ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی: بەهۆی کۆنترۆڵكردنی تاقیگەیەک لەلایەن چەکدارانی سودانەوە مەترسییەکی گەورە دروست بووە

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئەمڕۆ سێشەممە هۆشداریی دا، هێزەکانی کە تاقیگەیەکی گشتیی نیشتمانییان لە سودان داگیرکردووە کە نموونەی نەخۆشییەکانی نەخۆشییەکانی وەکو ئیفلیجی منداڵان و سورێژە تێدایە، دۆخێکی "لەڕادەبەدەر مەترسیدار"ی دروستکردووە.

نیما سەعید عابید، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سوودان وتی، چەکدارەکان "هەموو تەکنیکارەکانیان لە تاقیگەکە دەرکرد و بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی یەکێک لە لایەنەکانی بەشەڕچووی سودانە کە وەکو بنکەیەکی سەربازی بەکاری دەهێنن".

ئەو ئاماژەی بەوە نەکرد کام لایەن تاقیگەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.

عابید ئاماژەی بەوەشکرد، ڕۆژی دووشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە بەرپرسی تاقیگەی نیشتمانی لە خەرتوم پێگەیشتووە، ئەمەش ڕۆژێک پێش ئەوەی ئاگربەستێکی 72 کاتژمێری بە نێوەندگیری ئەمەریکا لە نێوان ژەنەراڵە شەڕکەرەکانی سودان بە فەرمی دوای 10 ڕۆژ لە شەڕی شارەکاندا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

عابید دەشڵێت "مەترسییەکی بایۆلۆجی گەورە هەیە کە پەیوەندی بە داگیرکردنی ناوەندی ئەو تاقیگەی تەندروستی گشتیەوە هەیە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تاقیگەیە وەکو شێنێکی جیاکردنەوە بەکارهاتووە و کۆمەڵێک نمونەی نەخۆشییە کوشندەکانی وەکو ئیفلیجی منداڵان، سورێژە و کۆلێرای تێدایە.

هەروەها دەزگای تەندروستی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی ئەم شەڕەدا 14 هێرشیان بۆ سەر بنکەی تەندروستی پشتڕاستکردووەتەوە کە لە ئەنجامدا هەشت کەس کوژراون و دوو کەسیش برینداربوون.

هۆشداریشی داوە کە " بەهۆی نەبوونی کارەبا خوێنی عەمبارکراو تێکچوون و ئەمەش مەترسیەکی زۆر بۆ سەر تەندروستی گشتی دروست دەکات."

عابید دەڵێت "جگە لە مەترسییە کیمیاییەکان، مەترسییەکانی بایۆلۆجیش زۆر بەرزن بەهۆی نەبوونی مۆلیدەی کارا".

ڕۆژی سێشەممە ڕێکخراوی تەندروستیی سودان ڕایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی سودان ژمارەی گیانلەدەستدانەکانی تا ئێستا بە 459 کەس داناوە و 4072 کەسی دیکەش بریندارن، ئەوەشی خستەڕوو کە نەیتوانیوە ئەو ژمارەیە پشتڕاست بکاتەوە.