Accessibility links

حەسەن نەسروڵا هۆشداری دەدات لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل، هیچ شوێنێک لە ئیسرائیل پارێزراو نامێنێت


حەسەن نەسروڵا، سەرۆکی حزبوڵای لوبنان، ڕۆژی چوارشەممە هۆشداریدا لەوەی هیچ شوێنێک لە ئیسرائیل پارێزراو نامێنێت، ئەگەر شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا ڕووبدات.

نەسروڵا لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند "حزبوڵای لوبنان کە ئێران پاڵپشتی دەکات، "بانکێکی ئامانج"ی هەیە کە ئەگەر شەڕی پچڕپچڕی نێوان ئەو دوو دوژمنە بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی فراوانتر، ئەوا وردتر دەبنە مانجی هێرشەکان.

نەسروڵا گوتیشی "هیچ شوێنێکی پارێزراو لە مووشەکەکانمان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانمان" لە ئیسرائیل نامێنێت.

ڕۆژی سێشەممەش حزبوڵا گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاو کردەوە کە گوایە گرتەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە شوێنە هەستیارەکان لە قووڵایی ئیسرائیلە.

نەسروڵا ڕۆژی چوارشەممە گوتی " ئێمە ئێستا چەکی نوێمان هەیە، بەڵام ناڵێم ئەوانە چین. ...دوژمن باش دەزانێت کە ئێمە خۆمان بۆ خراپترین ڕەوش ئامادە کردووە ... و هیچ شوێنێک ... لە موشەکەکانمان بەدوور نابێت."

ژەنەڕاڵ هێرزی حەلێڤی، سەرۆکی ئەرکانی هێزەکانی بەرگری ئیسرائیل، ڕۆژی چوارشەممە لە میانەی گەشتێکیدا لە نزیک سنووری ئیسرائیل لەگەڵ لوبنان ڕایگەیاند، ئیسرائیل بە باشی ئاگاداری چەکەکانی حزبوڵایە.

گوتیشی "دوژمن تەنیا بەشێکی کەم لە تواناکانمان دەزانێت و لە کاتی پێویستدا دەیبینێت."

لە مانگی دەی ڕابردووەوە و لەو کاتەوەی شەڕی غەززە سەریهەڵدا، چەندین جار پێکدادان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای هاوپەیمانی بزووتنەوەی حەماس ڕوویداوە . لە ماوەی هەشت مانگدا زیاتر لە 400 کەس لە لوبنان کوژراون کە زۆرینەیان چەکداری حزبوڵای لوبنانن، بەڵام لانیکەم 80 هاووڵاتی مەدەنیش کوژراون. لە ئیسرائیلیش بەهۆی ئەو پێکدادانانە 16 سەرباز و 11هاووڵاتی مەدەنی کوژراون.

نەسروڵا لە وتارە تەلەفیزیۆنییەکەیدا هەڕەشەی لە قوبرس کرد و تۆمەتباری کرد بە کردنەوەی "فڕۆکەخانە و بنکەی قوبرس بۆ ئیسرائیلی دوژمن تا لوبنان بکاتە ئامانج". گوتیش ئەو هەنگاوە "بەو مانایەیە کە حکومەتی قوبرس بووەتە بەشێک لە شەڕەکە و بەرخۆدان وەک بەشێک لە شەڕەکە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات".

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگ لە غەززە، دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 37,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

XS
SM
MD
LG