سەرۆکی هەواڵگری ڕووسیا دەڵێت لەگەڵ بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکادا گفتوگۆیان لەسەر ئۆکرانیا کردووە

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ڕووسیا سێرگێی ناریشکین

سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ڕووسیا سێرگێی ناریشکین لە چاوپێکەوتنێکدا کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە دەڵێت لە کۆبوونەوەیەکدا لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا لەگەڵ بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنسدا باسییان لە پرسی ئەتۆمی و ئۆکرانیا کردووە.

بێرنس و ناریشکین لە 14 ی مانگی یانزەدا لە تورکیا کۆبوونەوە، ئەوەش یەکەمین کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی ئاست بەرزی نێوان ڕووسیا و ئەمەریکا بووە لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا.

پێشتر ڕووسیا هیچ لێدوانێکی نەداوە لەسەر ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا باس لە چی کراوە، وتوویەتی بابەتەکە هەستیار بووە. واشنتن وتی بێرنس هۆشداری داوەتە ڕووسیا لەسەر دەرەنجامەکانی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ڕووسیاوە.

بەرپرسی کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ ئیلیزابێث ڕوود بە دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی وت بێرنس " گفتوگۆی لەسەر هیچ شتێک نەکردووە و باسی لە چارەسەریش نەکردووە بۆ ململانێکانی ناو ئۆکرانیا."

ناریشکین بە ئاڕ ئای ئەی وت " لەلای خۆمەوە، لێدوانەکەی خاتوو ڕوود پشتڕاست دەکەمەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم بڵێم ئەو شتانەی کە زۆر وتران لە کۆبوونەوەکەدا ' جێگیری ستراتیژی ' و " ئاسایشی ئەتۆمی ' و " ئۆکرانیا ' و ' ڕژێمی کیێڤ ' بوون."

هاوکات لێدوانێکی دیکەی ڕوودی پشتڕاست کردەوە لەسەر ئەوەی ڕووسیا و ئەمەریکا کەناڵێکیان هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ مەترسییەکاندا و ئەگەر پێویستیش بکات بۆ گفتوگۆیەکی دیکەی لەو شێوەیە، ئەوا دەکرێت ئەنجام بدرێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز