بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکان: هێرشەکانی سەر کۆرومۆر نیگەرانی و دڵەڕاوکێیان دروستکردووە

ڕۆژی شەممە، جارێکی تر کۆمپانیای غازی کۆرومۆر لە ناوچەی قادر کەرەمی سنوری قەزای چەمچەماڵ درایە بەر کاتیۆشا، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هێرشەکە بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاست دەکاتەوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، بۆ یەکەمجار هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عێراقەوە ئەنجامدرا، دوێنێ هەینی، بۆ دووەمجار هێرشکرایە سەر ئەو کێڵگەیە، ڕۆژی شەممە و کەمێک لەمەوبەریش بۆ جاری سێیەم هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر.

ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"هێرشەکان زیانی گیانی و مادی یان بە دواوە نەبووە، بەڵام دڵەڕاوکێیان دروستکردووە."

هێرشەکان لە ناوچەکانی نزیک شاری کەرکوکەوە ئەنجام دەدرێن، کە لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق دان و هێزە شیعەکان باڵادەستن تێیدا، لە کاتێکدا ئەمڕۆ شەممە، هێزێکی سەربازی عێراق بە بیانووی لێکۆڵینەوەوە ویستیان لە کێڵگەکە نزیک ببنەوە.

لە بارەی ئەو لایەنانەی لە پشت هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرومۆرەوەن، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتی"تا ئێستا دیار نیە، هێزە ئەمنیەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن."

کێڵگەی غازی کۆرومۆر لەلایەن کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتیەوە کاری وەبەرهێنانی تێدا ئەنجام دەدرێت، ڕۆژانە 453 ملیۆن پێ سێجا غازی لێ بەرهەم دەهێنرێت.

ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم جەختیکردەوە"جگە لە بەرهەم هێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرومۆر، کارەباش بەرهەم دەهێنرێت، کۆمپانیای دانە غازیش بەردەوامن لە ئیش و کارەکانیان."

دوای ئەنجامدانی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی ڕۆژی شەممە و ڕۆژانی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرومۆر لە ناوچەی قادر کەرەم، حکومەتی عێراق لە ناوچەکە بە بیانووی جیاجیاوە هێزی جوڵاندووە، ئەمەش مەترسی پەلاماردانی کێڵگەکەی لای خەڵکی هەرێم دروستکردووە، کە سەرچاوەیەکی گرنگی غاز و کارەبا و داهاتی هەرێمی کوردستانە.

لە بارەی بوونی مەترسی پەلاماردانی کێڵگەی کۆرومۆر لەلایەن عێراقەوە، ئەحمەد موفتی بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم گوتی"ئەم پرسیارە ئەمنیە، ئێمە تەنها بەرهەمهێنانی غاز و کارەبامان لەسەرە، ئەمنیەتی کێڵگەکە لای وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ترە."

لە ئێستادا هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئاسایشییەکان لە سنوری ناحیەی قادر کەرەم خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەر و ڕووداو و پێشهاتێک.