لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە سوریا ڕووبەڕووی خراپترین خوێنڕشتن بووەتەوە، لە ڕۆژی پێنجشەممەوە زیاتر لە 1000 کەس لە توندوتیژییەکانی ناوچەی کەناری سوریا کوژراون.
توندوتیژییەکە بووەتە هۆی دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەکانی حکومەتە ئیسلامییەکەی سوریا و لایەنگرانی عەلەوییەکاندا.
سەدان هاووڵاتی سڤیلی عەلەوی کوژراون، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت کوژرانی ئەو هاووڵاتییانە وەکو تۆڵەیەک بووە لەسەر هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئاسایش.
چی هاندەری توندوتیژییەکان بووە، حکومەتە کاتییەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد کاردانەوەی چی بووە و زلهێزەکانی جیهانیش دەڵێن چی؟
توندوتیژییەکە ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو کاتێک بەرپرسان وتییان هێزەکانییان لە ناوچەکەی کەناری سوریا لەلایەن چەکدارانی سەر بە ڕژێمەکەی پێشووی بەشار ئەسەدەوە هێرشییان کراوەتەسەر.
حکومەتە ئیسلامییە سوننەکەی سوریا هێزی پشتیوانی ڕەوانەی ناوچەکە کرد، کە ژمارەیەکی زۆر لە عەلەوییەکانی تێدا دەژی، ناردنی ئەو هێزانە بۆ سەرکوتکردنی " هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراو و کوشندەی پاشماوەکانی حکومەتەکەی ئەسەد " بووە.
لە کاتێکدا حکومەت هێزی ڕەوانە کرد، مزگەوتەکانی ناوچەکە کە لایەنگری بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریان، دەستییان کرد بە داواکردن لە خەڵکەکە بۆ جیهاد، بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ئاسایش.
هەتاوەکو دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕاپۆرتەکان باسییان لەوە دەکرد کە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی سڤیل لە ململانێی خێڵایەتیدا لە گوند و شارۆچکەکانی عەلەوییەکاندا کوژراون. هەتاوەکو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ وتی 973 هاووڵاتی سڤیل لە هێرشەکانی تۆڵەکردنەوەدا لەلایەن هێزەکانی حکومەت یاخود چەکدارانی لایەنگری حکومەتەوە کوژراون.
وتیشی زیاتر لە 250 چەکداری عەلەوی کوژراون و زیاتر لە 230 ئەندامی هێزەکانی ئاسایش کوژراون.
عەلەوییەکان کێن؟
عەلەوییەکان دووەمین گەورەترین گروپی ئایینین لە سوریادا لە دوای موسوڵمانە سووننەکانەوە و شیعەن.
حکومەتەکەی بەشار ئەسەد خەڵکێکی زۆری عەلەوییەکانی لە سوپاکەی و ئاسایشەکەیدا دامەزراندبوو، ئاسایشەکەی بە ناوبانگ بوو بە دڕندەییەکەی لە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵی حکومڕانی بنەماڵەی ئەسەددا.
ئەمە وایکرد زۆرێک لە عەلەوییەکان لە شەڕی ناوخۆی سوریادا لە بەرەکانی پێشەوە بن. ئەحمەد ئەلشەرع سەرکردایەتی بەهێزترین گروپی ئیسلامی سووننەی کرد دژی ئەسەد، کە بە بەرەی نوسڕە ناسرابوو، گروپەکە بەشێک بوو لە ئەلقاعیدە تاوەکو ئەو کاتەی لە ساڵی 2016 دا لە قاعیدە جیابووەوە و ناوی گروپەکەی گۆڕی.
شەرع لە ساڵی 2015 دا لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ ئەلجەزیرەدا وتی عەلەوییەکان بەشێکن لەو خێڵەی کە " لە دینی خودا و ئیسلام هاتوونەتە دەرەوە " و داوای لێکردن ئەسەد ڕەت بکەنەوە و باوەڕییان بگۆڕن بۆ ئەوەی بە پارێزراویی بمێننەوە.
لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، شەرع بەڵێنیداوە بە شێوەیەکی گشتگیر سوریا بەڕێوەببات. بەڵام لە کاتێکدا کە بە ئاشکرا لەگەڵ کورد و کریستیان و دروزەکاندا قسەی کردووە، هیچ کۆبوونەوەیەکی ڕاگەیەندراو نەبووە لە نێوان ئەو و کەسایەتییەکانی عەلەوییەکاندا.
زۆرێک لە عەلەوییەکان دەڵێن هاوشێوەی هەر سوریاییەکی دیکە، لە ژێر دەسەڵاتی ئەسەد و باوکیدا ناڵاندوویانە.
پێش پەرەسەندنی توندوتیژییەکانی ڕۆژی پێنجشەممە، چالاکەوانانی عەلەوییەکان باسییان لە توندوتیژی و هێرش کردبوو دژی کۆمەڵگەکەیان لە دوای ڕووخانی ئەسەدەوە، بە تایبەتی لە حومس و لازقییە.
شەرع چی وتووە سەبارەت بە توندوتیژییەکان؟
ڕۆژی یەکشەممە شەرع لە وتارێکدا وتی پاشماوەکانی حکومەتەکەی ئەسەد بە پشتیوانی لایەنە دەرەکییەکان، هەوڵی دروستکردنی ناکۆکییەکییان داوە و هەوڵییان داوە دووبارە سوریا ڕابکێشنەوە ناو شەڕی ناوخۆ بە ئامانجی دابەشکردنی.
بەڵێنیشدا کۆمیتەیەک پێکبهێنێت بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان و ئەنجامەکانیش بڵاودەکرێنەوە، بەڵێنیدا لێپێچینەوە لەگەڵ هەر کەسێکدا بکرێت کە بەشداربووە لە " خوێنڕشتنی هاووڵاتییانی سڤیل " یاخود خراپ مامەڵەکردن لەگەڵییاندا.
پێکهێنانی کۆمیتەیەکی ڕاگەیاندووە بە ئامانجی پاراستنی ئاشتی مەدەنی، ئەرکی کۆمیتەکە قسەکردن دەبێت لەگەڵ خەڵکی ناوچەکانی کەناری سوریا و دابینکردنی ئەو پشتیوانییەی کە پێویستییانە بۆ پارێزراوییان.
زلهێزەکانی جیهان دەڵێن چی ؟
توندوتیژییەکە نیگەرانییەکی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە.
ئەمەریکا کە سزای بەسەر دیمەشقدا سەپاندووە، داوای لە بەرپرسانی سوریا کرد لێپێچینەوە لە " تیرۆریستە توندڕەوە ئیسلامییەکان " بکەن کە خەڵکییان لە سوریا کوشتووە و وتی لە پاڵ کەمینە ئایینی و نەژادییەکانی سوریادا دەوەستێت.
وەزیری بەرگری ئیسڕائیل ئیسڕائیل کاتز وتی ئەو کارە دڕندانانەی کە دژی عەلەوییەکان ئەنجام دراون پیشانیدا کە شەرع " ڕووە ڕاستەقینەکەی خۆی " وەکو جیهادییەک دەرخست.
بەڵام سعودیە و تورکیا کە هەردووکییان هاوپەیمانی دیمەشقن، پشتیوانی خۆیان بۆ بەڕێوبەرایەتییەکەی سوریا دەربڕی. ڕیاز سەرکۆنەی " تاوانەکانی گروپە نایاساییەکانی " ناو سوریای کرد و سەرکۆنەی بە ئامانجکردنی هێزەکانی ئاسایشی کرد.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان کە وڵاتەکەی هێزی هەیە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا، داوای ئارامی کرد و بەشێکی هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ لایەنە دەرەکییەکان.
ئێران کە پشتیوانی لە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەکرد، هۆشداریدا و وتی توندوتیژییەکان لە سوریا دەکرێت ببنە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەکەدا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز