لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەزاران هاووڵاتی هەرێمی کوردستان سەردانی وڵاتی عەرەبستانی سعودیەیان کردووە بە مەبەستی بەجێگەیاندنی ڕێوڕەسمی حەج، وە بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوبەرایەتی حەج و عومرەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تێچووی گشتی پرۆسەکە لەسەر ئەو هاوڵاتیانەی بە فەرمی بەشداربوون زیاترە لە 19 ملیۆن دۆلار.
کاروان ستونی وتەبێژی ڕەسمی بەڕێوبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەمساڵدا 4 هەزار و 685 هاووڵاتی سەردانی وڵاتی سعودیەیان کردووە، لەو ڕێژەیەش هەزار و 700 هاوڵاتییان بە ڕێگەی وشکانی چوون و 2 هەزار و 985 هاوڵاتیان بە ڕێگەی ئاسمانی چوون."
بە گوێرەی زانیارییەکانی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی حەج و عومرە، تێچووی گشتی ڕێوڕەسمە ئاینییەکە زیاترە لە 27 ملیار و 964 ملیۆن دینار کە دەکاتە زیاتر لە 19 ملیۆن و 286 هەزار دۆلار.
کاروان ستونی وتی، "بۆ چوون بەڕێگەی وشکانی بۆ هەر هاووڵاتیەک بڕی 5 ملیۆن و 300 هەزار دیناری عێراقی دانراوە کە هەزار و 700 هاوڵاتی بەو ڕێگەیە ڕۆیشتوون، بەڵام بۆ ڕێگەی ئاسمانی بۆ هەر هاووڵاتیەک 6 ملیۆن و 350 هەزار دینار بووە کە دوو هەزار و 985 هاوڵاتی بەڕێگەی ئاسمانی چوونەتە سعودیە."
کاروان ستونی ڕونیکردەوە "ئەو بڕەپارەی کە وەرگیراوە، سەرجەمی بۆ خزمەتگوزارییەکان و بەڕێوەچوونی پرۆسەکەیە وهیچ بڕەپارەیەکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت."
وتیشی بڕە پارەکە بە گوێرەی کاتی مانەوە و خەرجییەکانی نرخی هۆتێل و خزمەتگوزاریەکان دیاریکراوە.
حەجکردن یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ئاینی ئیسلام، لە مانگی عەرەبی زول حەجە و دوای بینی مانگ دەست پێ دەکات وبە شەش ڕۆژ ئەنجام دەدرێت.
بەرپرسانی سعودیە دەڵێن ڕێوڕەسمەکە پێدەچێت لە 14ی شەش دەستپێبکات و 19ی مانگ کۆتایی بێت.
ساڵانە و لە عێراق وهەرێمی کوردستان، بەشێوەی تیروپشک و لەژێر چاودێری بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرە، هاوڵاتیان لە ڕێگەی فۆڕمەوە ناوی خۆیان تۆماردەکەن، تا پێشوەختە هاوشێوەی هاوڵاتیانی وڵاتانی دیکە بگەنە وڵاتی سعودیە و بەشداری لە مەڕاسیمەکانی حەجدا بکەن.
ساڵانە بۆچوون و هاتنەوەی ئەوکەسانەی کە فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن، بەگوێرەی سیستەمێک کە لە عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ سعودیە دیاری دەکرێت، نرخی جیاواز بۆ چوون بە ڕێگای وشکانی و ئاسمانی دادەنرێت.
ئەو بڕە پارەیەی کە لە هاووڵاتیەکانی هەرێمی کوردستان وەرگیراوە، بەوتەی بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرە، لە حکومەتی عێراقیش هەمان بڕ وەرگیراوە و سەرجەمی بۆ تێچووی حەجەکەیە.
شایەنی باسە، ئاماری تێچووی حەجکردن لەلاین بەڕێوبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە بە ڕێگای نافەرمی و بەکارهێنانی ڤیزای گەشت و عومرە گەشتیان کردووە بۆ سعودیە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی دەنگی ئەمەریکا، ئەمساڵ سەدان هاووڵاتی تری هەرێم لە ڕێگەی فیزای گەشت و عەمرەوە دەیانەوێت حەج بکەن.
دکتۆر محەمەد پێنجوێنی، سەرۆکی لیژنەی فەتوای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوانەی بە ناوی عەمرەوە ڕۆشتوون بۆ وڵاتی سعودیە و ئێستا ناگەڕێنەوە و حەج دەکەن، وەک لایەنە شەرعیەکەی هیچ گرفتێکی نییە و حەجەکەیان قبوڵە، بەڵام هەڵبژاردنی ڕێگاکەیان جوان نییە."
Your browser doesn’t support HTML5