وتەبێژی حکومەتی هەرێم بۆ VOA: نیەتی جدی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

پێشەوا هەورامی

پێشەوا هەورامی

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، سەردانی وەزیرانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان تەوەری هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و دۆسیەی پەکەکەی لە خۆی گرتووە، دەشڵێت هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکیە لە گفتوگۆکان لە نێوان عێراق و تورکیا لە پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرێم.

پێشەوا هەورامی وتی، " ئێمە مەبەستمانبوو هەرێمی کوردستان بەشیک بێت لە گفتووگۆی هەناردەکرنەوەی نەوت. وە هەرێمی کوردستان ئێستا لایەنێکی سەرەکی گفتوگۆکانە و لە هەوڵی ئەوەداین میکانیزمێک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی هەناردە کردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە."

ڕۆژی پێنجشەممە 24/8/2023 هەریەک لە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ئاڵپئارسڵان بایراکتار وەزیری وزەی تورکیاگەشتنە هەرێمی کوردستان و چەندین دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حزبی ئەنجامدا.

لەو بارەیەوە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە گرنگیەکی زۆری بۆ هەرێم هەیە و پەیوەندیەکی باش و توندوتۆڵ لە هەموو سێکتەرەکان گرنگە. خاڵی هاو بەشمان هەیە کە گفتوگۆی لە بارەوە بکەین."

وتیشی، "وەزیری وزەی تورکیا ئەو ڕاستیەمان پێدەڵێت کە نیەتێکی جدی هەیە. وە لەم چەند ڕۆژەدا هەوڵەکان چڕ بوونەتەوە و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانیش باسی ئەو بابەتە کراوە. نیەت و هەوڵ هەیە بگەینە چارەسەرێک بۆ بابەتی هەناردە کردنەوەی نەوت."

هەناردەی نەوتی هەرێم کە زیاتر لە 5 مانگە ڕاگیراوە و تا ئێستاش تورکیا و عێراق نەگەشتوونەتە ڕێکەوتن بە مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوت.

جگە لە پرسی نەوت، چالاکیەکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری گرنگی گفتوگۆکانە لە نێوان هەردوو لا.

"تورکیا لە هەموو کۆبوونەوەکاندا باسی پەکەکەمان لەگەڵدا دەکات"

تورکیا لە ڕێگەی درۆنەکانیەوە بەردەوام هێرش دەکاتە سەرخاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بە بیانووی هەبوونی پەکەکەیە. هەر ئەمڕۆ دوو جار هێرشی درۆنی ئەنجامداوەو بە پێی بەیاننامەی دژەتیرۆری کوردستان بێت لە ناوچەی سیدەکان سێ کەس گیانیان لە دەستداوە کە ئەندامی پەکەکە بوون، دواتریش گوندی ساڵیاوای سەر بە قەزای پێنجوێنی کردە ئامانج.

لەو بارەیەوە پێشەوا هەورامی دەڵێت، " تورکیا لە هەموو کۆڕ و مناسەبەیەکدا ئەم بابەتە باس دەکات لە ئاستی وەزیری دەرەوە بێت یان هەربەرپرسێکی تری تورکیا، چونکە ئەوان کێشەیەکی قوڵیان هەیە لەگەڵ پەکەکە."

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەگەڵ سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ڕێکیخستبوو ڕایگەیاند، "پێداگری تەواومان بۆ پاککردنەوەی خاکی عێراقە لە تیرۆری پەکەکە."

وتیشی،"هەولێر هاوکارێکی باشمان بووە لە شەڕی دژی تیرۆر."

هەرچی وتەبێژی حکومەتی هەرێمە دەڵێت، "ئێمەش داوا کارین پەکەکە نەیەنە ناو ئەو جێگایانەی کە خەڵکی سڤیلی تێدایە، وە ئێرە نەکەنە هۆکارێک بۆ فڕۆکەکانی تورکیا تا زیان لە خاکی هەرێمی کوردستان بدات."

وتیشی،"پێویستە پەکەکە کێشەکانی خۆی بباتە دەرەوەی شارەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیان، هەرێمیش بەکار نەهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراووسێ، وە ڕێز لە یاساو دامەزراوەکانی هەرێم بگرێت."