نینیستۆ: ئاسایشی سوید لاواز نابێت ئەگەر فینلەندا سەرەتا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ

سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ

سەرۆکی فینلەندا دەڵێت تەنانەت ئەگەر فینلەنداش سەرەتا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ ئاسایشی سوید لە دۆخێکی لاوازدا نابێت، لە کاتێکدا کە دوو وڵاتەکەی باکووری ئەوروپا دانوستان دەکەن بۆ ڕێککەوتنی سەربازی دوو لایەنانە لەگەڵ ئەمەریکادا.

سەرۆکی فینلەندا ساولی نینیستۆ لە چاوپێککەوتنێکدا کە لە کەناڵی ئێس ڤی تی سوید بڵاوکرایەوە دەڵێت " ڕێی تێدەچێت فینلەندا پێش سوید ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، ئایا دەبوو پێشنیارەکەی تورکیامان بۆ پەسەندکردنی داواکەمان ڕەت بکردایەوە؟ ئەوە تۆزێک شێتانەیە. زۆر قورس دەبوو ئەگەر بە ئەنکەرەمان بووتایە نەخێر."

نینیستۆ ئاماژەی بە سەردانەکەی ڕۆژی هەینیدا بۆ ئەنکەرە کە تیایدا سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی حکومەتەکەی داواکەی فینلەندا بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا پەسەند دەکات، ئەوەش ڕێگە خۆش دەکات لەبەردەم فینلەندادا تاوەکو ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتییە سەربازییەکەدا، ئەردۆغان وتیشی هێشتا داواکەی سوید پەسەند ناکات هەتاوەکو ناکۆکییەکانی نێوان ئەنکەرە و ستۆکهۆڵم چارەسەر نەکرێن.

ساڵی ڕابردوو دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، سوید و فینلەندا داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەمەش دەستبەرداری دەیان ساڵ لە بێلایەنی سەربازیی خۆیان بوون.

بوون بە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ پێویستی بەوەیە سەرجەم 30 ئەندامەکەی ناتۆ داواکەی ئەو وڵاتە بۆ ئەندامێتی پەسەند بکەن، تاوەکو ئێستا تەنها تورکیا و هەنگاریا هێشتا داواکانی سوید و فینلەندایان پەسەند نەکردووە.

زۆرێک لە شارەزایانی ئاسایشی سوید پێیان وایە درێژبوونەوەی گفتوگۆکانی سوید و تورکیا سەبارەت بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا ڕەنگە ستۆکهۆڵم بخاتە دۆخێکی سەربازیی لاوازەوە لە ناوچەی دەریای باڵتیکدا.

نینیستۆ وتی لە ئێستادا فینلەندا و سوید و دانیمارک بە شێوەیەکی جیا لەگەڵ ئەمەریکادا لە گفتوگۆدان سەبارەت بە بابەتەکانی ئاسایش، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دوو لایەنانەی سەربازی کە هاوشێوەی ئەو ڕێککەوتنە بێت کە نەرویج لە ڕابردوودا لەگەڵ ئەمەریکادا واژۆی کردووە.

نینیستۆ وتی " پێم وایە ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە، نزیک دەبێتەوە لەوی گەورەتر بێت لە ئەندامێتی ناتۆ. زۆر باش دەبێت ئەگەر ئێمە ( وڵاتانی باکوور ) هەموومان ڕێککەوتنی ڕاستەوخۆ و هاوشێوەی سەربازییمان لەگەڵ ئەمەریکادا هەبێت."

سەرچاوە/ AP