دکتۆر مەحمود عوسمان: ئێران لە سیاسەتی هەرێم و بەتایبەت پارتیش ناڕازییە بۆیە هێرش دەکاتە سەر هەرێم

د.مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری دیاری کورد

سیاسەتمەداری کورد مەحمود عوسمان سەبارەت بە هێرشەکانی شەوی ڕابردووی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئێران پێی وایە کورد زیاد لە سنوری خۆی لە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمەریکا و تورکیا ڕۆشتووە و لە سیاسەتی هەرێم و بە تایبەت پارتی ناڕازییە، بۆیە هێرش دەکاتە سەرهەرێم و هێرشەکانیشی بەردەوام دەبێت.

شەوی ڕابردوو، 15ی مانگی یەکی 2024، لە ڕێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرشی بەرفراوان کرایە سەر چەند ناوچەیەکی جیاواز لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. سوپای پاسدارانی ئێران بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاند کە بوونە هۆی کوژرانی 4 کەس و برینداربوونی چەندین کەسی تر.

دکتۆر مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێران لەو سیاسەتە ڕازی نییە کەکورد هەیەتی، لە حکومەت و بەتایبەت لە پارتی ناڕازییە. ئێران پێی وایە کورد زیاد لە سنوری خۆی لە گەڵ ئەمەریکا و تورکیا ڕۆشتووە."

وتیشی، " ئێران مەترسی زۆرە لەسەر کورد، دەتوانێت زەرەری گەورە لە کورد بدات."

هێرشەکانی شەوی ڕابردوو بە ئاڕاستەی چەند ئامانجێکی جیاواز بوون، کە دیارترینیان ماڵی سەرمایەداریكی کورد بە ناوی پێشڕەو دزەیی و کونسوڵخانەی نوێی ئەمەریکا و چەند ناوچەیەکی تربوون.بەو هۆیەشەوە 4 کەس گینیان لەدەستدا، بە پێی بەیاننامەی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش سەرجەم قوربانیەکان هاوڵاتی سڤیل بوون.

بەڵام سوپای پاسداران دەڵێت هێرشەکانیان بۆ سەر چەند بنکەو بارەگایەکی "جاسووسی" دژ بە ئێران بووە، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ئەمڕۆ ڕایگەیاند، "هەنگاوەكانی شەوی رابردوو لەپێناو بەرگری لە دەسەڵات و ئاسایشی وڵات بووە، هێرشەكان بەشێك لە سزای ئێرانە بۆ تێكدەرانی وڵات."

هێرشەکە کاردانەوەی زۆری ناوخۆیی دەرەکی لێکەوتەوە، لەلایەن ئەمەریکا و بەرپرسانی حکومەتی عێراق و هەرێمەوە بە توندی ئیدانەکرا.

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، هیچ بنکە و بارەگایەکی ئەمەریکی بە ئامانج نەگیراوە و ئەمەریکا هیچ زیانێکی لە هەولێر نەبووە.

مەحموود عوسمان دەڵێت، " ئەمەریکا دەبوو کورد بپارێزێت، بەڵام بێدەنگە و دەڵێت ئێمە هیچ خەسارەتمان نییە، گرنگ ئەوەیە خۆیان بەر نەکەون ئەگینا پارێزگاری لە کورد ناکەن، حکومەتی عێراقیش لەگەڵ ئێران ڕێکە و کوردیش خۆی یەکگرتوو نییە; کەواتە کێ دیفاع لە کورد بکات؟"

وتیشی،" ئیتر هێرشەکان بەردەوام دەبێت, چ ڕێگریەک هەیە تا بەردەوام نەبێت."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد.

ماسیۆ میللەر لە بەیاننامەکەیدا دەڵێت، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئێران بۆ سەر هەولێر دەکات و سەرەخۆشی لە کەسوکاری کوژراوەکان دەکەین. ئێمە دژی هێرشە موشەکییە بێباکەکانی ئێرانین کە سەقامگیری عێراق تێکدەدات. ئێمە پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵکی عێراق."

هەر ئەمڕۆ قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق گەشتە هەولێر و خۆی سەرپەرشتی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکەی شەوی ڕابردووی هەولێر کرد. دوای لێکۆڵینەوەش ڕایگەیاند، " هیچ بنکەو بارەگایەکی ئیسرائیل و موساد لە شوێنە هێرشکراوەکانی هەولێر نەبووە و تەنها ماڵی سەرمایەدارێک کراوەتە ئامانج."

لەو بارەیەوە دکتۆر مەحموود عوسمان، ڕایگەیاند، "ئێران خۆشی دەزانێت ئیسرائیل و موساد لە هەولێر بوونیان نییە، ئەو کەسانەی لە سوریا لێی کوژراون لەلایەن ئیسرائیلەوە تۆڵە لە هەولێر دەکاتەوە."

وتیشی، " کورد ناتوانێت خۆی لە شەڕی ناوچەیی بە دوور بگرێت، کورد دەبێت هۆشیار بێت و باڵانس لەنێوان هێزە گەورەکان ڕابگرێت و نابێت تەنها پشتببەستێت بە ئەمەریکا چونکە ئەمەریکا پارێزگاری لێناکات. سیاسەتی ئێرانیش ئەوەیە دەیەوێت خۆی دەوری سەرەکی هەبێت لە ناوچەکە."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی سنور کەریم