Accessibility links

 ئەردۆغان دەڵێت حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆرستی نییە


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لە توندترین لێدوانیدا سەبارەت بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند گرووپی چەکداری حەماسی فەلەستین ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە "بەڵکو گرووپێکی ڕزگاریخوازە کە بۆ پاراستنی خاک و گەلی فەلەستین دەجەنگن."

ئەردۆغان لە لێدوانێکیدا بۆ پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار، داوای ئاگربەستێکی خێرای نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و فەلەستینییەکانی کرد و گوتی پێویستە وڵاتانی موسڵمان پێکەوە هەنگاو بنێن بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

ئەردۆغان گوتی "حەماس ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، گرووپێکی ڕزگاریخوازە، 'موجاهیدییەکان' شەڕێک بۆ پاراستنی خاک و خەڵکەکەی خۆیان ئەنجام دەدەن،"

ئەردۆغان هەروەها ڕەخنەی توندی لە زلهێزانی ڕۆژئاوایی گرت کە پشتیوانی خۆیان بۆ تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل لە دژی حەماس دەربڕیوە و وتی "فرمێسکەکانی ڕۆژئاوا کە بۆ ئیسرائیل دەڕژێن، نیشاندانی ساختەکارییە".

زۆرێک لە هاوپەیمانەکانی تورکیا لە ڕێکخراوی ناتۆدا حەماس بە گروپێکی تیرۆریستی دەزانن و لێدوانەکانی ئەردۆغان کاردانەوەی دەستبەجێی لەلایەن ماتیۆ سالڤینی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئیتالیاوە لێکەوتەوە و گوتی "قورس و قێزەونن و یارمەتیدەر نەبوون لە کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان".

سالڤینی ڕایگەیاند "پێشنیار بۆ هاوکارم (وەزیری دەرەوە ئەنتۆنیۆ) تاجانی دەکەم کە ناڕەزایەتی فەرمی بنێرێت و باڵیۆزی تورکیا بانگهێشت بکات".

تورکیا ئیدانەی کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکانی حەماس لە باشووری ئیسرائیل لە 7ی مانگی 10 ڕوویدا، بەڵام داوای لە ئیسرائیل کرد بە شێوەیەکی سنووردار کاردانەوەی هەبێت.

لەو کاتەوە بە توندی ئیدانەی بۆردومانی سەختی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە کردووە کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەو گرووپە ئیسلامییە چەکدارەدایە، هاوکات پێشنیاری نێوەندگیری لە ململانێکان و ناردنی چەند بارێکی هاوکاری مرۆیی کرد.

ئەردۆغان ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە سوود لە "نیازپاکی تورکیا "وەردەگرێت. تورکیا پێشتر کاری بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییە گرژییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەکرد بەڵام ئەردۆغان ڕایگەیاند ئێستا بەهۆی ڕووداوەکانی غەززەوە گەشتێکی بۆ ئیسرئیل هەڵاوەشاندووەتەوە کە پێشتر پلانی بۆ دراێژرابوو.

تورکیا کە لە خاکی خۆیدا میوانداری ئەندامانی حەماس دەکات، پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات بۆ ململانێی دەیان ساڵەی ئیسرائیل و فەلەستینییەکان.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG