سەرچاوەیەکی ئاسایش: تانکە ئەڵمانییەکانی جۆری لیۆپاردی 2 گەیشتوونەتە ئۆکرانیا

لیۆپاردی 2

سەرچاوەیەکی ئاسایش دەڵێت 18 تانکی لیۆپاردی 2 کە بەرلین بەڵێنی دابوو بیاندات بە کیێڤ گەیشتوونەتە ئۆکرانیا.

لە مانگی یەکدا ئەڵمانیا ڕازیبوو تانکی لیۆپاردی 2 کە بە یەکێک لە باشترین تانکەکانی ڕۆژئاوا دادەنرێت بدات بە ئۆکرانیا. کیێڤیش دەڵێت چەکە قورسەکان گرنگن بۆ شکست هێنان بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا، بەڵام مۆسکۆ پێدانی ئەو تانکانە بە ئۆکرانیا بە کارێکی وروژێنەرانەی مەترسیدار ناودەبات.

سەرچاوە ئاسایشییەکە وتی جگە لە 18 تانکە شەڕکەرەکە، 40 ئوتومبێلی شەڕکەری ماردەری ئەڵمانی و دوو ئوتومبێلی گواستنەوەی زریپۆشیش گەیشتوونەتە ئۆکرانیا.

سوپای ئەڵمانیا بۆ ماوەی چەند مانگێک لە بنکەکانی مەشقی مونستەر و بێرگین لە باکووری ئەڵمانیا مەشقی بە سەربازانی ئۆکرانیا کردووە لەسەر چۆنێتی بەکارهێنانی تانکەکان و ئوتومبێلەکانی ماردەر.

سەرچاوەکە وتیشی سێ تانکی لیۆپاردی دیکە کە پورتوگال بەڵێنیدا بوو بیاندات بە کیێڤ گەیشتوونەتە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز