لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا پارێزراوێکی خامنەئی و میانڕەوێک ڕووبەڕووی یەکتر دەبنەوە

مەسعود پزیشکیان

لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا کە بڕیارە لە 5 ی مانگی حەوتدا بەڕێوەبچێت، یاسادانەرێکی میانڕەو ڕووبەڕووی پارێزراوێکی خامنەئی دەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی شەممە وەزارەتی ناوخۆی ئێران وتی هیچ بەربژێرێک دەنگی تەواویی بە دەست نەهێناوە بۆ ئەوەی لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت.

هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی هەینی بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک تاوەکو شوێن ئیبراهیم ڕەئیسی بگرێتەوە کە لە ڕووداوێکی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیدا گیانی لە دەستدا، بووەتە کێبڕکێیەکی نزیکی نێوان دوو بەربژێر، یەکێکییان مەسعود پزیشکییانی یاسادانەرە کە کەسایەتییەکی دیار نیە لە ئێراندا و تەنها میانڕەو بووە لە چوار بەربژێرەکەدا، ئەوی دیکەیان ئەندامی سوپای پاسدارانی ئێران سەعید جەلیلییە.

وەزارەتی ناوخۆی ئێران وتی هیچ کام لە بەربژێرەکان لە سەدا 50 و یەک دەنگیییان بە دەست نەهێناوە کە پێویستە بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا، پزیشکیان زیاتر لە 10 ملیۆن دەنگی بە دەستهێناوەوە و لە پێش جەلیلییەوەیە کە زیاتر لە 9.4 ملیۆن دەنگی بە دەستهێناوە.

دەسەڵاتی ڕەها لە ئێران دواجار لە دەستی ڕابەری باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامنەئیدایە، لەبەرئەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەکە نابێتە هۆی دروستبوونی گۆڕانکارییەکی گەورە لە سیاسەتی ئەتۆمی ئێراندا یاخود پشتیوانییەکانی بۆ گروپە چەکدارییەکان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بەڵام سەرۆک ڕۆژانە وڵاتەکە بەڕێوەدەبات و دەتوانێت کاریگەریی لەسەر تۆنی سیاسەتی ئێران هەبێت.

دامەزراوە ڕۆحانییەکەی ئێران هیوایان دەخواست ڕێژەیەکی زۆرتر بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن لە کاتێکدا کە ڕووبەڕووی قەیرانی ڕەوایی بووەتەوە کە بەهۆی ناڕەزایی گشتییەوە دروست بووە لەسەر کێشە ئابوورییەکان و سنووردارکردنی ئازادییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵک. بەڵام بەپێی وەزارەتی ناوخۆی ئێران، هەڵبژاردنەکەی ڕۆژی هەینی ڕێژەی بەشداریکردن تێیدا بە شێوەیەکی مێژوویی کەم بووە و نزیکەی لە سەدا 40 بووە.

هەڵبژاردنەکەش لە نێوەندی زیادبوونی گرژییەکاندا دێت لە ناوچەکەدا، ئەوەش بەهۆی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس لە غەززە و حزبوڵا لە لوبنان، کە هەردووکییان لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، هەروەها لە نێوەندی زیادبوونی فشارەکانی ڕۆژئاوادا دێت بۆ سەر ئێران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە زۆر بە خێرایی پەرەی پێدەدات.

لەلایەکی دیکەوە سەعید جەلیلی کە پێشتر دانوستکاری ئەتۆمی ئێران بووە، بۆچوونەکانی پێچەوانەی بۆچوونەکانی پزیشیکیانە. شیکەرەوەکان دەڵێن سەرکەوتنی جەلیلی ڕەنگە ئاماژەیەک بێت لەسەر ئەگەری بەردەوامبوونی سیاسەتەکەی ئێستای کۆماری ئیسلامی لەسەر ئاستی دەرەوە و ناوخۆشدا.

بەڵام سەرکەوتنی پزیشیکیانی میانڕەو ڕەنگە یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوادا، هەروەها باشکردنی دەرفەتەکان بۆ چاکسازی ئابووریی و ئازادی کۆمەڵایەتی و فرەخوازیی سیاسیی.

پزیشکیان فەرمانڕەوایی ثیۆکراتییەکەی ئێران پەیڕەو دەکات و لەلایەن ئەو فراکسیۆنە چاکسازیخوازەوە پشتیوانی لێدەکرێت کە لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئێران پەراوێزخراون.

پزیشکیان دوای ئەوەی دەنگیدا وتی " ڕێز لە یاسای باڵاپۆشی دەگرین، بەڵام هەرگیز نابێت هیچ ڕەفتارێکی نامرۆییانە هەبێت بەرامبەر ژنان."

پزیشکیان ئاماژەی بە مەرگی ژینا ئەمینیدا کە ژنێکی کورد بوو لە ساڵی 2022 دا لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا، دەستبەسەرکردنی ژینا گوایە لەسەر ئەوە بووە یاساکانی باڵاپۆشی ئێرانی پێشێل کردووە. مەرگی ژینا ئەمینی بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە ئێراندا و بووە هۆی دروستبوونی گەورەترین ناڕەزایی دەربڕین دژی حکومەتەکەی ئێران.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز