بەرپسێکی باڵای ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوی بۆ دەنگی ئەمەریکا پشتڕاستیکردەوە بانکی تی بی ئای عێراق "چووەتە ناو سیستەمی هەژماری من،" بەڵام ڕایگەیاند، "بەهۆی هەندێک کەس کە دەیانەوێت ڕێککەوتنەکە شکست پێبهێنن نامانەوێت وردەکارییەکانی ئاشکرابکەین."
بەرپرسە باڵاکە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دادگای فیدراڵی دەستی حکومەتی عێراقی بەستبوو کە جگە لە بانکی حکومی عێراق نەتوانێت مووچە بدات، بۆیە تی بی ئای هاتووەتە ناو پرۆژەی هەژماری من تا چیتر بەربەست لەبەردەم ناردنی مووچە نەمێنێت."
دەنگی ئەمەریکا تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە نەیتوانییوە ئەم قسانە لە لایەن حکومەتی عێراقییەوە پشتڕاست بکاتەوە.
لێدوانەکە لە کاتێکدایە پرسی چارەنووسی "هەژماری من" چەندین هەفتەیە بە لێڵی ماوەتەوە. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیاندنەکاندا جەخت لەسەر هەژماری من دەکاتەوە، بەشێک لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی کورد دەڵێن ئەمە ڕاست نییە و هەرێمی کوردستان ناچارکراوە دەستبەرداری سیستەمەکە ببێت و "تەوتین" یان ڕاستەوخۆ پێدانی مووچەی کەرتی گشتی لە هەرێم ڕاستەوخۆ لەلایەن بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە بێت.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بانکی تی بی ئای کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت ئامادەنەبوو ڕاستەوخۆ بەشداریکردنی بانکەکەیان لە سیستەمی هەژماری من پشتڕاستبکاتەوە، بەڵام ڕایگەیاند، "ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم هەرچەندێک بێت، ئێمە دەتوانین تۆماریان بکەین و هەژماری بانکییان بۆ بکەینەوە. تۆپەکە لە گۆڕەپانی حکومەتی هەرێمە و چاوەڕوانی لیستی ناوی فەرمانبەرانین. سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نزیکەوە چاودێری پرۆسەکە دەکات و ئێمەش چاوەڕێی لیستی فەرمانبەرانین."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ی مانگی پێنجی 2024، وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "بانکی تی بی ئای بەشداری لە پرۆژەی هەژماری من بۆ بە دیجیتاڵکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات."
دوای ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا بانکی تی بی ئای دەڵێت، "لەچوارچێوەی پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و بە فەرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەبارەی بەشداریکردنی بانکی تی بی ئای لە پرۆسەی تەوتین کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، وەفدێکمان لەپارێزگای هەولێر کۆبووەوە، لەبارەی میکانیزمی تەوتینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان."
هەر ئەمڕۆش پێشەوا هەورامی، وتەبێژی حکومەتی هەرێم، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ 16 مووچەخۆری هەرێم لە چوارچێوەی هەژماری مندا ناوی لە تی بی ئای تۆمارکردووە بۆ بە بانکیکردنی مووچەکانیان.
شایەنی باسە، لەم چەند ڕۆژەی دواییدا بەرپرسانی هەرێم دەستەواژەی "تەوتین" بەکاردەهێنن بۆ ئاماژەکردن بە پرۆسەی بانکی هەژماری من و دەڵێن بەشداربوون لە سیستەمی هەژماری من پێچەوانەی تەوتین یان بە نیشتیمانیکردنی مووچەی مووچەخۆران نییە.
هاوکات لەگەڵ ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمدا، دامودەزگا فەرمییەکانی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە تۆمارکردنی ناوی مووچەخۆرانی هەرێم و بە بانکیکردنی مووچەکانیان لە چوارچێوەی هەژماری مندا.
شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "تی بی ئای بەشێکە لە تەوتین، دەکرێت لە داهاتوودا جۆرێک لە ڕێککەوتن لەگەڵ هەژماری من بکرێت، ئەمانیش ببنە میکانیزمێک بۆ ئاسانکاریکردن بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم."
شوان محەمەد ڕۆستەم بە دەنگی ئەمەریکای وت، "ڕەنگە کاتی زۆر بوێت تا تی بی ئای لە هەموو شاروشارۆچکەکان لق بکاتەوە، بۆیە گەر بانکی تریش بەشداربن لە پرۆسەکەدا هیچ گرفت دروست ناکات. پارە ڕاکێشان لە لقەکانی تی بی ئای کاتی زۆر دەوێت، ئێستا بانکێکی زۆر لە کوردستان هەن و ئامادەن، گەر فەرمانبەر هەژمارە سەرەکییەکەشی لە تی بی ئای بێت، دەتوانێت لەو بانکانەش مووچە ڕابکێشێت."
شوان محەمەد ڕۆستەم وتی، "حکومەتی هەرێم هەژماری منی هێنا تا خزمەت بە مووچەخۆران بکات و هەرێم لەو قەیرانە دەرباز بکات کە تێیکەوتبوو، ئێستا هەرێم بەلایەوە گرنگە مووچەی فەرمانبەران 30 ڕۆژ جارێک دابەش بکرێت. هەرێم لاری نییە تی بی ئای لایەنی سەرەکی بێت و دواتر فەرمانبەران ئازاد بن مووچەکانیان بگوازنەوە بۆ هەژماری من، ئەم میکانیزمە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەو گونجاندنە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق."
هەژماری من کە حکومەتی هەرێم دەیەوێت لە ڕێگەیەوە مووچەی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی دابەشبکات، سەرەتا 6 بانک چوونە نێویەوە کە بریتیبوون لە بانکەکانی ئارتی بانک، بیبیلۆس، بانکی ئیسلامی عێراقی، بانکی ئەهلی عێراقی و بانکی بەغدا