وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نوسراوێکی فەڕمیدا داوا دەکات پرۆژەی هەژماری من " وەک خۆی لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت." وەزارەتی ناوخۆش دەڵێت لە سلێمانی و هەندێک شوێنی تر دەست بە پرۆژەی "تەوتین" کراوە.
ڕۆژی دووشەممە ئاوات شێخ جەناب، لە نوسراوەکەیدا بۆ بانکەکانی مەڵکەندی، توی مەلیک، تانجەڕۆ، هەڵەبجە و چەمچەماڵ، ڕایگەیاندووە " ههر بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێک لەو بانکانەی کە تایبەتکراون بۆ جێبەجێ کردنی پرۆژەکە، رێگری و ئاستەنگ بۆ کارمەندانی هەژماری من دروست بکات، دوچاری لێپرسینەوە دەبێت."
ڕاگەیاندنەکەی ئاوات شێخ جەنات وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە دە ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکانی خولی شەشهەمی پەرلەمانی هەرێم بزووتنەوەی گۆڕان کشانەوەی حزبکەی لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕاگەیاند و شێخ جەنابیش یەکێک بوو لەو وەزیرانەی کە گوتی پابەندە بە بڕیارەکەوە.
لەلایەکی تریشەوە وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگهیاندووە به پێچەوانەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی تەوتین (بەنیشتمانی کردن) دەستیپێکردوە، هۆشداریش دهدات لهوهی جگە لە "هەژماری من هیچ پڕۆژەیەکی دیکە پەسەندکراو نییە" .
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان له نوسراوێكدا كه ڕۆژی سێشەممە ئاڕاستهی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆلیس، پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رەگەزنامە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی تووندوتیژیی کراوە، دەڵێت "هەندێک دامەزراوە لە پارێزگای سلێمانی و هەندێک شوێنی دیکە، پێچەوانەی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەستیان بە پڕۆسەیەکی دیکە کردووە بە ناوی (تەوتین)".
ئاماژهی بهوهشكردوه، تهوتین "لە دەرەوەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستانه، ئاگادارتان دەکەین جگە لە پڕۆژەی 'هەژماری من' هیچ کار و بەرنامەیەکی دیکەی بەدیجیتاڵکردنی موچەی کەرتی گشتیی پەسەندکراو نییە".