عێراق دوای 3 مانگ جارێکی تر گۆڕانکاری لە کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا کرد

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانى لە بارەى دابەشکردنی کورسییەکانى پەرلەمانی هەرێمی کوردستان رەتکردەوە، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕیاریدا بەوەی پێنج کورسی لە کۆی 100 کورسییەکانی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان تەرخانبکرێت.

لە بڕیارێکی دەستەى دادوەری هەڵبژاردنەکانی عێراقدا کە دوێنێ 20ی پێنجی 2024 دەرکراوە و ئەمڕۆ دەست ڕاگەیاندنەکان کەوتووە، دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراقی ناچار کردووە پێنج کورسیی لە کۆی 100 کورسییەکانی پەرلەمانى هەرێمی کوردستان بۆ کۆتاى پێکهاتەکان دابنێت، بەشێوەیەک کورسییەکى ئەرمەن بۆ دهۆک، دوو کورسیی تورکمان و کریستیان بۆ هەولێر، دوو کورسى تورکمان و کریستیان بۆ سلێمانی تەرخان بکرێت.

ئەمە دووەم جارە لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا گۆڕانکاری لە کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

ڕۆژی 21ی دووی 2024 دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەمکردەوە و کورسی پێکهاتەکانی لابرد.

دوای بڕیارەکە هەریەک لە پارتی و چەند حزبێکی سەرەکی پێکهاتەکان بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیان دا.

ڕۆژی 6ی پێنجیش مەسرور بارزانی سکاڵایەکی لە دژی دابەشکردنی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لە دادگای فیدڕاڵی تۆمارکرد و داوای کرد دادگەکە مادە دووی سیستمی تۆمارکردنی لیستی بەربژێران و پەسندکردنی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە 7ی ساڵی 2024 بە نادەستوری بزانێت.

داواکارییەکەی مەسرور بارزانی هاوکات بوو لەگەڵ سەردانێکی فەرمی سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و شاندێکی یاوەری بۆ تاران.

ڕۆژێک دوای تانەکە، دادگای فیدڕاڵی عێراق کارەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی تایبەت بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەیەکی کاتیی ڕاگرت، وە کۆمسیۆن دوای ئەوە، سەرەڕای ناڕەزاییەکانی یەکێتی، تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 10ی مانگی شەش ڕاگرت.

دادگاى فیدراڵى عێراق لە بڕیارەکەی ئەمڕۆیدا ئەو بڕیارە سالارییەشی هەڵوەشاندەوە کە لە 7ى پێنج دەریکردبوو بۆ راگرتنى رێکارەکانى کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکاریى هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێمی کوردستان.

دادگای فیدڕاڵی هۆکاری ڕەتکردنەوەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانی گێڕاوەتەوە بۆ ئەوەی "دەستەى دادوەریى هەڵبژاردن چارەسەرى ئەو کێشەیەى کردووە، کە سکاڵاکەى لەبارەوە تۆمار کراوە.