عەلی باقری وەکو وەزیری کاربەڕێکەری دەرەوەی ئێران دەستنیشانکرا

عەلی باقری

عەلی باقری دانوستکاری پێشووی بەرنامەی ناوکی ئێران، کە بە توندی ڕەخنە لە ڕۆژئاوا دەگرێت، ڕۆژی دووشەممە وەکو وەزیری کاربەڕێکەری دەرەوەی ئێران دەستنیشانکرا، ئەوەش دوای گیان لە دەستدانی وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان و سەرۆکی ئێران لە کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرێکدا.

باقری تەمەن 56 ساڵ وەکو جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان کاری کردووە، عەبدوڵاهیان لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەدا لەگەڵ ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆکی ئێران و حەوت کەسی دیکەدا گیانی لە دەستدا.

باقری بە کەسێکی نزیک لە هەرە پارێزگارەکان دادەنرێت و ئەندامێکیشە لە بازنەی نێوخۆیی ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئیدا، کە خەزووری براکەی باقرییە.

باقری بەوە ناسراوە کە ڕەخنەی توند لە ڕۆژئاوا دەگرێت، ڕۆژێک لە ڕۆژان باقری وتی " هەر کاتێک بیانییەکان دەستوەردەدەن، لە ژێر هەر بیانوویەکدا بووبێت، بوونییان بووەتە هۆی دەستوەردان لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەدا."

باقری لە مێژە دانوستکاری ئەتۆمی ئێرانە، بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هۆکاری سەرەکی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان و ئیسڕائیلی دوژمنییەتی. ئیسڕائیل پێی وایە ئێران هەوڵی بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی دەدات.

ئێران لە ساڵی 2015 دا ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی مێژوویی لەگەڵ زلهێزەکانی جیهاندا واژۆ کرد، ڕێککەوتنەکە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی سنووردار دەکرد و لە بەرامبەریشدا سزاکانی سەر ئێران کەم دەکرانەوە. بەڵام سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 دا لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە.

دوای ئەوەی ئێران لە ژێر سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەو کاتەی ئێران حەسەن ڕۆحانی مامناوەنددا ڕێککەوتنەکەی واژۆ کرد، باقری یەکێک بوو لەو کەسانەی کە زۆر بە توندی ڕەخنەی لێدەگرت، بەڕێوبەرایەتییەکەی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی چۆک دانان بۆ ڕۆژئاوا.

وتی ڕێککەوتنەکە زۆربەی " هێڵە سوورەکانی " خامنەئی بەزاندووە، ئەوەش لە ڕێی سەپاندنی کۆتوبەند و چاودێرییەکی توندەوە بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، کە ئێران دەڵێت تەنها بۆ مەبەستی ئاشتییانەیە.

دوای کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنەکەدا، باقری ڕۆحانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەوەی " ئەو هەستەی داوە بە ڕۆژئاوا کە ئێران زۆر لاواز بێت."

دواتریش زمانێکی توندی بەکارهێنا بۆ بەرگریکردن لە هەوڵەکانی ئێران بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە.

ساڵی ڕابردوو وتی ڕەخنەگران لەو هەوڵانە " لە ڕاستیدا دەیانەوێت ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی دەستی بگات بە ئامڕازێکی سەرەکی و گرنگ بۆ گرەنتیدان لەسەر بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی."

باقری لە ساڵی 1967 لە گوندی کانی باکووری ڕۆژئاوای تاران لە دایک بووە. باقری لە خێزانێکدا گەورە بووە کە بە تەواوەتی چوونەتە قووڵایی سیاسەتەوە لە کۆماری ئیسلامیدا.

باوکی باقری، کە مەلایەکی دیاری شیعەکان بووە، ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایان بووە، ئەرکی ئەنجومەنی شارەزایان دەستنیشانکردنی ڕابەری باڵای ئێرانە. مامی باقری، محەمەد ڕەزا مەهدەڤی، دواتر سەرۆکایەتی ئەو ئەنجومەنەی کرد.

لە ساڵەکانی نەوەدەکاندا باقری لە وەزارەتی دەرەوە کاری کردووە و لەو ماوەیەدا لە سەعید جەلیلی نزیک بووەتەوە. کاتێک جەلیلی وەکو سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتیمانی دەستنیشانکرا و بووە دانوستکاری باڵای ئەتۆمی ئێران، باقری وەکو کەسی دووەم کاری کردووە.

دوای ئەوەی باقری ئەرکەکەی خۆی لە ئەنجومەنەکە تەواو کرد، پەیوەندی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە کرد کە لەو کاتەدا لەلایەن ڕەئیسییەوە ڕابەرایەتی دەکرا. وەکو سکرتێری ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ کاری کردووە و دواتریش وەکو یاریدەدەرێک بۆ کاروباری نێدەوڵەتی کاری کردووە.

چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی ڕەئیسی لە ساڵی 2021 دا وەکو سەرۆکی ئێران هەڵبژێردرا، باقری وەکو جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران و دانوستکاری باڵای ئەتۆمی وڵاتەکە دەستنیشانکرا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس