سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دادگای پێداچوونەوەدا دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕۆژی دووشەممە لە میانەی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ئەندامانی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمدا تاوتوێی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کرد.

سەرۆکایەتی هەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت لە کۆبوونەوەکەی کە وەزیری دادی حکومەتی هەرێمیش بەشداربوو، "پرسی دواكه‌وتنی بڕیاری دادگای باڵای فیدڕالیی عێراق سه‌باره‌ت به‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان و ڕه‌هه‌نده‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كان و ئەگەر و لێكەوتەكانی، خرانە بەر باس و گفتوگۆ."

هەروەها دەشڵێت بارزانی جەختی لەوە کردووەتەوە "سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌موو ڕێكارێكی ده‌ستووری و یاسایی ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، لەمبارەیەشەوە ڕا و سەرنجی به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌ به‌هه‌ند و جێی بایه‌خ وه‌رده‌گیرێت و كاری جددیان له‌سه‌ر ده‌كرێت."

کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ سه‌رۆک و جێگران و ئه‌ندامانی دادگەی پێداچوونه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان لە کاتێکدایە ڕۆژی یەکشەممە دادگای فیدراڵی عێراق جارێکی تر بڕیاری لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی دواخست. بڕیارە ڕۆژی 18 ئەم مانگە دانیشتنی دادگا بکرێت.

تا ئێستا دادگای فیدڕاڵی عێراق نزیکەی 10 جار بڕیاردانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دواخستووە.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2 ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. یەکێتی داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێت.