هاوپەیمانێکی پوتن: ڕووسیا چەکی بۆ لە ناوبردنی هەر دوژمنێک هەیە، ئەگەر بوونی بکەوێتە مەترسییەوە

نیکۆلای پاتروشیڤ

هاوپەیمانێکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هۆشداری دەدات و دەڵێت ڕووسیا چەکی هەیە بۆ لە ناوبردنی هەر دوژمنێک، بە ئەمەریکاشەوە، ئەگەر هاتوو بوونی ڕووسیا بکەوێتە مەترسییەوە، واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی دەسەڵاتی ئەتۆمی ڕووسیای " بە کەم زانیوە."

لێدوانەکانی سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی ڕووسیا نیکۆلای پاتروشیڤ، نوێترین لێدوانی بەرپرسانی باڵای ڕووسیان سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی جەنگێکی ئەتۆمی لە نێوان دوو وڵاتە زلهێزەکەدا، کە خاوەنی زۆرترین چەکی ئەتۆمین لە جیهاندا، مۆسکۆ دەڵێت دەیەوێت خۆی بە دووربگرێت لەو جۆرە ململانێیە.

پاتروشیڤ بە ڕۆژنامەی ڕووسیسکایا گازێتای ڕووسیای وت " سیاسییەکانی ئەمەریکا لە پڕوپاگەندەی خۆیاندا گیرییان خواردووە و هێشتا پێیان وایە لە حاڵەتێکدا ئەگەر بکەونە ململانێیەکی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ ڕووسیادا ئەمەریکا لە توانایدا هەیە هێرشی موشەکی ڕێگریکردن ئەنجام بدات و دوای ئەوە ڕووسیا چیتر ناتوانێت وەڵام بداتەوە. ئەمە کورتبینییەکی ناژیرانە و مەترسیدارە."

وتی " ڕووسیا ئارامە و بە دەسەڵاتە سەربازییەکەی هیچ کەس ناترسێنێت. بەڵام چەکی هاوچەرخی نموونەیی هەیە کە لە توانایاندا هەیە هەر دوژمنێک لە ناوببەن، بە ئەمەریکاشەوە، ئەگەر هاتوو مەترسی لەسەر بوونی ' ڕووسیا ' هەبێت."

ڕووسیا ئاماژەی بەوەداوە یەکێک لە هۆکارەکانی ڕەوانەکردنی هەزاران سەرباز بۆ ناو ئۆکرانیا ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئاسایشییەکانی سەر وڵاتەکەی بووە کە لە نزیکبوونەوەی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆوە سەرچاوەی گرتووە.

لەو کاتەوە ڕووسیا بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو، ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی هەڕەشەکردن لە ڕووسیا بە چەکی ئەتۆمی، هاوکات مۆسکۆ چەندین جار باسی لە ئامادەیی چەکە ئەتۆمییەکانی کردووە لە دۆخە زۆر خراپەکاندا ئەگەر هاتوو بوونی ڕووسیا وەکو دەوڵەت بکەوێتە مەترسییەوە.

ڕۆژی شەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ڕایگەیاند چەکی تەکتیکی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیر دەکات، بەمەش هۆشدارییەکیدا بە ناتۆ دژی یارمەتییە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتییەکە بۆ کیێڤ و " پەرەدان بە ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز