دوای هەوڵی کوشتنی ترامپ، خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا پشتگیری خۆی بۆ پۆلیسی ناوخۆ دەردەبڕێت

وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ئالیخاندرۆ مایۆرکاس

ڕۆژی سێشەممە خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا پشتگیری خۆی بۆ هاوبەشەکانی ئاسایش و پۆلیس دەربڕی، ئەوەش لە نێوەندی ڕەخنەکاندا لە ئاسایشی گردبوونەوە سیاسییەکەی پێنسلڤانیا کە لەوێ چەکدارێک هەوڵی کوشتنی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپیدا.

خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە وتی " ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئەو ئەفسەرانەین کە بە ڕووی مەترسیدا ڕایانکرد بۆ دۆزینەوەی چەکدارەکە و هەموو هاوبەشە ناوخۆییەکانمان بۆ پابەندبوونە جێگیرەکەیان. هەر هەواڵێک کە باس لەوە بکات خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت لۆمەی پۆلیسی ناوخۆ دەکات لەسەر ڕووداوەکەی ڕۆژی شەممە ڕاست نیە."

بەرپرسانی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت باسییان لەوە کردەوە ئەوەی کە ڕوویدا شکستی دەزگاکە بووە کە بەرپرسە لە پاراستنی سەرکردەکانی ئەمەریکا.

پلانی ئاسایشی گردبوونەوەکەی ڕۆژی شەممە خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی کردە بەرپرس لەو ناوچەیەی بۆنەکەی تێدا کرا، هاوکات ئەو سەربانەی کە لەلایەن چەکدارەکەوە بەکارهێندرا و 150 یارد لە ترامپەوە دوور بوو، لە ژێر بەرپرسیارێتی پۆلیسی ناوخۆدا بووە.

هەندێک لەو کەسانەی کە لە گردبوونەوەکە بوون وتییان هاوارییان بۆ پۆلیس کردووە کاتێک چەکدارێکییان لەسەر سەربانێکی بینایەکی ئەو نزیکانە بینیوە. ڤیدیۆکان لە شوێنەکەوە دەریدەخەن کە ئەو هاوارکردن و ئاگادارکردنەوانە زیاتر لە خولەکێک پێش ئەوە بووە تەقەکەرەکە دەست بکات بە تەقەکردن بە ئاڕاستەی ترامپ.

وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمەریکا ئەلیخاندرۆ مایۆرکاس کە دەزگاکەی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتیش لە خۆدەگرێت، ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت پێشبینی دەکات لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لە ڕووداوەکە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا دەست پێبکات.

مایۆرکاس وتی لێکۆڵینەوەکە شیکاری بۆ کارەکانی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت و دەزگاکانی دیکەی جێبەجێکردنی یاسا دەکات " لە پێش تەقەکردنەکە و لە ماوەی تەقەکردنەکە و لە دوای تەقەکردنەکەشەوە، ئەوەش لە پێناو دیاریکردنی ئەو چاکسازییە دەستبەجێ و درێژخایەنانەی کە پێویستن بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئەرکی نەبوونی شکست لە پاراستنی سەرکردە نیشتیمانییەکاندا بە کاریگەرترین شێوە جێبەجێ بکرێن."

فیشەکێک بە گوێی ڕاستی ترامپدا تیغی کرد، خوێنیش بە دەمووچاوییدا هاتە خوارەوە لە کاتێکدا کە پاسەوانە تایبەتەکان دەورەیان دابوو و بەپەلە گواستیانەوە بۆ پارێزراویی. کەسێک لە گردبوونەوەکەدا کوژرا و دوو کەسی دیکە بە سەختی بریندار بوون و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە. نیشانشکێنێکی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەت چەکدارەکەی کوشت، کە کەسێکی تەمەن 20 ساڵ بووە بە ناوی تۆماس ماثیو کرووکسەوە.

ترامپ لە هێرشەکەدا بە سەختی بریندار نەبوو، بەڵام دەکرا بە ئاسانی بکوژرێت. نوێنەران لە کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکاندا لە میڵواکی بە فەڕمی ترامپییان وەکو بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند، کە بڕیارە 5 ی مانگی یانزە بەڕێوەبچێت و ترامپ تێیدا ڕووبەڕووی سەرۆک جۆو بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان دەبێتەوە.

ڕۆژی دووشەممە بایدن پێشنیاری پاسەوانیی خزمەتگوزاری پاسەوانی تایبەتی ئەمەریکای کرد بۆ ڕۆبەرت ئێف کەنەدی جونیەر، کە بەربژێرێکی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکایە و لە ڕاپرسییە نیشتیمانییەکاندا لە دوای ترامپ و بایدنەوە دێت. مامی کەنەدی، سەرۆک جۆن ئێف کەنەدی، لە ساڵی 1963 دا کوژرا، باوکیشی، ڕۆبەرت ئێف کەنەدی، لە ساڵی 1968 دا کاتێک کەمپینی دەکرد بۆ سەرۆکایەتی کوژرا.

دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی ئەمەریکا وتی بەردەوامە لە گەڕان بە دوای پاڵنەڕی هێرشبەرەکەدا بۆ تەقەکردنەکەی ڕۆژی شەممە. دەزگاکە وتی وەکو ئەگەری تیرۆری ناوخۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە دەکات بەڵام لێکۆڵینەوەکە هێشتا لە قۆناغەکانی سەرەتایدایە.

ڕۆژی دووشەممە دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵ وتی نزیکەی 100 چاوپێککەوتنی لەگەڵ ئەندامانی دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا و ئامادەبووانی گردبوونەوەکە و شایەتحاڵانی دیکەدا کردووە و چاوپێککەوتنەکانیش بەردەوامن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا