لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی: گۆڕانکارییە گەورەکانی دونیا وایانکردووە ناڕەزایەتییەکانی ئێران چەقی سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی نەبن

لێکۆڵەرێکی نێودەوڵەتی پێیوایە، گۆڕانکاریە گەورەکانی دونیا، بە تایبەت شەڕی روسیا و ئۆکرانیا لەگەڵ کۆنفرانسی پارتی کۆمۆنۆنیستی چین و چاوەڕوانییەکان بۆ ئەنجامی کۆنفرانسەکە و ئەگەری گۆڕانکاری لە حوکمی ئەو وڵاتە، وایانکردووە ناڕەزایەتییەکانی ئێران چەقی سەرنجی دونیا نەبن، گەرچی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئیدانەی توندوتیژیەکانیان کردووە.
لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی، دەڵێت"گەورەترین وەرچەرخان لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران، بەشداریکردنی کرێکارانی پترۆکیمیاوی و نەوتە لە مانگرتن و ناڕەزایەتیەکان دا، چونکە ئەم توێژە لە ساڵی 1979 ەوە، ڕۆڵی سەرەکییان لە لاوازکردنی سستمەکەدا هەبووە، ڕەنگە ئەمە ئەو بڕوایە لای خەڵک دروست بکات، دۆخەکە گەیشتبێتە قۆناغێکی جیاوازتر."
جەختیشیکردەوە "ژنان و خوێندکاران دوو توێژی گرنگی ئێرانن، بەڵام لەو توێژانە نین بتوانن سستمی حوکمڕانی پەکبخەن، لەکاتێکدا کرێکاران دەتوانن قەیرانی گەورە بۆ حکومەت دروست بکەن، گەر وزە و نەوت لە ئێران توشی کەمبوونەوە بێت، بۆیە ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەیە، واشدەردەکەوێت ئێران یارییان لەگەڵ بکات، کاتێک ئێران ڕەزامەندی نیشانداوە بەوەی گوێییان لێدەگرێت."

دکتۆر سەردار عەزیز

بەڕای دکتۆر سەردار عەزیز، خەڵکی ئێران دەنگ نادات، یاخود بڕوای بەدەنگدان نەماوە، بۆیە حکومەتی ئێستا نوێنەرایەتی زۆرینەی خەڵکی ئێران ناکات، بەتایبەت توێژی گەنجان بڕوایان بەوە نییە، حکومەت بتوانێت وەڵامی خواستەکانیان بداتەوە، وتی"پێش کوشتنی ژینا ئەمینی، حکومەت خەریکبوو لە ڕێی جڵەوی کلتوریەوە، دەیویست خۆی توندتر بکات، ئەمەش دەرئەنجامەکەی بوو، بۆیە توێژی ژنان لاوان، بڕوایان بە دانوستان نییە لەگەڵ حکومەت، لەمەدا ڕەنگە ناڕەزایەتییەکان بەرەو بەردەوام بوون و فراوانبوون بڕوات، حکومەتیش بەدوای کارتی پەرتکردنی ناڕەزایەتییەکان یاخود ترساندنی خۆپیشاندەراندا بگەڕێت، بەتایبەت هەوڵیدا ناوچە کوردنیشینەکان بترسێنێت و هێزی لەناوچەی بەلوجستان بەکارهێنا، لەکاتێکدا لەناوچە فارسییەکان هەوڵی دانوستان و بەدوای ستراتیژی جیاوازتردا دەگەڕێت."
ئەو لێکۆڵەرە نێودەوڵەتییە پێیوایە، گۆڕینی سیاسەتی ئێران یاخود بانگەشەکردن بۆی لە ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان، بۆ ئێران قورسە و ناتوانێت گۆڕانی گەورە بەسەر سستمەکەدا بهێنێت، چونکە هەر دەستکاریەک دەبێتە هۆی داڕوخان، هاوشێوەی سۆڤیەتی جاران، وتی"ئێستا ئێران لە قۆناغی ڕاگوزەردایە، تەمەنی کەسی یەکەمی گەیشتووەتە سەرووی هەشتا ساڵ، جێگرەوەکەی کە کوڕەکەیەتی خۆی ئامادە دەکات، ئەمە وەرچەرخانە لە ناو سیستەمەکە و بە ئاسانی بەڕێوە ناچێت، بۆیە پێویستییان بە یەکڕەنگییە تا بتوانن قۆناغی ڕاگوزەر تێپەڕێنن، چاوەڕوان ناکرێت لەم حکومەتە گۆڕانکاری زۆر بکات."
وتیشی"ڕەنگە هەوڵی کرانەوە بەڕووی دەرەوە بدات، بەهۆی ئابڵوقەی سەری، ئەمە دەبێتە هۆی بەهێز بوونی و ڕووبەڕوو بوونەوەی ناوەوە، ئەمەش ئاسان نییە و گرێدراوە بە ڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە، لە کاتێکدا ئەمەریکا سەرقاڵی هەڵبژاردنی ناوخۆییە."
دکتۆر سەردار عەزیز ئاماژەی بەوەشکرد، ناڕەزایەتیەکانی ئێران لە ساتەوەختی ڕووداوە گەورەکانی جیهاندایە، بە تایبەت شەڕی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا، هەروەها جیهان چاوەڕوانی بڕیارە مێژووییەکەی چین دەکات، کە ئەم مانگە کۆنگرەی پارتی کۆمۆنیستی دەبەسترێ و ڕوون نییە درێژە بە حوکمڕانی سەرۆک دەدرێ یان نە، وتی"راستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناڕەزایەتی بەرامبەر ڕووداوەکانی ئێران دەربڕیووە، بەڵام گۆڕانکارییە گەورەکان وایانکردووە، ئێران نەبێتە چەقی سەرنجی دونیا، ئینجا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەترسێت ئەنجامی ناڕەزایەتییەکان پشێویان بەدوادا بێت، یاخود نرخی وزە بەرز بێتەوە، لەکاتێکدا ناوخۆی ئێران پێویستی بە پشتیوانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیە لەڕووی تەکنەلۆژیا و دارایی و میدیاوە کە وەک پێویست نییە."

