لە ئێرانی دابەشبوودا، مردنی سەرۆک کۆمار بە ماتەمینی بێدەنگ و ئاهەنگگێڕان بە دزییەوە وەڵام درایەوە

تاران

ئێران پێنج ڕۆژی ماتەمینی ڕاگەیاند بەهۆی مردنی سەرۆک ئیبراهیم ڕەئیسییەوە ، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی کەشە بێدەنگەکە کەمێکی لە خەم و پەژارەی خەڵکەکە دەرخست کە پێشتر بۆ گیان لە دەستدانی کەسایەتییە باڵاکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی ئێران خەم و پەژارەیەکی گەورە لە خەڵکەکەوە بیندراوە.

لە کاتێکدا کە لایەنگرانی حکومەتەکە ڕوویان کردە مزگەوتەکان و گۆڕەپانەکان بە مەبەستی نزاکردن بۆ ڕەئیسی و وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان، کە هەردووکییان لە کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێکدا گیانییان لە دەستدا، زۆربەی دوکانەکان بە کراوەیی مانەوە و بەرپرسانیش هەوڵێکی ئەوەندە زۆرییان نەدا بۆ وەستاندنی ژیانی ئاسایی.

ساڵێک دوای ئەوەی حکومەتە توندڕەوەکەی ڕەئیسی بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستیکرد بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت، ڕکابەرەکانی ڕەئیسی ڤیدیۆی ئاهەنگگێڕانییان بە دزییەوە بڵاوکردەوە و شیرینیییان دەبەخشییەوە بە بۆنەی مەرگی ڕەئیسییەوە.

لەیلای تەمەن 21 ساڵ کە لە تاران خوێندکارە، لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە بە ڕۆیتەرزی وت دڵگران نەبووە بە مردنی ڕەئیسی " چونکە ئەو فەرمانیکردووە بە سەرکوتکردنی ژنان لەسەر باڵاپۆشی."

لەیلا وتی " بەڵام دڵگرانم بەوەی کە تەنانەت لەگەڵ مردنی ڕەئیسیشدا، ئەم ڕژێمە ناگۆڕێت."

گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن سەدان هاووڵاتی ئێرانی لە خۆپیشاندانەکانی 2022-2023 دا گیانییان لە دەستداوە، کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەریانهەڵدا، دەستگیرکردنی ژینا گوایە بەهۆی ئەوەوە بووە کە یاساکانی باڵاپۆشی پێشێل کردووە.

چۆنێتی مامەڵەی بەرپرسانی ئێران لەگەڵ قەیرانە سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بووەتە هۆی ئەوەی بۆشاییەکەی نێوان فەرمانڕەوا ئایینییەکان و کۆمەڵگە زیاتر ببێت.

لایەنگرانی دەسەڵاتە ئایینییەکەی ئێران بە خۆشەویستییەوە باسییان لە ڕەئیسی کردووە. محەمەد حوسەین زەڕابی تەمەن 28 ساڵ کە ئەندامە لە گروپی چەکداریی خۆبەخشی باسیج لە شاری پیرۆزی قومی شیعەکان، دەڵێت " ڕەئیسی سەرۆکێکی ماندوونەناس بوو. میراتەکەی هەتاوەکو ئێمە لە ژیاندا بمێنینەوە دەمێنێتەوە."

بەڵام خەم و پەژارەکان لەسەر مردنی سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی بە بەراورد لەگەڵ ئەو کاتانەدا کە کەسایەتییە سیاسییەکانی دیکە مردوون کەم بووە، بۆ نموونە قاسم سولەیمانی، کە فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران بوو لە ساڵی 2020 دا لە هێرشێکی ئاسمانی ئەمەریکادا لە عێراق کوژرا، پرسەی قاسم سولەیمان هەزاران کەسی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، خەڵکەکە دەگریان و توڕە بوون.

ئەو کەسانەی کە دژی دەسەڵاتە مەلاییەکەی ئێرانن، لە ناوخۆ و دەربەدەریشدا، لە ساڵەکانی هەشتاکانەوە ڕقییان لە ڕەئیسییە، لەو کاتەوە کە ڕەئیسی لۆمە کرا بەوەی ڕۆڵی سەرەکی هەبووە لە کوشتنی ئەو کەسانەدا کە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. ئێران هەرگیز دانی بەوەدا نەناوە کە لە سێدارەدانی بە کۆمەڵی ئەنجام دابێت، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی ئامنستی دەڵێت 5000 ئێرانی کە ڕەنگە زیاتریش بووبێتن، لە دە ساڵی یەکەمی دوای شۆڕشی ئیسلامیدا کوژراون.

سۆران مەنسورنیەی بەکارهێنەری ئینتەرنێت لە مشتومڕێکی ئۆنلایندا سەبارەت بە مەرگی ڕەئیسی نوسیویەتی " پیرۆزبایی لە خێزانەکانی قوربانییانی لە سێدارەدانەکان دەکەم."

بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن مردنەکەی ڕەئیسی " مەرگێکی شەهیدانە " بووە.

زۆرێک لە ئێرانییەکان دەڵێن پێشبینی ئەوە دەکەن مەرگی ڕەئیسی کاریگەریی نەبێت لەسەر چۆنێتی فەرمانڕەواییکردنی وڵاتەکە، دامەزراوەکەش ڕەنگە کەسایەتییەکی دیکە لە شوێنی ڕەئیسی دابنێت کە بۆچوونەکانی هاوشێوەی بۆچوونەکانی ڕەئیسی بێت.

ڕەزای تەمەن 47 ساڵ کە دوکانێکی هەیە لە ناوەڕاستی شاری یەزد وتی " گرنگ نییە، توندڕەوێک مرد و توندڕەوێکی دیکە دێتە سەر دەسەڵات و ئازار و ناخۆشی ئێمەش بەردەوام دەبێت."

وتی " ئێمە ئەوەندە سەرقاڵین بە پرسە ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانەوە کاتی ئەوەمان نییە نیگەرانی ئەو جۆرە هەواڵانە بین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز