Accessibility links

ڕێبوار ئەوڕەحمان: حکومەتی هەرێم دەبێت سەرەتا موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی بدات لەو بەشە بودجەیەی عێراق کە بۆی دابینکردووە



سەرباری ناکۆکی و جیاوازی لایەنەکان لە هەرێمی کوردستان و لایەنەکانی دیکە، بڕیاری کۆتایی لەسەر بودجەی عێراق درا. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رۆژی دووشەممە بودجەی ساڵی 2023ی بە بڕی 198.9 ترلیۆن دینار کە دەکاتە (153 ملیار دۆلار) پەسەند کرد کە تیایدا خەرجی پێوانەیی بۆ پڕۆژە یاسای زیادبوونی مووچەی گشتی و پڕۆژەکانی گەشەپێدان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و بنیاتنانەوەی ژێرخانی وڵاتەکە دابیندەکات کە بەهۆی پشتگوێخستن و شەڕەوە تێکچووە.

پەرلەمانتاران ڕایانگەیاند، بودجە لەسەر بنەمای نرخی نەوت بە 70 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک یەکلاییکراوەتەوە و پێشبینیش دەکرێت هەناردەکردنی نەوت 3 ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بێت، لە نێویاندا 400 هەزار بەرمیل لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت.

وتەبێژی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕێبوار ئەوڕەحمان لەو بارەیەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "دوو جیاوازی گەورە هەیە لە بودجەی ئەمساڵدا، بودجەی ئەمساڵ بودجەیەکی زۆر زەبەلاح و گەورەیە، ئەم بودجەیە بۆ یەک ساڵ نییە بۆ سێ ساڵە."

لە بارەی سەروەری هەرێم لە بودجەکەدا دەڵێت "عێراق وڵاتێکی فیدڕاڵییەو یەک هەرێمی تیادایە ئەویش هەرێمی کوردستانە. لەبەرئەوە لەم بودجەیەدا هەرێمی کوردستان وەک خۆی مامەڵەی لەگەڵ کراوە."

بەڵام سەبارەت بە پابەندبوونی هەرێمی کوردستان ڕێبوار ئەوڕەحمان جەخت لەسەر چەند خاڵێک دەکاتەوە کە بەپێی یاساو ڕێساکانی بودجە ڕێخکراوە و دەڵێت "هەرێم دەبێت پابەند بێت بەم مەرجانەوە، ئەو پارەیەی لە بودجەی عێراق بۆی دابینکراوە دەبێت سەرەتا موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی پێبدات."

هاوکات دەشڵێت "ئێمە داوامانکرد لە بەشە بودجەی هەرێم پاشەکەوتی موچە بدرێتەوە بە خەڵک."

هاوکات ڕێبوار ئەوڕەحمان سەبارەت بە دەنگدان لەسەر گەڕاندنەوەی پاشەکەوتکردنی موچە دەڵێت "دەقێک لەناو کۆبوونەوەی پەرلەمان خوێندرایەوە، ئێمە گومانمان هەیە لەوە دڵنیاین کە ئەم تێکستە دەنگی تەواوەتی هێنا بۆئەوەی جێگیربکرێت لەناو بودجەدا، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان و حزبەکانی دەسەڵات وا ڕێککەوتبوون کە دەنگی نەهێناوە بەڵام ئێمە لە دادگای فیدڕاڵی شکاتمان کردووە."

بودجەکە هەنگاو دەنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە درێژخایەنەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، بڕیارە داهاتە نەوتییەکانی بخرێتە سەر هەژمارێکی بانکی و بانکی ناوەندی عێراق سەرپەرشتی دەکات.

پێشتر بەغدا هیچ قسەیەکی لەسەر خەرجیکردنی داهاتی نەوتی کوردستان نەبوو، سەرەڕای ناڕەزاییەکانی بەغدا، تاکلایەنە نەوتی خاوی لەڕێگەی تورکیاوە هەناردە کردووە.

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی جیهان کە بە خێرایی ژمارەی دانیشتووان زیاد دەکات، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2050 ژمارەی دانیشتووانی لە 43 ملیۆنەوە بۆ نزیکەی 80 ملیۆن گەشەبکات واتە دوو هێندە زیاد بکات، لەکاتێکدا زۆربەی ئابوری وڵاتەکەی لەژێر سایەی دەوڵەتدایە، بێکاری زۆرە و ناڕەزایەتی بەردەوام لەئارادیە دژی گەندەڵی و بە هەدەردانی سامانی گشتی، بەڵام ئایا یەکلاییکردنەوەی بودجە دەتوانێت کێشەو گرفتەکانی هاووڵاتیانی عراق چارەسەر بکات یان نا؟

please wait

No media source currently available

0:00 0:09:34 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG