کۆسۆڤۆ: لە پێکدادانەکاندا لەگەڵ خۆپیشاندەرە سڕبییەکان سەربازانی ناتۆ بریندار بوون

لە میانەی بەرگریکردن لە سێ بەڕێوبەرایەتی باکووری کۆسۆڤۆ نزیکەی 25 سەربازی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە پێکدادانەکاندا لەگەڵ خۆپیشاندەرە سڕبییەکاندا برینداربوون، هاوکات سەرۆکی سڕبیا سوپای وڵاتەکەی خستۆتە ئامادەباشی شەڕکردنەوە.

نوێنەری هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ سەرکۆنەی توندوتیژییەکانی کرد.

نوێنەری ناتۆ لە کۆسۆڤۆ لە بەیاننامەیەکدا وتی " لە ماوەی ڕووبەڕووبوونەوەی گردبوونەوەیەکی چالاکدا، چەند سەربازێکی ئیتاڵیا و هەنگاریی سەر بە نێردەی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ بەهۆی هێرشی بێ بیانووەوە بریندار بوون و بەهۆی تەقینەوەی ئامێرە سوتێنەرەکانەوە هەندێکیان شکان و سوتاوییان هەیە."

وەزیری بەرگری هەنگاریا کریستۆف سزالای وتی حەوت سەربازی هەنگاریا بە سەختی بریندار بوون و دەبرێنەوە بۆ هەنگاریا بەمەبەستی وەرگرتنی چارەسەر. وتی 20 سەرباز بریندار بوون، سەربازانی ئیتاڵیاش لە پێکدادانەکاندا بریندار بوون.

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیا میڵۆنی وتی " ئەوەی ڕوودەدات بە دڵنیاییەوە جێی قبوڵکردن نیە و نابەرپرسانەیە. خۆ بەدوورگرتن لە کاری تاکلایەنانە لەلایەن بەرپرسانی کۆسۆڤۆوە زۆر گرنگە و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێت دەستبەجێ هەنگاو بەرەو دواوە بنێن و گرژییەکان کەم بکەنەوە."

سەرۆکی سڕبیا ئالیکساندەر ڤوچیک وتی 52 هاوڵاتی سڕبی بریندار بوون، سێ کەسییان بە سەختی بریندار بوون.

سەرۆکی کۆسۆڤۆ ڤۆسا ئوسمانی هاوتا سڕبییەکەی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ناجێگیرکردنی کۆسۆڤۆ.

ئوسمانی وتی " پێکهاتە نایاساییەکانی سڕب کە کراونەتە باندی تاوانکاری هێرشییان کردۆتە سەر پۆلیسی کۆسۆڤۆ و ئەفسەرانی ئاشتی پارێزی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە کۆسۆڤۆ و ڕۆژنامەنووسان. ئەوانەی کە فەرمانەکانی ڤوچیک جێبەجێ دەکەن بۆ ناجێگیرکردنی باکووری کۆسۆڤۆ، دەبێت ڕووبەڕووی داد ببنەوە."

ڤوچیک سەرۆک وەزیری کۆسۆڤۆ ئالبین کورتی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی دروستکردنی گرژییەکان، داوای لە سڕبییەکانی کۆسۆڤۆ کرد خۆیان بە دوور بگرن لە پێکدادان لەگەڵ سەربازانی ناتۆدا.

گرژییەکان دوای ئەوە دەستییان پێکرد سەرۆکی شارەوانی بە ڕەچەڵەک ئەلبانی بۆ شارەوانییەکانی باکووری کۆسۆڤۆ هەڵبژێردران کە زۆرینەی دانیشتوانی باکووری ئەو وڵاتە سڕبین. سڕبییەکان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی شارەوانییان کرد، ئەو هەنگاوەش بووە هۆی ئەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی سەرکۆنەی کۆسۆڤۆ بکەن.

لە شاری زڤیکان کە یەکێکە لەو شارانەی گرژییان تێدا دروست بووە، پۆلیسی کۆسۆڤۆ گازی فرمێسک ڕژێنییان دژی خۆپیشاندەرە سڕبییەکان بەکارهێنا کە دزەیان کردە بەربەستەکەی ئاسایشەوە و هەوڵیاندا بچنە ناو بینای شارەوانی شارەکەوە و ڕێگە نەدەن سەرۆکی هەڵبژێردراوی نوێی شارەوانی بچێتە بیناکەوە.

خۆپیشاندەرە سڕبییەکان لە زڤیکان گازی فرمێسک ڕژێن و نارنجۆکی بێهۆشکەرییان بە ئاڕاستەی سەربازانی ناتۆ هەڵدا. سڕبییەکان بە هەمان شێوە شەڕییان لەگەڵ پۆلیسی کۆسۆڤۆدا کرد لە زڤیکان و لەسەر ئوتومبێلەکانی ناتۆ بە بۆیە پیتی " Z " یان نوسی، وەکو ئاماژەیەک بۆ نیشانەیەکی ڕووسیا کە لە جەنگەکەیدا لە ئۆکرانیا بەکاریدەهێنێت.

لە شاری لیپۆساڤیک کە نزیکە لە سنووری سڕبیاوە، هێزە ئاشتی پارێزەکانی ئەمەریکا بە جلوبەرگی ڕووبەڕووبوونەوەی کاری تێکدارانەوە تەلی چقڵدارییان لە دەوروبەری بەڕێوبەرایەتییەکی شارەکە دانا تاوەکو بیپارێزن لە سەدان هاوڵاتی توڕەی سڕبی.

شایەتحاڵان دەڵێن هێزە ئاشتی پارێزەکانی ناتۆ بەڕێوبەرایەتییەکی زوبین پاتۆکیشیان داخستووە تاوەکو بیپارێزن لە سڕبییە توڕەکان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز