دەزگای هەواڵی فارسی ئێران بڵاویکردەوە تاران هۆشداری دەداتە ئیسڕائیل لەسەر پەرەسەندنی ململانێکە ئەگەر ئیسڕائیل " دوژمنکارییەکان دژی فەڵەستینییەکان " ڕانەگرێت، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت لایەنەکانی دیکەی ناوچەکە ئامادەن بجوڵێن.
هەفتەی ڕابردوو گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینییەکان هێرشێکی کتوپڕی کوشندەی کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و لانیکەم 1300 ئیسڕائیلی کوشت، هەندێکیش دەڵێن ڕەنگە ئێران دەستی هەبووبێت لە هێرشەکەی حەماسدا بۆ سەر ئیسڕائیل.
وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان وتی " ئەگەر دوژمنکارییەکانی زایۆنییەکان نەوەستن، پەنجەی سەرجەم لایەنەکانی ناوچەکە لەسەر پەلەپیتکەکەیە."
ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەڵێنیدا " حەماس لە ناوببات "، لە کاتێکدا کە هێزەکانی ئیسڕائیل ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر غەزە، لە گەڕانییاندا بە دوای چەکداران و فەرماندەکانی حەماسدا.
ئیسڕائیل لە مێژە ئێرانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی خستنەوەی توندوتیژی لە ناوچەکەدا، ئەوەش لە ڕێی دابینکردنی چەکەوە بۆ حەماس. تاران دەڵێت لە ڕووی ئەخلاقی و داراییەوە پشتیوانی لە حەماس دەکات.
ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی وتی تاران دەستی نەبووە لە هێرشەکەی حەماسدا، بەڵام پێشوازی لەوە کرد کە " سوپاکەی ئیسڕائیل چاک ناکرێتەوە " و ستایشی " شکستی هەواڵگریی ئیسڕائیلی " کرد.
لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1979 دا، پشتیوانیکردن لە پرسی فەڵەستینییەکان پایەیەک بووە لە پایەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی ئێران لە ڕێیەوە خۆی وەکو ڕابەرێکی جیهانی موسوڵمانان دەربخات.
ئەمیرعەبدوڵاهیان کە هەفتەی ڕابردوو ئیسڕائیلی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ " کۆمەڵکوژی " لە ڕێی گەمارۆدانی کەرتی غەزەوە، وتی هێرشکردنە سەر غەزە " بەرەی نوێی بەرهەڵستی دەکاتەوە " لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
وتیشی " بەرپرسیارێتی ئەگەری کرانەوەی بەرەی نوێی بەرهەڵستی لە ناوچەکەدا و هەر پەرەسەندنێکی جەنگەکەی ئەمڕۆ ڕاستەوخۆ دەکەوێتە سەر شانی ئەمەریکا و ڕژێمی زایۆنی."
ڕۆژی شەممە ئەمیرعەبدوڵاهیان لە قەتەڕ لەگەڵ ڕابەری حەماس ئیسماعیل هەنییەدا لە قەتەڕ کۆبووەوە، لەوێ تاوتوێی هێرشە کوشندەکەی حەماسییان کرد بۆ سەر ئیسڕائیل و ڕێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بە هاوکارییەکانی نێوانییان، ئەوەش لە پێناو بە دەستخستنی ئامانجەکانی حەماسدا.