ ڕۆیەوە پێشکەشکراوە.

بەڵام زۆرێک لە داواکان بۆ دەستبەرداربوونی بایدن لە کاندیدبوونی لەلایەن لایەنگرانی پارتی دیموکراتەکانەوە بوون، کە نیگەرانن لە تەمەن و توانای بایدن و پێیان وایە هاریس باشترە ببێتە سەرۆکی کاربەڕێکەر و بەرەو هەڵبژاردنەکان بڕوات.

بەڵام دەستوور پێوەرێکی زۆر بەرزی داناوە بۆ لابردنی سەرۆکێک کە بە شێوەیەکی دیموکراسییانە هەڵبژێردراوە.

هەمواری 25 ی دەستوور دڵنیا بووەتەوە لەوەی تەنها خەڵکانێک دەتوانن بەکاریبهێنن کە لە ناو سەرکردایەتییەکەی بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک خۆیدا بن، ئەوانەی کە هەرگیز دژایەتی سەرۆک ناکەن چونکە لەگەڵیدان.

پلانێکی جێگری سەرۆک بۆ پێشکەشکردنی ڕاگەیاندنەکە بە کۆنگرێس دەبێت بە نهێنی بکرێت بۆ ئەوەی ئەندامی زیاتری کابینەکە ڕازی بکات واژۆی بکەن، چونکە سەرۆک دەکرێت هەر ئەندامێکی کابینەکە دووربخاتەوە ئەگەر بزانێت بە ئاشکرا هەوڵیداوە سەرۆک لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.

بەڵام تا ئەمڕۆش ئەو کارە نەکراوە. بەکارهێنانی هەمواری 25 هێشتا بە گریمانەیەکی دوور لە چاوەڕوانی ماوەتەوە، هەرچەندە ڕەنگە بوونی هەموارەکە هێشتا کاریگەری لەسەر گفتوگۆکانی نێو پارتەکە هەبێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا