ڕووداوی تەقەکردنەکە لە ترامپ ترسێکی دروست کردووە پێش کۆنگرەی کۆمارییەکان

چەند ڕۆژێک دوای ڕزگاربوونی لە هەوڵێکی کوشتن، دانۆڵد ترامپ پێشبینی دەکرێت لە ماوەی کۆنگرەی کۆمارییەکاندا بە فەڕمی وەکو بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەستنیشان بکرێت.

بەرپرسانی پارتی کۆمارییەکان و هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکان وەکو چۆن پلانی بۆ داندراوە ڕۆژی دووشەممە بەڕێوەدەچێت، دوو ڕۆژ دوای ئەوەی ترامپ تەقەی لێکرا و فیشەکێک بەر گوێی کەوت، لە کاتێکدا کە وتارێکی پێشکەشی جەماوەرەکەی دەکرد لە پێنسلڤانیا.

هەزاران شاندی سیاسیی و خۆپیشاندەران دەچن بەرەو شاری میڵواکی لە ویلایەتی ویسکۆنسن، بە مەبەستی ئامادەبوون لە کۆنگرە چوار ڕۆژەییەکەدا، پێشبینیش دەکرێت بوونێکی بەرفراوانی پۆلیس لە ناوچەکەدا هەبێت.

لە نێوەندی بەربەستە ئاسایشییەکاندا، دەنگی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ دانیشتوان و بەشداربووانی کۆنگرەکەدا کردووە، هەندێکییان دەڵێن نیگەرانن لەسەر ئەگەری کەوتنەوەی پشێوی زیاتر.

دانیشتووی میڵواکی جەیمس هاوزەر وتی " پێم وایە لە ئێستا خراپتر دەبێت. هەموو کاتژمێرێک شەقامەکان دادەخەن."

لاورا بایگەرتی نوێنەری ترامپ لە تێنێسی وتی هەوڵی کوشتنەکە توشی " شۆکی کردووم و دڵشکێنەر بووە."

وتی " پێشبینی دەکەم کۆنگرەکە پارێزراو بێت، بەڵام هەرگیز نازانیت، ترسناکە، کاتێک بیری لێدەکەیتەوە، ئەو فیشەکە بۆ سەری بوو. ئێمە شانسمان هەبوو کە خودا ئاگای لێی بوو."

بەرپرسانی دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵی گومانلێکراوەکەیان ناساند و وتییان کەسێک بووە بە ناوی ماثیو کرووکس و تەمەنی 20 ساڵ بووە و تەنها یەک کاتژمێر دوور لە بەتلەری پێنسلڤانیاوە ژیاوە، تەقەکردنەکە لە بەتلەر بوو. بەرپرسانی دەزگاکە دەڵێن تاوەکو ئێستا پاڵنەری هێرشەکە نەزاندراوە، وتیشیان ڕەنگە لێکۆڵینەوەکان چەندین مانگ بخایەنن.

جەیکۆب وێر لە ئەنجومەنی پەیوەندییە دەرەکییەکان وتی تەقەکردنەکە یەکێکە لە مەترسیدارترین کارەکانی توندوتیژی سیاسیی لە ئەمەریکادا لە دوای 9/11 ەوە.

وتی " ئەمە ڕۆژێکی ترسناکە لە مێژووی وڵاتەکەماندا. پێم وانیە هیچ هۆکارێک هەبێت بۆ ئەوەی باوەڕ بکەیت کە ئەمە دوایین توندوتیژیی دەبێت کە بیبینین."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و ڕکابەری ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکۆنەی تەقەکردنەکەی کرد و وتی توندوتیژی سیاسیی جێگەی نابێتەوە لە ئەمەریکادا.

بەپێی ئامارەکانی ڕۆیتەرز و ئایپسۆس کە لە مانگی پێنجدا بڵاوکرانەوە، دوو لەسەر سێی ئەمەریکاییەکان وتییان نیگەرانن سەبارەت بە ئەگەری ڕوودانی کردەوەی توندوتیژی لەلایەن توندڕەوانەوە ئەگەر لە کاتێکدا ڕازی نەبن بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزە.

هەندێک لە میڵواکی نیگەرانن سەبارەت بە کۆنگرەی کۆمارییەکان، بە تایبەتی بەهۆی ئەوەوە کە ویلایەتی ویسکۆنسن قەدەغەی کردووە بەرپرسان چەک قەدەغە بکەن لەو ناوچە ئاسایشییە فراوانەدا کە بۆ کۆنگرەکەدا ئامادەکراوە.

پێشتر لەم ساڵدا هەندێک سیاسیی ناوخۆ لە میڵواکی هەوڵییاندا پڕۆژە یاسایەک پەسەند بکەن کە هەڵگرتنی چەک لەو ناوچە ئاسایشییەدا قەدەغە دەکات، بەڵام شکستییان هێنا. دەزگای پاسەوانی تایبەت ڕێگە نادات بە خەڵکەکە هیچ جۆرە چەکێکییان پێبێت لەو ناوچەیەدا کە پێویستە مۆڵەتت هەبێت بۆ ئەوەی بچیتە ناوییەوە.

برێت بروینی دیبلۆماتکاری پێشووی ئەمەریکا کە ئێستا سەرۆکایەتی دەزگایەکی قەیرانەکانی پەیوەندی دەکات، وتی پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ ئەوانەی کە لە سیاسەتی ئەمەریکادان بۆ ئەوەی لێدوانە توندەکانییان کەم بکەنەوە.

وتی " سەرکردەکانی هەردوولا دەبێت هەنگاوێک بێنە دواوە." ئاماژەشی بەوەدا کە لە ئێستاوە هەندێک لە سیاسییەکانی ئەمەریکا دەستییان کردووە بە بە سیاسەتکردنی تراجیدیاکە.

تەنانەت پێش تەقەکردنەکەش، ترسەکان لە پشێوییەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانەوە لە زیادبووندا بوون، بە تایبەت دوای پشتگیریکردنی ترامپ لە خۆپیشاندەران کە هێرشیان کردە سەر بینای کاپیتۆڵی ئەمەریکا لە ماوەی پشێوییەکی کوشندەدا دوابەدوای شکستەکەی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 دا بەرامبەر بایدن.

ترامپ و زۆرێک لە لایەنگرانی کە دەڵێن هەست بە بێ مافی خۆیان دەکەن، لە مێژە گلەیی ئەوەیان کردووە کە هەڵبژاردنی ساڵی 2020 دزراوە، هەرچەندە تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەسەر ساختەکاری بەرفراوانی دەنگدەران نەخراوەتەڕوو.

هەروەها زۆرێک لە کۆمارییەکان دڵتەنگن لەوەی ترامپ دوای جێهێشتنی پۆستەکەی ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بێ وێنەی تاوانکاری بووەوە، لەنێویاندا هەندێکیان لەوانەی کە لەلایەن دادگای دادی ئەمەریکاوە هێندراونەتە پێشەوە.

لەکاتێکدا وردەکارییەکانی تەقەکردنەکەی ڕۆژی شەممە هێشتا دەردەکەون، مایک کۆڵێنزی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە جۆرجیا، دەرکەوت کە بایدن تۆمەتبار بکات، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو بایدنی بە تۆمەتی ڕێکخستنی هەوڵێکی کوشتن تۆمەتبار کرد.

کۆلینز لە پۆستێکیدا لە ئێکس نوسیویەتی " جۆو بایدن فەرمانەکانی ناردووە. "

کۆلینز ئاماژەی بە لێدوانەکەی ئەم دواییەی بایدن دەدا کە وتی " کاتی ئەوە هاتووە ترامپ بخەینە نیشانەکەوە." هەوڵێک بۆ گۆڕینی سەرنجی میدیاکان لەوەی کە چاودێران دەڵێن بایدن لە مشتومڕەکەدا باش نەبووە.

هەروەها ترامپیش زۆرجار قسەی وروژێنەری کردووە، بۆ نموونە گاڵتەکردن بە هاوسەری نانسی پیڵۆسی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران، کە برینێکی سەختی هەبوو دوای ئەوەی کەسێک هاتە ماڵەکەیانەوە و بە چەقۆ لێیدا لە ساڵی 2022 دا.

بەڵام ئەلێکس گرەی، سەرۆکی پێشووی ئەرکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ترامپ، ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بە لێدوانەکانی کەسایەتییە چەپەکان کە ترامپ وەک دیکتاتۆرێکی فاشیست دەخەنە ڕوو.

گرای دەڵێت " باسێکی زۆر دەبیستین کە گوایە سەرۆک ترامپ هەڕەشەیە بۆ سەر دیموکراسی، پێموایە ئەوەی پێویستە هەموومان بیکەین هەنگاوێکە بۆ دواوە".

گرەی کە ئامادەی کۆنگرەکە دەبێت، وتی متمانەی هەیە سەبارەت بە ئاسایشی کۆنگرەکە. ئاماژەی بەوەشدا هیوادارە ئەو کۆنگرەیە ببێتە دەرفەتێک بۆ ترامپ و کۆمارییەکانی دیکە بۆ ئەوەی " دیدێکی بەرزکەرەوە و یەکگرتوو " بۆ دامەزراوە دیموکراتییەکانی ئەمەریکا بخەنەڕوو.

گرەی وتیشی " ئێستا ترامپ یەکەم سەرۆکی ئەمەریکایە لە دوای ڕۆناڵد ڕیگانەوە کە ڕووبەڕووی فیشەکی بکوژێک بووەتەوە. ئەو بە شێوەیەکی نموونەیی بڕیارە لێدوان بدات لەسەر پتەویی و بەرگەگریی دیموکراسییەکەمان."

زۆرێک لە چاودێران، لەنێویاندا وێر، دەڵێن وێنە دراماتیکییەکانی ترامپێکی خوێناوی کە بە شێوەیەکی سەرپێچیانە مشتەکەی بەرز کردووەتەوە دوای ئەوەی تەقەی لێدەکرێت، لایەنگرانی بەهێزتر دەکات و لەوانەیە دەرفەتی هەڵبژاردنەکانی باشتر بکات. ئاماژەی بەوەشدا ئەو ڕووداوە ئەگەری هەیە پشێوی زیاتر بە دوای خۆیدا بهێنێت.

وتیشی " لە ساتێکی زۆر ترسناکداین، " و ئاماژەی بەوەدا " من تەواو دڵنیا نیم لەوەی وڵاتەکەمان چۆن دەبێت کاتێک سبەینێ لە خەو هەڵدەستیت دوای ڕووداوێکی لەم شێوەیە."


سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا