Accessibility links

ئێران فشارەکانی سەر عێراق بۆ ڕادەستکردنی سەرکردە کوردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران زیاتر دەکات


ئێران هەوڵەکانی زیاتر کردووە بۆ بەدواداچوونی ئەو کوردە ئۆپۆزسیۆەنکانی ئێران کە لە دەرەوە دەژین و بە " تیرۆریست " ناوییان دەبات، داوا لە عێراق دەکات سەرکردە و ئەندامەکانی گروپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران ڕادەست بکاتەوە کە لە هەرێمی کوردستانی عێراقن.

بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری ئێران کازم غەریب ئابادی لە 13 ی مانگی حەوتدا وتی " لیستی نزیکەی 120 تیرۆریست کە خۆیان بە کوردی خانەدان دەزانن نێردراوە بۆ عێراق تاوەکو ڕادەستییان بکات و بەمزووانەش دادگاییکردنەکانییان دەستپێدەکات."

هەرچەندە ناوەکانی سەر لیستەکەی ئاشکرا نەکرد، بەڵام وتی ئامادەکاری کراوە بۆ دادگاییکردنی " سەرکردە و ئەندامانی گروپێکی تیرۆریستی."

میدیا کوردی و عێراقییەکان باسییان لەوە کردەوە کە لیستەکە ناوی نزیکەی 120 سەرکردە و ئەندامی گروپە کوردییەکانی دژ بە تارانییان تێدایە.

زۆربەی ئەم گروپانە چەکدارن و هەندێکییان داوای سەربەخۆیی دەکەن لە ئێران و هەندێکییان شەڕ دەکەن بۆ جیابوونەوە لە کۆماری ئیسلامی. کوردەکان نزیکەی لە سەدا 10 ی دانیشتوانە 88 ملیۆنییەکەی ئێران پێکدەهێنن.

غەریب ئابادی وتی ئەم جووڵەیە بەشێکە لە هەوڵێکی بەرفراوانتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی " تیرۆر "، وتی داوای ڕادەستکردنی هاوشێوە لە وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار کراوە.

بەڵام ئەم جووڵانە دوای هەوڵە چەکدارییە نەخوازراوەکەی ئێران دێت لە کوردستانی عێراق، بەو هێرشە ئاسمانییە کوشندانەشییەوە کە دژی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداون و دەڵێت گوایە گروپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران و ئامانجە ئیسڕائیلییەکان دەکاتە ئامانج.

ئەندامانی پارتە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران دەڵێن فشارەکانی ئێران بەرگێکی چەواشەکارین بۆ ئەوەی بزووتنەوەی سەربەخۆیی کوردی بخەنە مەترسییەوە.

زۆرێک لە پارتە سیاسییە کوردەکانی ئێران و فراکسیۆنەکان دژایەتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و بنکەکانییان لە هەرێمی کوردستانی عێراقە. لەوانەش پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کە دیارترین گروپی ئۆپۆزسیۆنی دەربەدەرە، پارتی کۆمەڵەی چەپ، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان.

تاران بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەک گروپە سیاسییە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی بە تۆمەتی هەماهەنگیکردن لەگەڵ ئیسڕائیلدا تۆمەتبار کردووە، بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران لە هەرێمی کوردستانەوە. گروپە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن ئەو بانگەشەیەیان ڕەت کردووەتەوە.

لە پەیماننامەیەکی ئاسایشدا لە نێوان تاران و حکومەتی ناوەندی عێراقدا لە مانگی سێی ساڵی 2023 دا، بەغداد ڕازیبوو بە پاراستنی سنووری ڕۆژهەڵاتی عێراق بە ئێرانەوە، هەروەها داماڵینی چەک و گەڕاندنەوەی گروپە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ناوچەکەدا.

زۆرێک لە ئۆفیسەکانی پارتە کوردییەکان کە دژایەتی تاران دەکەن لەو کاتەوە داخراون.

ئێران چەندین هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق، لە ساڵی 2018 دا لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە کویسنجاق 15 ئەندامی سەرکردایەتی پارتەکە و ئەندامانی هێزەکانی پێشمەرگە کوژران.

لە ساڵی 2022 دا سوپای پاسدارانی ئێران جارێکی دیکە هێرشی ئاسمانی کردە سەر هەولێری پایتەخت و شاری سلێمانی.

دوای ئەوەی تاران لە ڕێی بەغدادەوە هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق نێچیرڤان بارزانی سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتەدا کۆبووەوە، بە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئییشەوە.

لە کاتێکدا کە ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە ئەو گروپە کوردییانە مەترسین لەسەر ئاسایشی وڵاتەکە، نوێنەرانی فراکسیۆنە کوردییە ئێرانییەکان قسەیان بۆ ڕادیۆی فەردا کرد و ئەو بانگەشانەیان ڕەت کردەوە و وتییان ئێران پاڵنەری دیکەی هەیە.

ڕەزا کەعبی سکرتێری گشتی کۆمەڵە وتی ئێران سەنگی خستووەتە سەر فشارەکانی بۆ سەر پارتە کوردییەکان، لە ڕێی بە ئامانجکردنییان بە موشەک و چەکی مەودا دوورەوە.

وتی بەڵام لە ڕاستیدا " کۆماری ئیسلامی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردی کردە ئامانج."

هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی 2017 دا ڕیفراندۆمی ئەنجامدا و بە زۆرینەی دەنگ لە بەرژەوەندی جیابوونەوە لە عێراق و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دەنگییاندا.

سەرکردە کوردییەکان وتییان ڕیفراندۆمەکە دەستبەجێ نابێتە هۆی سەربەخۆیی، بەڵام لەلایەن بەغدادەوە دژایەتی کرا. بەڵام وڵاتانی دراوسێی وەکو ئێران و سوریا و تورکیا، کە دانیشتوانێکی گەورەی کوردییان تێدایە، پێیان وابوو ڕیفراندۆمەکە نیشانەیەکی بێزارکەری جیابوونەوەیە.

سامی ڕیکانی چالاکەوانی سیاسیی سەربەخۆ وتی دوای ڕیفراندۆمەکە فشارەکان لەلایەن ئێران و تورکیاوە زیاتر بوون.

وتی " بەتایبەتی دوای ڕیفراندۆمەکە لەسەر سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی 2017 دا، عێراق و تورکیا گەیشتن بەو دەرەنجامەی کە دەبێت دەست بکەن بە پڕۆسەی ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە کوردییەکان."

XS
SM
MD
LG