ئەمەش ببینە ئێران سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ناوچە کوردییەکان توندتر دەکات

دەربارەی ناڕەزایەتییەکانی نێو ئێران و کاریگەری لەسەر یەکهەڵوێستی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، دکتۆر سەردار دەڵێت"هێشتا ڕوون نییە، ئێران لە ژێر فشاری ناڕەزایەتییەکاندایە و دەیەوێت دانوستان بکات، یاخود ئەمە فێڵە بۆ ساردکردنەوە و درز خستنە نێو خۆپیشاندەران، بەتایبەت زۆرجار لە کاتی دانوستانی نێوان حکومەت و خۆپیشاندەران دا، دەگمەن خواستی خۆپیشاندەران جێبەجێ دەکرێت، وتی"گەر ناڕەزایەتییەکان پەرتبوون لە نێو موحافیزکاران دا دروست بکات، دەرخەری ئەوەیە فشارەکان لە قۆناغێکی هەستیاردان، یاخود هەوڵدەدرێ خۆپیشاندەران ئیدارە بدرێ، ئەمانە کاریگەریان لەسەر ئیدارەدانی وڵات دەبێت."
لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، دکتۆر سەردار عەزیز لێکۆڵەری نێودەوڵەتی پێیوایە، هەڵەیە گەر کوڕی شای پێشووی ئێران و موجاهیدین بە ئۆپۆزسیۆن ناو ببرێن، چونکە ئەمانە ناتوانن گۆڕانکاری بەسەر سیستمەمی حوکمڕانی ئێران دا بهێنن، بەتایبەت ئێران وڵاتێکە پڕە لە شوناس و خواستی جیاواز و شوناسە جیاوازەکانیش هەوڵی بەدەستهێنانی ماف دەدەن، وتی"ئێرانی مەرکەزی سەقامگیر نابێت، دۆخەکە لەوە دەرچووە خەڵک بتوانێت لە سایەی یەکجۆر سیستەم دا پێکەوە بژین، ئۆپۆزسیۆنیش کاتێک لەدەرەوە و لە ژێر فشاردایە، ئەستەمە بتوانێت جێگرەوەی حوکم بێت، چونکە ئەزموونی نییە."

Your browser doesn’t support HTML5

دڵشاد ئەنوەر