ئەنجومەنی مافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ئیدانەکردنی سوتانی قورئان دەدات، هەندێک لە وڵاتانیش پێیان وایە ئازادییەکان پێشێل دەکات

ئەنجوومەنی مافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی چوارشەممە دەنگی دا بە ئیدانەکردنی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی قورئان سووتاندن، بەڵام زۆرێک لە وڵاتان ڕەتیانکردەوە پشتگیری لە بڕیارنامەکە بکەن، لە ترسی ئەوەی کە ببێتە بەربەست لەسەر ئازادی بیروڕا دەربڕین.

سەرەڕای ئیدانەکردنی زۆری بێڕێزی کردن بە کتێبی پیرۆزی موسڵمانان، بەڵام دەنگدانەکە دابەشبوونێکی زیاتری بەدوای خۆیدا هێنا نەک یەکێتی، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا دەڵێن کەمێک کارکردنی زیاتر دەکرا بڕیارێکی بەهێزتر و یەکدەنگی لێبکەوتایەتەوە.

پاکستان و وڵاتانی دیکەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو پەنابەرێکی عێراقی لە دەرەوەی مزگەوتی سەرەکی ستۆکۆڵم لاپەڕەکانی قورئانی سووتاند، مشتومڕ و بڕیارنامەیەکیان هێنایە ئاراوە. ئەو ڕووداوە کاردانەوەی دیپلۆماسی لە سەرانسەری جیهانی موسڵماناندا لێکەوتەوە.

دەستەی باڵای مافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە 28 دەنگی بەڵێ، بەرامبەر 12 دەنگی نەخێر و حەوت دەنگی بێ لایەن، پشتگیری لە بڕیارنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی ڕق و کینەی ئاینی.

سەرەڕای ئەوەی دەنگەکە درا بەڵام لە ناو هۆڵەکەدا هەست بە جۆش و خرۆشێکی زۆر نەدەکرا.

ئەمەش ببینە بەهۆی سوتاندنی قورئان لە سوید، تاڵیبان چالاکییەکانی ئەو وڵاتە لە ئەفغانسان ڕادەگرێت

بەریتانیا، ئەمەریکا، وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لەوانەش فەرەنسا و ئەڵمانیا، لەگەڵ کۆستاریکا و مۆنتینیگرۆ، دژی بڕیارنامەکە دەنگیان دا.

میشێل تەیلەر باڵیۆزی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە کات و گفتوگۆی زیاتر، دەکرا کۆدەنگییەک هەبوایە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەداخەوە نیگەرانییەکانمان بە جددی وەرنەگیرا".

"بەڕاستی نیگەران بووم کە ئەم ئەنجومەنە ئەمڕۆ نەیتوانی بە یەک دەنگ بڕیار لەسەر ئیدانەکردنی ئەو پرسە بدات کە هەموومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی کردەوەیەکی ڕق و کینەی دژ بە موسوڵمانان بوو، لە هەمان کاتدا ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕینیش دەگرین."

خەلیل هاشمی باڵیۆزی پاکستان کە بە نێوی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامییەوە قسەی هەستی بە سەرکەوتنێکی ڕاستەقینە نەکرد.

هاشمی سوور بوو لەسەر ئەوەی کە بڕیارنامەکە هەوڵی کەمکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین نادات، بەڵکو ئامانج لێی دروستکردنی هاوسەنگیی بووە.

ئەو گوتی "بەداخەوە هەندێک دەوڵەت دەستبەرداربوونیان لە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبژاردووە بۆ ڕێگریکردن و بەرپەرچدانەوەی بەڵای ڕق و کینەی ئایینی."

لە ناوەڕۆکی بڕیارنامەکەدا ئیدانەی هەموو دەرکەوتەکانی ڕق و کینەی ئایینی دەکات، لەوانەش "کردەوەی گشتی و بە ئەنقەست بۆ بێڕێزی کردن بە قورئانی پیرۆز"، هەروەها جەخت لەسەر پێویستی لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکات کە ئەو کارانە دەکەن.

داوا لە دەوڵەتەکان دەکات یاساکان پەسەند بکەن بۆ " چارەسەرکردن، ڕێگری کردن و بەرپرسیارکردنی ئەو کردەوانە و داکۆکیکردن لە ڕقی ئایینی کە جیاکاری، دوژمنایەتی یان توندوتیژی هان دەدات."

هەروەها دەیەوێت ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی مافەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ژێر ڕۆشنایی بڕیارنامەکەدا بۆشاییەکانی یاسای وڵاتان دەستنیشان بکات.

ئەمەش ببینە پاپا فرانسیس سوتاندنی قورئان شەرمەزار دەکات

وڵاتانی بێنین، شیلی، مەکسیک، نیپاڵ و پاراگوای لە نێو ئەو ڵاتانەبوون کە ئامادەی دانیشتنەکە نەبوون.

فرانسیسکا مێندێز ئیسکۆبار باڵیۆزی مەکسیک گوتی "هەموو ڕەخنەیەک لە ئایین ناگاتە ئاستی هاندانێک بۆ جیاکاری، دوژمنایەتی یان توندوتیژی".

مارسێلۆ سکاپینی ڕیچیاردی باڵیۆزی پاراگوای ڕایگەیاند، بڕیارنامەیەک کە دەکرا هەموو وڵاتەکان پشتگیری بکەن " بە ڕوونی شیانی هەبوو".

وتیشی" ئەگەر نەتوانین لەسەر بابەتێکی وەها جەوهەری ڕێکبکەوین، ئەوە ئەمە نیشانەیەکی باش نییە بۆمان."

کلۆدیا فوینتێس خولیۆ باڵیۆزی شیلیش گوتی هەندێک لە بڕگەکانی "هەوڵی سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین دەدەن".

ئەرجەنتین، چین، کوبا، هیندستان، باشووری ئافریکا، ئۆکرانیا و ڤێتنام پشتگیریان لە بڕیارنامەکە کرد.

چن شو، باڵیۆزی چین دەڵێت "ترس لە ئیسلام لە هەڵکشاندایە، ڕووداوەکانی تایبەت بە بێڕێزی کردن بە قورئانی پیرۆز لە هەندێک وڵاتدا دووبارە و سێبارە ڕوویانداوە".

"ئەم وڵاتانە هیچیان نەکردووە بۆ جێبەجێکردنی ڕێزگرتن لە بڕیاری خۆیان بۆ پاراستنی ئازادی بیروباوەڕی ئایینی".

سەرەڕای پشتگیری لە بڕیارنامەکە، فێدریکۆ ڤیلێگاس باڵیۆزی ئەرجەنتین دانی بەوەدانا کە پێمان باش بوو بگەینە دەقێک کە کۆدەنگی و ڕوونی زیاتری تێدابێت.

سەرچاوە: فرانس پرێس