Accessibility links

یەک ملیۆن هاووڵاتی لە غەزە ئاوارەبوون


ڕۆژی یەکشەممە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون، ئەوەش دوای بەردەوامبوونی بۆردومانەکانی ئیسڕائیل و هۆشدارییەکان لەسەر هێرشێکی زەمینی ئیسڕائیل دژی فەرماندەکانی حەماس لە ناو غەززەدا.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ئیسڕائیل جەنگی ڕاگەیاند، ڕۆژێک دوای ئەوەی چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و دزەیان کردە ناو ئەو وڵاتەوە و زیاتر لە 1400 کەسییان کوشت، کە زۆربەیان سڤیل بوون.

حەوت ڕۆژ لە هێرشە ئاسمانییە بەردەوامەکانی ئیسڕائیل دژی پلانگێڕانی هێرشەکەی حەماس لە غەزە، زیاتر لە 2300 کەس لە غەززە کوژراون، کە زۆربەیان هاووڵاتی ئاسایی غەزەن.

بەڵام تەنانەت لە کاتێکیشدا کە ئیسڕائیل هەوڵ دەدات تۆڵەی هێرشە کوشندەکەی حەماس بکاتەوە، ڕووبەڕووی هۆشداری بووەتەوە سەبارەت بەو کێشە ئاسایشییانەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە ئەگەر سەربازەکانی بنێرێتە کەرتی غەزەوە، کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوانی تێدا دەژی.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان وتی " کەس ناتوانێت گرەنتی کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە و فراوان نەبوونی ململانێکە بدات "، ئەگەر ئیسڕائیل سەربازەکانی ڕەوانەی ناو غەزە بکات.

وتیشی " ئەوانەی کە دەیانەوێت ڕێگری لە فراوانبوونی جەنگەکە و فراوانبوونی قەیرانەکە بگرن دەبێت ڕێگە لەم هێرشە دڕندانەیەی ئێستا بگرن دژی هاووڵاتیانی سڤیل لە غەززە."

ئێران دوژمنی سەرسەختی ئیسڕائیلە و لە ڕووی داراییەوە پشتیوانی لە حەماس و حیزبوڵای لوبنانیش دەکات، هەفتەی ڕابردوو شەڕەکەی نێوان حیزبوڵای لوبنان و ئیسڕائیلیش چڕتر بووەوە.

لانیکەم 10 کەس لە لوبنان کوژراون و دوو کەسی دیکەش لە ئیسڕائیل کوژراون، ئەوەش ئیسڕائیلی ناچارکرد ناوچە سنوورییەکە بە ڕووی هاووڵاتیانی سڤیلیشدا دابخات.

ئێران ستایشی هێرشەکەی حەماسی کردوە بەڵام ڕەتی دەکاتەوە دەستی هەبووبێت تێیدا. بەڵام ئەمەریکا کە دوو کەشتی فڕۆکە هەڵگری ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند کردووە بۆ دەرخستنی پشتیوانی بۆ ئیسڕائیل، نیگەرانە.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان وتی ئەمەریکا لە پەرەسەندنی ململانێکە دەترسێت، بە تایبەتی ئەوەی ئێران " ڕاستەوخۆ بەشدار بێت " لە شەڕەکەدا.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سەردانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد، لە هەوڵێکی دیبلۆماتیدا بۆ دوورخستنەوەی قەیرانێکی فراوانتر لە ناوچەکەدا.

بڕیارە ڕۆژی دووشەممە بگەڕێتەوە بۆ ئیسڕائیل و گفتوگۆی زیاتر لەگەڵ ڕابەرانی ئیسڕائیلدا ئەنجام بدات. وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی بلینکن گەیشتووەتە میسڕ.

لە هەمان کاتیشدا بلینکن داوای لە چین کردووە کاریگەرییەکانی لە ناوچەکەدا بەکاربهێنێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

بەڵام ڕۆژی یەکشەممە وەزیری دەرەوەی چین وانگ یی وتی وەڵامەکەی ئیسڕائیل " گەیشتووەتە سەروو بەرگریکردن لە خۆوە."

هەروەها داوای لە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو و حکومەتەکەی کرد " سزادانی بە کۆمەڵی خەڵکی غەززە ڕابگرن."

ئیسڕائیل هەزاران سەربازی بە چەکی قورسەوە لە بیابانی باشووری وڵاتەکەدا کۆکردووەتەوە، چاوەڕێی داگیرساندنی گڵۆپی سەوز دەکەن بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی زەمینی بەرفراوان بۆ سەر غەززە.

سوپای ئیسڕائیل داوای لە 1.1 ملیۆن فەڵەستینی کردووە لە باکووری کەرتی غەزە، کە دەکاتە نزیکەی نیوەی 2.4 ملیۆن دانیشتووەکەی غەزە، بەرەو باشووری غەززە هەڵبێن و لەوێ پارێزراو بن.

لەلاکەی دیکەشەوە ئیسڕائیلییەکان دەیانگواستەوە بۆ ناوچە پارێزراوەکان.

وتەبێژی سەربازیی ئیسڕائیل ڕیچارد هێخت و دانیێڵ هاگاری وتییان هەر هێرشێکی زەمینی لە ڕێی " بڕیارێکی سیاسییەوە " ئەنجام دەدرێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG