بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، هێشتا لەلایەن ئاسایشی ناوچەی گەرمیانەوە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیان پێڕانەگەیەنراوە، بۆ ئەوەی بزانن چی کەس و لایەنێک لە پشت هەوڵی تیرۆرکردنی و تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە بووە.
ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند،" ئاشکراکردنی ئەو دەستەی لە پشت تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەمەوە بوو، لە ئەستۆی ئاسایشی گەرمیانەو چاوەڕانی ئاشکراکردنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانین."
ڕۆژی 15 ی حەوتی 2024، لەکاتێکدا ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی ویستی لە شوێنی حەوانەوەی خۆیەوە لەگەڕەکی شەهیدانی کەلار بەرەو لق بڕوات، لەوکاتەدا بۆمبێکی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلەکەیدا تەقییەوە.
ئەوکاتەی بۆمبە لکێنراوەکە بە ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دا تەقییەوە، بەرپرسی لق و شۆفێرەکەی و پاسەوانێکی لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدا بوون، دوای ڕزگارکردنیان ئۆتۆمبێلەکە گڕی گرت و بە تەواوەتی سووتا.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە مانگێک بەسەر تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی، بەڵام هێشتا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرا نەکراون.
ئەکرەم ساڵەح دەڵێت،"چەند جارێک بەدواداچوونمان کردووە، بەڵام هێشتا دەزگا ئەمنییەکان ئەنجامی کۆتاییان پێنەداوین، چاوڕوانین ئاسایشی گەرمیان دەستی پشت تەقینەوەکە بۆ ڕای گشتی گەرمیان و کوردستان ئاشکرا بکات."
دوای تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی لە رۆژی ١٥ ی مانگی ڕابردوو، ئەوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لق کە بەشەو بۆمبەکەی پێوە لکێنراوە، دیوێکی لە تاریکایی و دیوەکەی تری بەلای پاسەوانەکانییەوە بووە، بۆیە کەسەکە بۆمبە لکێنراوەکەی لە دیوی تاریکاییەوە خستووەتە ژێر ئۆتۆمبێلەکە."
هەروەها وتیشی،"تانکی بانزینی ئۆتۆمبێلەکەی بەرپرسی لق لەو دیوەکەی تربووە، نەک ئەو دیوەی کە بۆمبەکەی پێوە لکێنرابوو، گەر بۆمبەکە بدرایە لە دیوی تانکی بانزینەکە، لەکاتی تەقینەوەکەدا ئۆتۆمبێلەکە دەتەقییەوەو ئەستەمبوو سەرنیشینەکانی دەربازیان ببێت."
رۆژی 16 ی حەوتی 2024، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوەو پەکەکەی بە هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی بەرپرسی لقی گەرمیانی پارتی دیمکراتی کوردستان تۆمەتبارکرد.
بەڵام ڕۆژی 17 ی حەوتی 2024، پەکەکە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوەو ڕایگەیاند،"ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئێمە بە بەرپرسیار دەزانێت لەو تەقەمەنییانەی لەناو ئۆتۆمبێلی ئەکرەم ساڵح، یەکێک لە بەرپرسانی پارتی چێنراون. ئێمە ئەم تۆمەتە بێ بنەمایە ڕەتدەکەینەوە."
سەبارەت بەوەی گومانی لە چی لایەنێک هەیە لە پشت تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە بێت، ئەکرەم ساڵەح وتی،”هەرکات ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرچوو، ئەوکات ڕای خۆمان دەڵێین."
هاوکات سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رەوتی لێکۆڵینەوەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامەو دەمانەوێت بگەین بەسەرەداوی پێویست بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکە."