Accessibility links

عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئەمەریکا لە بەغدا دەکات


عێراق سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکەی ئەمەریکای کرد کە بووە هۆی کوژرانی فەرماندەیەکی باڵای گرووپێکی چەکداری لایەنگری ئێران کە تۆمەتبارە بە تێوەگلانی لە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

هێرشەکەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە دوای ئەوە هات کە هەفتەی ڕابردوو شەپۆلێکی هێرشکردنە سەر ئامانجە پەیوەندیدارەکانی ئێران لە عێراق و سوریا و یەمەن بەڕێوە چوو دوای کوژرانی سێ سەربازی ئەمەریکایی لە 28ی مانگی یەک لە ئوردن.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا (CENTCOM) ڕایگەیاند، هێرشەکە لە تۆڵەی هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا ئەنجام داراوە و " بەرپرسێکی کەتایب حزبوڵای کوشتووە کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی هەبووە بە هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتیانمان. ئێمە درێغی ناکەین لە بەرپرسیارکردنی هەموو ئەو کەسانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی هێزەکانمان."

دەسەڵاتدارانی عێراق ڕەخنەی توندیان لە هێرشەکە گرت و بە "تیرۆرێکی ئاشکرا" لە گەڕەکێکی نیشتەجێبوونی بەغداد ناودێریان کرد.

یەحیا ڕەسووڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق دەڵێت " هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەتەواوی ئەو هۆکار و ئامانجانە پێشیلدەکات کە لەپێناویدا لە سەر خاکی ئێمەن."

ناوبراو گوتیشی "ئەم ڕێگایە زیاتر لە جاران فشار دەخاتە سەر حکومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی کە بووەتە فاکتەری ناسەقامگیری بۆ عێراق".

ئەو ئاماژەی بەو هاوپەیمانییە سەربازییە نێودەوڵەتییە کرد کە بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە ساڵی 2014 بۆ بەرەنگاربوونەوەی گروپی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پێکهێنرا.

کەتایب حزبوڵڵا، کە دوای هێرشە کوشندەکەی ئوردن ڕایگەیاند کە هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا ڕادەگرێت، ڕایگەیاند یەکێک لە فەرماندەکانی کوژراوە و ناسنامەکەی بە ئەبوباقر ئەلساعدی ڕاگەیاندووە. کاربەدەستێکی ئەو گرووپە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، ئەو بەرپرسیار بووە لە "کاروباری سەربازی" لە سوریا.

هەروەها حەشدی شەعبیش کوژرانی ساعدی پشتڕاست کردەوە.

بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، بە گشتی سێ کەس گیانیان لەدەستداوە - دوو سەرکردەی کەتایب حزبوڵا و شۆفێرەکەیان، لەو هێرشەی کە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە لە ناوچەی مەشتەلی ڕۆژهەڵاتی بەغدا شەوی چوارشەممە ئەنجامدا..

XS
SM
MD
LG