سوریا هەوڵی ڕاگرتنی پێشڕەوییەکانی گروپە چەکدارییەکان دەدات

ڕۆژی یەکشەممە سوپای سوریا دەستیکرد بە ڕەوانەکردنی هێزی پشتیوانی بۆ ڕاگرتنی پێشڕەوییەکانی گروپە چەکدارییەکان بەرەو حەمای باکوور، ئەوەش دوای ئەوەی گروپە چەکدارییەکان لە هێرشێکی کتوپڕدا حەلەب و ناوچە ستراتیژییەکانی دەوروبەرییان گرت.

گروپە چەکدارییەکان بە سەرکردایەتی حەیات تەحریر ئەلشام ڕۆژی شەممە زۆربەی شاری حەلەبییان کۆنتڕۆڵ کرد و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە چوونەتە ناو شاری حەماشەوە. ئەو بانگەشەیە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە. فەرماندەی گروپە چەکدارییەکە کۆلۆنێڵ حەسەن عەبدولغەنی وتی چەکدارەکان کۆنتڕۆڵی شێخ نەجارییان کردووە کە بە شاری پیشەسازی حەلەب دادەنریت و دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە. وتیشی کۆنتڕۆڵی ئەکادیمیای سەربازیی حەلەب و کۆلێژێکی تۆپهاوێژییان لە باشووری ڕۆژئاوای حەلەب کۆنتڕۆڵ کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران عەباس عەرەقچی دواتر لە ڕۆژی یەکشەممەدا سەردانی دیمەشقی دەکات. وتی تاران پشتیوانی لە حکومەت و سوپای سوریا دەکات.

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی گروپی چەکداریی حەیات تەحریر ئەلشام و " سوپای نیشتیمانی " دوو شارۆچکە و بنکەیەکی ئاسمانییان لە حەلەب کۆنتڕۆڵ کردووە.

گوتی شەڕەکە بووەتە هۆی کوژرانی نۆ سەربازیی سوریا و حەوت سەربازی دیکەش لەلایەن چەکدارەکانەوە دەستگیرکراون.

گوتیشی لە هەمان کاتدا شەڕێکی توند لە نێوان هێزە کوردییەکان و سوپای نیشتیمانی بە سەرکردایەتی تورکیا لە ناوچەی پیشەسازی شێخ نەجار ڕوویداوە، وتیشی لەو شەڕەدا چەکی قورس بەکارهێندراوە.

لەلایەکی دیکەوە حەیات تەحریر ئەلشام لە قەراغ شاری حەلەب کۆنتڕۆڵی وێستگەیەکی کارەبا و کۆلێژێکی سەربازیی تۆپهاوێژ و ئەکادیمیای سەربازیی کردووە.

پێشتریش لەمڕۆدا ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی هێزەکانی حکومەتی سوریا ژمارەیەکی زۆر لە هێزی پشتیوانییان ڕەوانە کردووە و هێڵێکی بەرگری پتەوییان لە شاری تەیبەت ئەل ئیمام و شارۆچکەکانی کەتاب و سورانی باکووری حەما و شارەکانی ئەل سوقەیلابیە و مەهرادا دامەزراندووە.

سەرچاوە/ AP