Accessibility links

دیپۆرتکردنی ژنێکی کورد وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی دانیمارک دەکێشێتە پارلمان


ماتیاس تیسافی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی دانيمارک
ماتیاس تیسافی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی دانيمارک

نزیکەی هەفتەیەک پێش ئێستا پەنابەرێکی سیاسی کوردی خەڵکی سەرپێڵ لە پارێزگای کرماشان بەناوی قەدەم خەیر حەقانیزادە دوای مانەوەی شەش ساڵ لەدانیمارک و ڕەتبوونەوەی داواکاری پەنابەرییەکەی لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە شێوەیەکی توندوتیژانە لە هاوسەر و منداڵە تەمەن یەک ساڵانەکەی جیا کرایەوە و لەگەڵ دوو منداڵی دیکەی برانە فڕۆکەخانەی کۆپنهاگن بۆ ئەوەی دیپۆرتی ئێران بکرێنەوە.

ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە تێیدا کاتی دەستبەسەرکردنی قەدەم خەیر حەقانیزادە پیشاندەدات، بوو بە هۆی ئەوەی هەندێک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕەخنە لە هەڵسوکەوتی حکومەتی دانیمارک بگرن و داوایان کرد دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بکات.

گرتە ڤیدیوییەکان لە لایەن ترامپۆلین هاوس، گروپێکی دانیمارکی کە پشتیوانی کۆچبەران و پەنابەرانە بڵاو کراوەتەوە.

ئەو ڕێکخراوەیە لە تەویتەردا نووسیوێتی "ئێمە داوامان لە وەزیری کۆچ و کۆچبەران کردوە کە ڕوونکردنەوە لەسەر ئەم پرسە بدات" و دەشڵێت ئایا ئێمە لەگەڵ ئێران رێککەوتووین بۆ ڕادەستکردنەوەی پەنابەران ؟!"

تۆڕی هەواڵی یۆرۆنیوز چەند ڕۆژ پێش ئێستا لە زاری کەناڵێکی تەلەفزیۆنی دانیمارکییەوە ڕایگەیاند کە ماتیاس تیسافی وەزیری کۆچ و کۆچبەران لە لایەن لێژنەیەکی پارلمانی ئەو وڵاتەوە بانگکراوە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیاری هەندێ لە پارلمانتارانی ئەو وڵاتە بداتەوە لەبارەی ئەو هەڵسوکەوتەی بەرامبەر بەو ژنە پەنابەرە کراوە.

بە گوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەو پەنابەرە کوردە لەگەڵ دوو منداڵە تەمەن 10 ساڵانەکانیدا لە ڕێگای فڕۆکەخانەی کۆپنهاگنەوە گوازراونەتەوە بۆ ئەستەنبوڵ بۆ ئەوەی دیپۆرتی ئێران بکرێنەوە، بەڵام پاش ئەوەی ئەو پەنابەرە لە ناو فڕۆکەکەدا لە خۆی دەدات و خۆی بریندار دەکات، دوای چەند کاتژمێرێک دەیگێڕنەوە بۆ دانیمارک.

وڵاتی دانیمارک لەم ساڵانەی دواییدا سیاسەت و ڕەوتێکی قورس و توندی بەرامبەر بە وەرگرتنی پەنابەران گرتوەتە بەر.

جێی ئاماژەیە کە وڵاتی دانیمارک یەکەم وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا بوو کە بڕیاری گەڕاندنەوەی هەندێک لە سورییەکانی بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا دەرکرد، ئەمەش بەو پاساوەی کە لە ئێستادا ئەو ناچەیە پارێزراوە و شەڕی تێدا نەماوە.

بە پێی ڕاپرسییەکی ساڵی 2018ی بنکەی لێکۆڵینەوەی یۆگۆڤ(YouGov) دەریخستوە کە لەسەدا 65ی خەڵکی دانیمارک دژی قبووڵکردنی کۆچبەرانن. ڕاپرسیەکی دیکەی هەمان دەزگا لە ساڵی 2019 بۆی دەرکەوت کە لە سەدا 31ی خەڵکی دانیمارک پێیان وایە کە پەنابەران هێچ سوودێکیان بۆ وڵاتەکەیان نییە.

سیروس عەزیزادە، هاوسەری قەدەم خەیر لە گفتوگۆیەکدا بۆ دەنگی ئەمەریکا لەبارەی هۆکاری دیپۆرتکردنی هاوسەر و دوو لە منداڵەکانی دەڵێت "بەشی کۆچبەرانی دانیمارک بە بیانووی ئەوەی کە هاسەر و دوو لە منداڵەکانم شەش ساڵ پێش ئێستا لە ڕێگای یاساییەوە و بە پاسپۆرت لە ئێران هاتوونەتە دەرێ، داوای پەنابەری هاوسەرەکەمیان ڕەتکردوەتەوە و پێیان گوتوە مادام پاسپۆرتی ئێرانت هەیە کەواتە هەڕەشەی گیانیت لەسەر نییە و دەبێت بگەڕێتەوە."

عەزیزادە دەشڵێت "ئەم بڕیارەی دانیمارک لە کاتێکدایە کە باوکی خۆم لە لایەن ئێرانەوە بە هۆکاری سیاسی لە سێدارەدراوە و هاوسەرەکەشم لە لایەن کۆماری ئێسلامی ئێرانەوە تیرۆر کراوە."

