بەهۆی سوتاندنی قورئان لە سوید، تاڵیبان چالاکییەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانسان ڕادەگرێت

تاڵیبان ڕۆژی سێشەممە فەرمانی ڕاگرتنی سەرجەم چالاکییەکانی سویدی لە ئەفغانستان دەرکرد بەهۆی سووتاندنی قورئان، لە خۆپیشاندانێکی مانگی ڕابردوو لەو وڵاتەدا.

لە ناڕەزایەتییە ڕێگەپێدراوەکەی 28 ی مانگی شەشدا، هاووڵاتییەکی عێراقی دانیشتووی شاری ستۆکۆڵم لە دەرەوەی گەورەترین مزگەوتی پایتەختی سوید، قورئانی دڕاند و سوتاندنی ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ جەژنی قوربانی موسوڵمانان. ئەم ڕووداوەش توڕەیی و کاردانەوەی لە جیهانی ئیسلامیدا بەدوای خۆیدا هێنا.

تاڵیبان بە بەکارهێنانی ناوی فەرمی حکومەتکەی لە کابول گوتی " میرنشینی ئیسلامی چالاکییەکانی سوید لە ئەفغانستان ڕادەگرێت بەهۆی پێدانی مۆڵەتی سووکایەتیکردن بە قورئان و باوەڕی موسڵمانان."

بەگوێرەی بەیاننامەکە، فەرمانەکە کاریگەر دەمێنێتەوە "تا ئەوان (سوید) داوای لێبوردن لە موسڵمانان دەکەن لەسەر ئەم کارە قێزەونە." تاڵیبان داوای لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامیش کرد کە "پێداچوونەوە" بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سویددا بکەنەوە لەسەر ئەو "کوفرە".

ڕووداوی سووتاندنی قورئان لە سوید کاردانەوەی دەستبەجێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای بەدوای خۆیدا هێنا و حکومەتەکان بە توندی ئەو کارەیان شەرمەزار کرد. مەغریب باڵیۆزی خۆی لە ستۆکۆڵم کشاندەوە.

جەماوەرێک لە خۆپیشاندەرانی توڕە لە بەغدای پایتەختی عێراق بە خێرایی لە بەردەم باڵیۆزخانەی سوید کۆبوونەوە و هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەکە پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانداوە بڵاوەیان پێبکرێت. هەینی ڕابردوو دەیان هەزار کەس لە سەرانسەری پاکستان گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.

ئەمەش ببینە وەزیری دادی سوید دەڵێت تاوتوێی یاسایەک دەکرێت بۆ ڕێگریکردن لە سوتاندنی قورئان بە ئاشکرا

هاوشێوەی وڵاتانی تری ڕۆژئاوا سویدیش لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 باڵیۆزخانەی خۆی لە ئەفغانستان داخست و سەرجەم کارمەندەکانی بە هاووڵاتیانی سویدی و ئەفغانستانیشەوە لەوێ دەکرد، کاتێک تاڵیبانی یاخیبووی ئەوکات کۆنترۆڵی وڵاتەکەی کردەوە.

کارمەندانی فریاگوزاری ڕۆژی سێشەممە ڕایانگەیاند، پێدەچێت فەرمانەکەی تاڵیبان کاربکاتە سەر ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکانی کۆمیتەی سویدی ناحکومی بۆ ئەفغانستان ناسرا و بە SCA، لەو وڵاتە هەژارەی کە بەهۆی شەڕەوە وێران بووە.

ئەو گروپە خێرخوازە بەرنامەکانی گەشەپێدان بەڕێوەدەبات، لەوانەش چاودێری تەندروستی و پەروەردە، لە 19 پارێزگای ئەفغانستان، نزیکەی 6 هەزار کەس کاریان بۆ دەکات کە زۆربەیان ئەفغانین. لە ڕێگەی نەخۆشخانە و ناوەندە پزیشکییەکانی لە ئەفغانستانەوە پەروەردە بۆ نزیکەی 90 هەزار منداڵ و چاودێری تەندروستی بۆ دوو ملیۆن کەس دابین دەکات.

SCA دەستبەجێ هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەگەری ڕاگرتنی چالاکییەکانی لەلایەن تاڵیبانەوە نەدا.

ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان لە ئەفغانستان پێشتر لەژێر گوشاری تونددا بوون، دوای ئەوەی تاڵیبان قەدەغەکردنی دامەزراندنی کارمەندی ژنانی ئەفغانی، لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی دیکە قەدەغە کرد. هەروەها تاڵیبان ڕێگری لە خوێندنی کچان کرد لە پاش پۆلی شەشەی سەرەتاییەوە.

سنووردارکردنی ئازادی ژنان بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندن و کارکردن و کەمبوونەوەی بودجەی بەخەشەرەکان وایکردووە نەتەوە یەکگرتووەکان پلانی ساڵانەی یارمەتییە مرۆییەکانی بۆ ئەفغانستان بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار کەمبکاتەوە، ئەمەش دەزگاکانی فریاگوزاری ناچارکردووە واز لە هاوکارییە گرنگەکان بهێنن بۆ ملیۆنان کەس لە سەرانسەری وڵاتدا .

ڕاپۆرتی ئەیاز گول، پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا لە ئیسلامئاباد