ئیسڕائیل دەڵێت بەرپەرچی موشەکێکی داوەتەوە کە لە کەرتی غەزەوە هەڵدراوە

سوپای ئیسڕائیل دەڵێت چەکداران موشەکێکیان بە ئاڕاستەی باشووری ئیسڕائیل هەڵداوە و زەنگەکانی ئاگادارکردنەوەی موشەک لێدراون.

سوپای ئیسڕائیل وتی موشەکەکە لە کەرتی غەزەوە هەڵدراوە و بەرپەرچ دراوەتەوە. زۆرجار ئیسڕائیل بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی موشەکەکان دەداتەوە، ئەوەش ئەگەری پەرەسەندنی گرژییەکان زیاتر دەکات.

دانیشتوانی ناوچەکە باسیان لەوە کردووە گوێیان لە دەنگی تەقینەوە بووە. دەزگای فریاکەوتنی ئیسڕائیل وتی هیچ هەواڵێکی پێنەگەیشتووە لەسەر کەوتنەوەی زیانی گیانی، جگە لەو ئافرەتە تەمەن 50 ساڵەی کە لەو کاتەدا ڕایکردووە بۆ پەناگەیەک کەوتووە و بریندار بووە.

ئەم هێرشە موشەکییەش دوای ئەوە دێت گروپی چەکداری حەماسی فەرمانڕەوا لە کەرتی غەزە هەڕەشەی لە ئیسڕائیل کردووە دژی هەڵوێستە توندەکەی وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی ئیسڕائیل ئیتامار بێن گڤیر کە بەڵێنیداوە بە توندی مامەڵە لەگەڵ ئەو فەڵەستینییانەدا بکات کە لە زیندانییەکانی ئیسڕائیل دەستبەسەرکراون.

بێن گڤیر وتی هەڵدانی موشەکەکە لە غەزەوە ڕێگری لێناکات لە جێبەجێکردنی سیاسەتی سزادانی دەستبەسەرە فەڵەستینییەکاندا. هەروەها داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی کابینەی ئاسایشی
کرد بۆ تاوتوێکردنی وەڵامێک.

سەرچاوە/ AP