وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، پرۆژەی هەژماری من لە پرسی مووچەدا "ئەولەویاتی" حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هەر چارەسەرێک لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر حسابی پڕۆژەی هەژماری من ڕەتدەکەنەوە.
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەژماری من یەکێکە لە ئەولەویاتەکانی حکومەتی هەرێم و بەلایەوە گرنگە، گەر هەژماری من قەبوڵ نەکرێت جۆرێکە لە بیانوو گرتن و گێچەڵ کردن، چونکە ئەوەی لەناو هەژماری مندا هەیە زۆر زیاترە لەوەی لە عێراق کراوە و پێیدەوترێت تەوتین [بە نیشتیمانی کردن]."
چاوەڕوان دەکرێت لەماوەی داهاتوودا وەفدێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق. چارەسەرکردنی کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من و پرسی بە ئەلیکترۆنی کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم یەکێک دەبێت لەتەوەرەکانی گفتووگۆی نێوانیان.
پێشەوا هەورامی ڕایگەیاند، "تەوتین تەنها کارتێکی مووچەوەرگرتنە نەک هەژماری بانکی و بەشێک لەو بانکانەش نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، بۆیە بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێین و چارەسەرەکەش لەسەر حسابی دەستبەرداربوون نییە لەهەژماری من. فەرمانبەری عێراق سەرپشک کراوە لە بانکی ئەهلی یان حکومی تەوتین بکات، بۆچی بۆ فەرمانبەری هەرێم ئەمە سنوردار کراوە؟"
هەژماری من کە حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەیەوە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات، تا ئێستا 6 بانک چوونەتە نێویەوە کە بریتین لە بانکەکانی ئارتی بانک، جیهان، بیبلۆس، بانکی ئیسلامی عێراقی، بانکی ئەهلی عێراقی و بانکی بەغدا.
بەگوێرەی پەرلەمانتارێکی کورد لە بەغدا، حکومەتی عێراق تا ئێستا پێداگری دەکات لەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانەوە دابینبکرێت.
سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "عێراق دەیەوێت لە ڕێگەی بانکەکانی تی بی ئای و رەشید و رافیدەین موچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەوتین بکات، حکومەتی هەرێمیش گەر ڕازی نەبێت چارەسەری تری نییە."
دەشڵێت، "هەرێم شەڕەکەی بۆ ئەوەیە خۆی پارەکە وەربگرێت و تەمویلی بانکەکانی ناو هەژماری من بکات، عێراق ناچار نییە ئەمە بکات و پارە بداتە دەست هەرێم، بۆیە دەیەوێت خۆی پارەکە تەمویل بکات، بۆیە دەبێت هەژماری من بچێتە ناو تەوتینەوە."
جەختیشیکردەوە، "گەر موچە تەوتین بکرێت لیست و پلە بەرزکردنەوە و هەندێک ڕێوشوێن لای هەرێم دەمێنێت، ئەگینا عێراق لە ڕێگەی رەشید و رافیدەینەوە پارە دەدات، لەکاتێکدا هەرێم سورە لەسەر ئەوەی پارەکە لە عێراق وەربگرێت بۆ وەزارەتی دارایی و لە ڕێگەی هەژماری منەوە دابەشی بکات."
لەکاتێکدا ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر تەوتین و هەژماری من بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، حکومەتی هەرێم لیستی موچەخۆرانی هەرێمی بۆ موچەی مانگی 4 ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و چاوەڕوانی ڕەوانە کردنی پارەکە دەکات.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێم کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێدەچێت بەم نزیکانە هەرێم و بەغدا لەسەر هەژماری من گفتووگۆ بکەن، ئەوەی بووەتە هۆی گرفت ئەو بڕگەیەی بڕیاری دادگای فیدراڵییە بۆ دابەشکردنی موچە لە ڕێگەی بانکە فیدراڵییەکانەوە، ئەگینا لەڕووی تەکنیکییەوە تەوتین و هەژماری من یەک پرۆسەن."
هەروەها وتیشی، "گەر دادگای فیدراڵی ڕوونکردنەوە بدات و مەسەلەکە بخاتە لای بانکی فیدراڵی عێراق کە پسپۆڕی خۆیەتی، کێشەکە چارەسەر دەبێت. پێشموانییە هەرێم دەستبەرداری هەژماری من ببێت."