Accessibility links

مانگی سێ هات و چارەنوسی مووچەی مانگی دوو لە هەرێمی کوردستان نادیارە


حکومەتی عێراق هێشتا بڕی 618 ملیار دیناری مانگی دووی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە و حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکردنی لیستی مووچەی مووچەخۆران لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بە بیانوو دەزانێت.

لە ئەنجامی بەردەوامی کێشە داراییەکانی لەگەڵ عێراق، حکومەتی هەرێم لە ماوەی 5 مانگی ڕابردوودا تەنها یەک مووچەی دابەشکردووە.

چاوەڕواندەکرا تا ڕۆژی 25ی مانگی 2ی 2024، حکومەتی عێراق بڕی 618 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مووچەی مانگی 2ی مووچەخۆرانی هەرێم، بەڵام بە بیانووی نەناردنی لیستی مووچەخۆران لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە هێشتا بەغدا پارەکەی نەناردووە.

سەرچاوەیەکی بەرپرسی ئاگادار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە داوایکرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەرێم خەرجی و میزانی موراجەعەی مانگی یەکی ڕادەستی عێراق کردووە، بۆیە داواکردنی لیستی مووچەخۆران تەنها بیانوو گرتنە بە هەرێم."

سەرچاوەیەکی تری ئاگادار لە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "هێشتا بە نوسراوی فەرمی داوای لیستی مووچەخۆران لە حکومەتی هەرێم نەکراوە. هەفتەی داهاتوو حکومەتی هەرێم بڕیار لە بارەی داواکارییەکەی وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەدات. هەرچەندە گەر لیستەکەش ڕەوانەی عێراق بکەین ئەوان بیانووی تر دەدۆزنەوە."

ڕۆژی 26ی مانگی 2ی 2024، لیژنەی دارایی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی کرد. بەپێی وتەی ئەندامانی لیژنەکە، وەزیری دارایی لەکۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاندووە تەنها ئەم مانگە بە پێی لیستی مووچەخۆران کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەنێردرێت پارە ڕەوانەی هەرێم دەکات، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت هەر مووچەخۆرێکی هەرێم هەژماری تایبەت بەخۆی لە بانکە فیدراڵییەکانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی مووچەکەی پێبدرێت.

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگی ڕابردوو لیستی مووچەخۆرانی هەرێمی نارد بۆ بەغدا. دواتر، لە سەرەتای مانگی دوو، حکومەتی عێراق 618 ملیار دیناری نارد بۆ هەرێمی کوردستان.

شارەزایەکی بواری دارایی و بانک دەڵێت هۆکاری سوربوونی حکومەتی عێراق لەسەر دووبارە ناردنەوەی لیسیتی مووچەخۆرانی هەرێم دیار نییە، بە تایبەت لە کاتێکدا بڕی پارەی دابینکراو لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا دیاریکراوە و چاوەڕواندەکرێت تا هەمووارکردنەوەی یاسای بودجەی عێراق گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت.

هاوار شێخ رەئوف، چاودێری دارایی و بانک، وتی، "ئەگەر بڕیارە حکومەتی عێراق مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت ئاساییە داوای لیستی مووچەی مووچەخۆران لە هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ئەگەر پێشوەخت بڕیاریان داوە تەنها 618 ملیار بنێرن ئیشیان بە لیستی مووچە چییە؟"

هاوار شێخ رەئوف بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکرێت، بەڵام دوای بڕیارەکەی دادگا وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت تەنها 618 ملیار خەرج دەکات. ئەمە بەواتای جێبەجێ نەکردنی بڕیارەکەی دادگا دێت."

دەشڵێت، "مەرجەکانی عێراق بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی لەلایەن سەرجەم مووچەخۆرانەوە قورسە و مانگی داهاتووش کێشە بۆ مووچە دروست دەکات. هەڵوێستی عێراق بە هێز و هی هەرێم لاوازە، چونکە هەرێم ناتوانێت نەوت بفرۆشێت و توانای خەرجکردنی مووچەی نییە، بۆیە عێراق مەرج دەسەپێنێت، دەبێت لە پێناو دوانەکەوتنی مووچە هەرێم ڕەچاوی مەرجەکانیان بکات."

ڕۆژی 21ی مانگی 2ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق دوو سکاڵای یەکلایی کردەوە و یەکێک لە سکاڵاکان پەیوەندیداربوو بە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم لەسەر بنەمای سکاڵایەک کە لەلایەن سێ هاوڵاتی دانیشتووی هەرێمی کوردستانەوە تۆمارکرابوو.

دادگای فیدراڵی عێراق حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری دارایی کە گرنگترینیان بریتیبوون لە ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراق و پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەزیری دارایی عێراق کە هاتە ئەنجومەنی نوێنەران ڕاشکاوانە وتی، بۆ مووچەی ئەم مانگە با هەرێم لیستی فەرمانبەرانمان بۆ بنێرێت. ئایا هەرێم لیستەکەی ناردووە؟ ئەوەندەی ئاگاداربین هێشتا لیستەکە نەنێردراوە."

سێکانیانی وتی، "نابێت بڕیارەکانی دادگا بەش بەش بکرێن. بڕگەیەکی دەڵێت دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکرێت، بەڵام بڕگەکانی تری ئاماژە بە ڕادەستکردنی داهاتی نەوت و داهاتەکانی تر دەکات."

جەختیشیکردەوە، "ڕەنگە مانگەکانی تریش عێراق هەر 618 ملیار بنێرێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە مووچە لە ململانێی سیاسی جیا بکرێتەوە و مانگانە لەکاتی خۆیدا دابەش بکرێت."

لەکاتێکدا پاساوی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی بڕی 618 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگی 2ی فەرمانبەرانی هەرێم نەناردنی لیستی مووچەخۆرانە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بۆ مانگی 3 هەمان کێشە سەرهەڵبداتەوە، بەو پێیەی عێراق ناردنی مووچەی بەستووەتەوەتەوە بە هەژماری بانکییەوە و زۆربەی مووچەخۆرانی هەرێم هێشتا هەژماری بانکی تایبەت بەخۆیان نییە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:45 0:00

XS
SM
MD
LG