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت "بەو پێیەی کە باوکی قەدەم خەیر بە ناوی "ئەسکەر گوڵە" لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە تیرور کراوە و هەروەها باوکی هاوسەرەکەشی بە ناوی سولتان موراد عەزیزادە کە ئەندامێکی حیزبی دیموکرات بووە و ساڵانێک پیش ئێستا دوای دەستبەسەربوونی لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە لە زیندانی کرماشان لە سێدارەدراوە، هەر بۆیە گەر دیپۆرت بکرێنەوە ڕووبەڕووی هەڕەشەی جدی و گیانی دەبنەوە."

بە پێی ڕاپۆرتێکی رۆیتەرز، وڵاتی دانیمارک ساڵی ڕابردوو یاسایەکی پەسەند کردوە بۆ ئەوەی دەستی ئەو وڵاتە ئاوەڵا بکات لەوەی بتوانێت پەنابەران بگوازێتەوە بۆ ولاتێکی دەرەوەی ئەورووپا و لەوێ پرۆسەی پێداچوونەوەی داواکاری پەنابەران بباتە ڕیوە.

یاسایەک کە لەو کاتەوە تا ئیستا بووەتە جێگای تووڕەیی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی ئەوروپاش.

ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز دەڵێت "دانیمارک لە ئێستادا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە توندترین هەڵوێستی هەیە سەبارەت بە پەنابەران."

بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز گوتەبێژی حکومەتی دانیمارک لە کاروباری کۆچبەران لە گفتوگۆیەکدا ڕایگەیاندووە "ئەگەر داوای پەنابەری لە دانیمارک بکەیت، ئەوا هەر دەتگێڕنەوە بۆ وڵاتێک لە دەرەوەی ئەوروپا، بۆیە هیوادارین کە خەڵک وازبێنن و داوای پەنابەری لەم وڵاتە نەکەن."

ئیسکەندەر سەدیق، سەرۆکی پارتی سەوز و پەرلەمانتاری دانیمارک لە گفتوگۆیەکدا بۆ بی بی سی ئەو هەواڵەی سەبارەت بە بانگکردنی وەزیری کۆچ و کۆچبەران لەلایەن لیژنەیەکی پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو مەسەلەیە پشتڕاسترکردوەتەوە.

ئەو هەروەها لە تویتەری خۆیدا نووسیوێتی "ناتوانم وێنای ئەوە بکەم کە چ چارەنووسێک چاوەڕێی ئەو ژنە کوردە دەکات کە دەیانەویست بە زۆر دیپۆرتی بکەنەوە."

ئەو پارلمانتارە لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ بی بی سی دەڵێت هەڵسوکەوتی پولیسەکان لەگەڵ ئەو ژنە پەنابەرە بە شێوەیەکی ناپێویست توندوتیژ بووە.

سیروس، هاوسەری قەدەم خەیر بە دەنگی ئەمەریکای گوت "لە ئیستادا هاوسەرەکەم بە بڕیاری دادگای دانیمارک بۆ ماوەی مانگێک دەستبەسەر کراوە و پێیان ڕاگەیاندووین دوای ئەو یەک مانگە هەمووتان پێکەوە دیپۆرت دەکەینەوە."

هاوسەری قەدەم خەیر دەڵێت هۆکاری دەستبەسەرکردنەکەشی ئەوەیە کە پێیان گووتووین ئەگەر ئازاد بێت لەوانەیە بڕوەنە وڵاتێکی دیکەوە و هەر بۆیەش بۆ ماوەیەک لە زینداندا دەبێت تاکو پڕۆسەی دیپۆرتکردنەوەکەی بە تەواوی جێبەجێ دەبێت.

جێی ئاماژەیە کە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی دانیمارک، ماتیاس تیسافی کە خۆیشی کوڕی کۆچبەرێکی ئێتیوپیایە، یەکێک لەو کەسانەیە کە بە توندی بەرگری لە سیاسەتی دژ بە پەنابەران و کۆچبەران دەکات.

ترامپۆلین هاوس هەروەها ڕەخنە لە بڕیارەکەی دانیمارک دەگرێت بۆ دیپۆرتکردنەوەی قەدەم خەیر و ڕایگەیاندوە کە جیاکردنەوەی قەدەم خەیر حەقانیزادە و دوو منداڵەکەی لە باوکی و منداڵە ساواکەی، پێشێلکردنی پەیماننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەورووپایە.

قەدەم خەیر حەقانیزادە و خێزانەکەی لە یارسانە کوردەکانی ئێرانن لە پارێزگای کرماشان و ساڵی 2015 دوای ساڵێک گیرخواردن لە تورکیا خۆیان دەگەیەنە وڵاتی دانیمارک و وەک پەنابەری سیاسی داوای پەنابەرێتی لەو وڵاتە دەکەن.

هاسەری قەدەم خەیر دەڵێت بەڵام داواکەیان دوای 6 ساڵ مانەوە لەو وڵاتەدا و سەرەڕای پێشکەشکردنی هەموو بەڵگەیەکی پێویست،داواکەیان لەلایەن دەزگای کۆچ و کۆچبەرانی ئەو وڵاتە ڕەتکراوەتەوە.

هاسەرەکەی قەدەم خەیر لە گفتوگۆکەی دەنگی ئەمەریکادا داوای لە هەموو ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و حیزبە کوردی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ئەوەی فشار بخەنە سەر وڵاتی دانیمارک و بەر بە دیپۆرتکردنیان بگرن.

XS
SM
MD
LG