Accessibility links

عەلی حەمە ساڵح: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە


سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کە سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدایە، گەر بە خاوێنی هەڵبژاردنەکە بەڕێوە ببات متمانەیەکی گەورە پەیدا دەکات.

عەلی حەمە ساڵەح، سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"گەر کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پاک و خاوێنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، متمانەیەکی گەورە دروست دەکات و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ڕێژەی بەشداریکردن زۆر دەبێت."

بڕیارە ڕۆژی 20 ی مانگی 10 ی 2024، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

عەلی حەمە ساڵەح دەڵێت،"نەمانی کورسی کۆتاکان و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بە چوار بازنەیی، گەر جیاکردنەوەی دەنگەکانیش بە دەستی و ئەلیکتۆنی ئەنجام بدرێت ئەمانە دەبنە هەنگاوی گرنگ."

کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە نۆ ئەندام پێکدێت، سەرۆک و ئەندامێکی ئەنجومەنەکە کوردن، لەکاتێکدا کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە پێشتر هەڵبژاردنەکانی بەڕێوە دەبرد لەلایەن حزبەکانەوەو بە پێی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەر حزبێک دانرابوون.

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم ئەنجومەنێکی بەرەیی بوو، هەر حزبێک بە پێی ژمارەی کورسییەکانی نوێنەری لەو ئەنجومەنە هەبوو، بەڵام کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تا ڕادەیەک دوورترن لە حزبەکانەوە. ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق دوو کوردی تێدایەو ناتوانن بڕیارەکان یەکلایی بکەنەوە."

هەروەها وتیشی،"ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق یاسایی و دادوەرن و لەبەردەم پابەند بوونی ئەخلاقیدان."

بەشێک لە لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بۆ هاندانی لایەنگرانیان و ئاراستەکردنیان بۆ ڕۆیشتنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئاماژەبەوەدەکەن چیتر حزبە دەسەڵاتدارەکان ناتوانن ساختەکاری ئەنجام بدەن بەو پێیەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی پرۆسەکە دەکات.

بێستون شەهید جەبار، کاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەکات، ئومێد دەکەین پرۆسەکە بە شەفافی و ڕێکوپێکی و دوور لە سیاختەکاری ئەنجام بدرێت."

ئەو وتیشی،"گرنگە پرۆسەی هەڵبژاردن دوور لە ساختەکاری و بەکارهێنانی هێزی سەربازی بەڕێوە بچێت."

پێشبینی دەکرێت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، ململانێیەکی بەهێز لە نێوان کاندیدو حزبەکاندا ڕووبدات، بەو پێیەی سەرجەم حزب و کاندیدەکان ئامادەکاری تەواویان بۆ پرۆسەکە ئەنجامداوە.

XS
SM
MD
LG