Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە غەززە زیانییان پێگەیشتووە


بەپێی وێنەکانی مانگە دەستکردەکان کە نەتەوە یەکگرتووەکان شیکاری بۆ کردوون، زیاتر لە نیوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لە غەززە بەهۆی شەڕەکەوە زیانییان پێگەیشتووە.

داتاکان زیادبوونی لە ناوچوونی بەروبوومی کێڵگەیی و سەوزەواتەکان لە کەرتی غەززە پیشان دەدەن، کە لەوێ برسێتییەکی بەرفراوان کەوتووەتەوە بەهۆی شەڕەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکخراوی تەندروستی جیهان هۆشداریدا لەوەی زۆرێک لە غەززە ڕووبەڕووی " برسێتییەکی کارەساتاویی و هەلومەرجی هاوشێوەی برسێتی بوونەتەوە."

لە ڕێی بەکارهێنانی وێنەکانی مانگە دەستکردەکانەوە کە لە نێوان مانگی پێنجی ساڵی 2017 ەوە بۆ مانگی پێنجی ساڵی 2024 گیراون، ناوەندی مانگی دەستکردی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆیان دەرکەوت کە لە سەدا 57 ی زەوییە کشتوکاڵییە هەمیشەییەکانی غەززە کە گرنگن بۆ ئاسایشی خۆراک، لە چڕی و تەندروستییاندا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبوونەتەوە و خراپبوون.


ناوەندی مانگی دەستکردی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی " لە مانگی پێنجی ساڵی 2024 دا تەندروستی و چڕیی بەروبوومەکان لە سەرانسەری کەرتی غەززەدا نیشانەی کەمبوونەوەیان لێدەرکەوتووە بە بەراورد لەگەڵ حەوت ساڵی ڕابردوودا."

وتی " هۆکاری ئەم خراپبوونە دەگەڕێتەوە بۆ چالاکییەکانی پەیوەست بە ململانێکانەوە، لەوانەش ڕووخاندن و جووڵەی ئوتومبێلی گەورە و بۆردومان و تۆپبارانەکان."

ڕۆژی چوارشەممە بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تێدرۆس ئادهانۆم گیبریسیۆس وتی زیاتر لە 8000 منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵ هەن لە غەززە کە چارەسەری بەدخۆراکی توند وەردەگرن.

ناوەندی مانگی دەستکردی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی جگە لە زیان گەیشتن بە زەوییە کشتوکاڵییەکان، گەرمخانەکانی سەرانسەری کەرتی غەززەش زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.

بەپێی خەمڵاندنەکان، ناوەندی مانگی دەستکردی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت کەرتی غەززە 151 کیلۆمەتر موڕەبەع زەوی کشتوکاڵی هەیە، کە ئەوەش دەکاتە نزیکەی لە سەدا 41 ی ڕووبەڕی کەرتی غەززە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG