لە یادی ڕاپەڕیندا، پارتی داوای پاراستنی قەوارەی هەرێم و یەکێتی داوای پێداچوونەوە بە حکومڕانی دەکات

بەرپرسە باڵاکانی هەرێم لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە یادی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دژ بە حکومەتی عێراق، لە چەندین پەیامی جیاوازدا هۆشدارییان دا لەو مەترسییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە.

پارتی داوای "پاراستنی" قەوارەی هەرێمی کوردستان و یەکێتی داوای "ڕاستکردنەوەی" حکومڕانی هەرێمی کوردستانی کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا داوای پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستانی کرد و وتی "بە دڵنیاییەوە سەروەریی هەموومان بەندە بە بوونی كوردستانەوە."

مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا بۆ یادی 33 ساڵەی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، "زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەن و پێکهاتە و هەر تاکێکی کوردستانی، بە یەکڕیزی و یەکدەنگی، داکۆکی لە دەستکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن. بۆیە پێویستە قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی كوردستان و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەیان پێ بدەین."

مەسرور بارزانی

لە پەیامێکی تردا بە بۆنەی ڕاپەڕین، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، داوای یه‌کڕیزی کرد "به‌رامبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌كانى سه‌ر فيدراڵى و ماف و ده‌ستكه‌وته‌كان و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان."

سەرۆکی هەرێم ڕایگەیاند، "مێژوو سه‌لماندوويه‌تى كه‌ ناكۆكى و دووبه‌ره‌كى، ئه‌زموونى زۆر تاڵن و زيانى زۆريان له‌ پێگه‌ و ده‌رفه‌ت و ده‌ستكه‌وته‌كان داوه‌. بۆيه‌ سه‌ركه‌وتنى ڕاپه‌ڕين ده‌بێ هه‌ميشه‌ بۆ هه‌موومان وانه‌ و نه‌خشه‌ڕێگه‌ى كارمان بێت."

نێچیرڤان بارزانی

مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەیاننامەیەکدا بارودۆخی سیاسیى عیراقی بە "هەستیار و مەترسیدار" لە قەڵەمدا و مەسعود بارزانی جەختی کردەوە لەوەی "پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن، نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن."

پارتی لە پەیامەکەیدا هۆشداری دەدات لەوەی دیموكراسییەت و فیدرالیزمی عێراق "لەبەردەم مەترسی ڕاستەقینەدان."

دەشڵێت، "فشاری زۆر و هەمەلایەنە بەردەوامە بۆ سەپاندنی هەندێك واقیع بەسەر كوردستاندا كە بە درێژایی سەدەیەك بە هێرش و پەلاماری سەربازی تا ئاستی جینۆساید نەیانتوانیووە بەسەر خەڵكی كوردستانیدا بسەپێنن ئێستا بە ناو و لە ڕێی یاساوە دەیانەوێت بیانسەپێنن."

بەڵام یەکێتی لە پەیامەکانیدا زیاتر جەختی لەسەر پرسی حکومڕانی و کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامی یادی ڕاپەڕیندا بە خەڵکی هەرێمی کوردستانی وت، "دەزانین نیگەرانییەکان زۆرن و ئەو ئامانجانەی خوێنی گەشی شەھیدەکانمانی لەپێناو رژا، وەکخۆی نەھاتنەدی، خزمەتگوزارییەکان لە ئاستی پێویستدا نین و دۆخەکە بەو شێوەیە نییە کە ئێوە و ئێمەش ھیوامان بۆ خواستبوو."

بافڵ تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتی ڕاشیگەیاند، "وەکچۆن لەماوەی رابردوودا بەڵێنمان پێدان ئەم رێڕەوە نادروستەی سیاسەت و حوکمڕانی راستدەکەینەوە و پێگەی دەستووریی کورد لە ناوەندی بڕیاری سیاسی لە بەغداد دەپارێزین، ئێستاش دووپاتیدەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو ھێزە نییە و نابێت کە پشت لە خەڵکەکەی بکات."

هەروەها شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە پەیامێکی هاوشێوەدا داوایکرد حیزبە دەسەڵاتدارەکان "خوێندنەوەیەکی قوڵ و تەندروست بە کۆی پرۆسەی حوکمڕانی ھەرێمدا بکەن لە بەرامبەر ئەو قۆناغە ھەستیار و پڕ لە قەیرانە سیاسیی و ئابوورییەی کە ھەرێمەکەمان تێیکەوتووە."

جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا

پەیامەکانی بەرپرسانی باڵای هەرێم بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و چاکسازی لە حکومڕانیدا لە کاتێکدان کە هەرێمی کوردستان بە چەندین قەیراندا تێپەڕدەبێت، کە دیارترینیان بریتییە لە کێشە داراییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا.

سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان نزیکی ساڵێک لەمەوبەر سەربەخۆ هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی تورکیاوە لەدەستدا، تا ئێستا نەیتوانیوە بودجەیەکی دیاریکراو لە بەغداوە مسۆگەر بکات و بەو هۆیەوە حکومەتی هەرێم لە 5 مانگی ڕابردوودا تەنها توانیویەتی مووچەی 1 مانگی مووچەخۆرانی دابینبکات.

لە ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش، بەهۆی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن، پتر لە ساڵ و نیوێکە هەڵبژاردنی پەرلەمانی نەکراوە و چەند جارێک دواخراوە.

ڕۆژی يه‌كشه‌ممه‌، 2024/3/3، نێچیرڤان بارزانی لە فه‌رمانێکی هه‌رێمییدا ڕۆژى 2024/6/10 دەستنیشانکرد بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى گشتى بۆ خولى شه‌شه‌مى په‌رله‌مانى هەرێمی كوردستان.

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە پەیامێکیدا بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین، هەڵبژاردنی مانگی شەشی بە "دەرفەتێکی زێڕین" ناوزەندکرد "تا بە گیانی پڕ جۆشوخرۆشی سەرەتاکانی راپەڕینی دێرینەوە و بە دەنگدانی دیموکراتی لە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردا ئەزموونی خۆماڵیمان مشتوماڵ بکەینەوە."