ڕاوێژکارێکی عێراق: هێزەکانی "بەرەی موقاوەمە" هیچ حسابێک بۆ سودانی ناکەن و بەردەوامن لە جوڵەکانیان دژی ئیسرائیل

ترسی بەرپرسانی عێراق لە تێوەگلانی وڵاتەکەیان لە شەڕی نێوان حیزبوڵا و ئیسرائیل دا زیاد دەکات، دوای ئەوەی میلیشیا شیعەکانی عێراق گوێڕایەڵی حکومەت نابن و بەردەوامن لە جوڵەکانیان لە دژی ئیسرائیل.

ڕۆژی 4 ی مانگی دەی 2024، سوپای ئیسرائیل کوژرانی دوو سەربازی لیوای جۆلانی لە باکوری ئیسرائیل ڕاگەیاند، دواتر میلیشیا شیعەکانی عێراق بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەکەیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لە ئەستۆ گرت.

ڕاوێژکارێکی پێشووی حکومەتی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"سەرۆکوەزیرانی عێراق زۆر هەوڵ دەدات عێراق لەشەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵاوە تێوە نەگلێت، بەڵام هێزەکانی بەرەی موقاوەمە گوێڕایەڵی ناکەن و توندیشن لە بەرامبەری."

هەروەها وتیشی،"ئەو هێزانە هیچ حسابێک بۆ سودانی ناکەن و تەنانەت ویستیان لە پۆستەکەی دووری بخەنەوە، کاتێک تۆمەتباریان کرد بە سیخوریکردن بەسەر بەرپرسانی هێزە شیعەکانەوە، بەڵام ترسیان لە ئاڵۆزبوونی دۆخەکە هەبوو بۆیە ئەو کارەیان نەکرد."

بەپێی وتەی سەرچاوەکە، سەرۆکوەزیران ناچارە لە ڕێگەی ئێرانەوە هەوڵ لەگەڵ بەرەی موقاوەمە بدات بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە جەنگ، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە هێزە شیعەکان پێیانوایە کات لەبەرژەوەندییان نییەو دەبێت ببنە بەشێک لەو شەڕە.

هێزە شیعەکانی عێراق کە لە لایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵکراون و بە "بەرەی موقاوەمە" دەناسرێن، هەڕەشەی ناردنی هێز بۆ لوبنان و ئەنجامدانی هێرشی زیاتر بۆ سەر ئیسرائیل دەکەن، لەکاتێکدا ئەگەری بە ئامانج کردنی پێگەکانیان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ئارادایە.

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا چووە قۆناغێکی پێشکەوتووترەوە، دوای ئەوەی لە ڕۆژی 27 ی مانگی نۆی 2024، حەسەن نەسروڵای ئەمینداری حیزبوڵاو ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەو حزبە لە هێرشێکی بەهێزی ئیسرائیل دا کوژران.

هێرشە ڕاستەوخۆکەی شەوی 1 ی مانگی نۆی 2024 ی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هەڕەشەی بەرپرسانی ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوە، ئەگەری فراوانبوونی شەڕ و تێوەگلانی سەرجەم هێزە نزیکەکانی لە ئێران لە شەڕدا زیاتر کردووە.

سەرباری هێرشە موشەکیەکانی ئێران و جوڵەی میلیشیا شیعەکانی عێراق، بەڵام هێشتا ئیسرائیل هیچ هێرشێکی بۆ سەریان ئەنجام نەداوە، بەڵام کاردانەوەی ئەو وڵاتە لە داهاتوودا بەرامبەر ئێران و هێزە شیعەکانی عێراق بە ئەگەرێکی بەهێز دادەنرێت.

حەمدی گلی، شارەزا لە بواری ئاسایشی نیشتمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"فشاری زۆر لەسەر ئێرانەو هێزە شیعەکان ژمارەیەکی زۆر سەرکردەیان لەدەستداوە، بۆیە ئەگەری تێوەگلانی میلیشیا شیعەکانی عێراق لە جەنگی ئیسرائیل ئەگەرێکی بەهێزە."

ئەو دەڵێت،"ڕەنگە بەشێک لە پێگەی شیعەکان لە عێراق و تەنانەت چەند سەرکردەیەکی دیاریشیان لەلایەن ئیسرائیلەوە هێرشی گەورەیان بکرێتە سەر."

دەوترێت سەرکردەی بەشێک لە میلیشیا شیعەکان عێراقیان بەجێهێشتووە و تەنانەت جێگۆڕکێشیان بە هێزەکانیان کردووە، ئەمەش وەکو ئامادەکاری بۆ ئەگەری بە ئامانج کردنیان لەلایەن ئیسرائیلەوە.

دکتۆر مەحمود عوسمان، ئەندامی پێشووتری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"میلیشیا شیعەکانی عێراق لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵا تێوە گلاون، بۆیە ناویان لە ڕیزی سوریاو یەمەن و ئێران دا لەلایەن ئیسرائیلەوە دەهێنرێت."

ئەو دەڵێت،"میلیشیاکان چەک و پارە لە حکومەتی عێراق وەردەگرن بەڵام بڕیاریان لای ئێرانە، سودانی هیچی پێناکرێت بەرامبەریان و دواجار عێراق توشی کێشەی گەورە دەکەن."

بەڕای چاودێرانی سیاسی، دواخستنی هێرشکردنە سەر هێزە شیعەکانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ سەرقاڵبوونی بە شەڕی حیزبوڵا دەگەرێتەوە، بەتایبەت ئەو وڵاتە نایەوێت بەرەی جەنگ فراوانتر بکات.