دادگای فیدراڵی عێراق تانەکانی لەسەر یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق ڕەتکردەوە و بڕیاریدا بە یاسایی بوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، لەمەودواش پەرلەمانی عێراق دەتوانێت دەست بەکاربێت و هەنگاوەکانی بۆ هەڵبژاردنی پۆستی سەرۆک کۆمار و پێکهێنانی حکومەت بگرێتەبەر.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، جەمال ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی، دەڵێت "دوای بڕیارەکەی دادگی فیدراڵی، پەرلەمان دەتوانێت دەست بە ئیش و کارەکانی بکات، دەبێت تا ڕۆژی 8ی مانگی 2 بانگهێشتی پەرلەمانتاران بکات بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار."
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق لەکاتێکدایە، تا ئێستا یەکێتی و پارتی لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، لەوبارەیەوە جەمال ئەحمەد دەڵێت "گەر لەبەغدا یەکدەنگ بین، بەهێزتر دەبین، گەر بە پەرتەوازەیی بچین، هیچ حسابێکمان بۆ ناکرێت لەلایەن شیعە و سونەوە."
جەختیکردەوە"ژمارەی کورسیەکانی کورد ناگاتە 63 کورسی، گەر پارچە پارچە بین، هێزمان دابەش دەبێت و حسابمان بۆ ناکرێت."
جەمال ئەحمەدی پەرلەمانتار، ڕۆیشتنی وەفدی حیزبی بۆ بەغدا بەکارێکی نەگونجاو وەسفدەکات و دەڵێت"ئێمە دەبێت دانوستانی حیزبی نەکەین، بەڵکو دانوستانی نیشتیمانی بکەین، گەر دانوستانی نیشتیمانیمان کرد، ئەوکات ناچینە نێو حکومەتەوە بەبێ جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵکی کوردستان."
سەبارەت بە کاندید جیایی یەکێتی و پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، جەمال ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق وتی"گەر یەکێتی و پارتی بە دوو بەربژێری جیاوە بێنە نێو پەرلەمان، ڕەنگە سیناریۆی ڕابردوو دووبارە بێتەوە، کاتێک بەرهەم ساڵەح بووە سەرۆک کۆمار، لاکەی تر ئەنجامەکەیان قەبوڵ نەبوو، سەرۆک کۆمار شەش مانگ نەهاتە هەرێم."
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق بۆ یاسایی بوونی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، لەمەودوا لەلایەن دەزگا یاساییەکانی عێراقەوە لێکۆڵینەوە لەو کاندیدانە دەکرێت کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندیدکردووە، تا هەر کاندیدێک گرفتی یاسایی هەبوو، دووربخرێتەوە.
دەقی ڕاپۆرتی پەیامنێرمان دڵشاد ئەنەوەر
Your browser doesn’t support HTML5