بایدن و ترامپ داوای یەکگرتوویی دەکەن دوای هەوڵی کوشتنی ترامپ

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەرکەوتن و هەر یەکێکییان بە شێوازی خۆیان دانییان بەوەدانا کە چۆن هەوڵەکەی کۆتایی هەفتە بۆ کوشتنی ترامپ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی هەردووکیانی گۆڕیوە.

درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە ترامپ بۆ ماوەیەکی کورت لە کۆنگرەی نیشتیمانی کۆمارییەکاندا دەرکەوت، باندجێکی سپی بەسترابوو بە گوێی ڕاستییەوە، ئەو شوێنەی کە فیشەکەکەی بەرکەوت لە دەمی گردبوونەوەیەکی جەماوەری ڕۆژی شەممە لە پێنسلڤانیا. ڕۆژی دووشەممە بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن لێکۆڵینەوەیەکی جیا و سەربەخۆی ڕاگەیاند لەسەر تەقەکردنەکە، دەزگای لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیش سەرکردایەتی لێکۆڵینەوە سەرەکییەکە دەکات.

ڕۆژی دووشەممە جیاوازییە بەرچاوەکانی نێوان هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی دوو بەربژێرەکە زیاتر دیار نەمان، لە کاتێکدا ترامپ هیچ شتێکی نەوت و تەنها چووە ناو ستادیۆمی میڵواکییەوە کە کۆنگرەکەی تێدا بەڕێوەدەچێت و خەڵکەکە چەپڵەیان بۆ لێدا.

هاوکات بایدن بە شێوەیەکی هێمنانە قسەی بۆ لێستەر هۆڵتی کەناڵی ئێن بی سی کرد و وتی هێشتا هاوڕا نیە لەگەڵ ترامپدا و هاوڕا نیە لەگەڵ شێوازە " هەوکردن و دڕندەکەی " ترامپ و لایەنگرەکانی کە ناڕەزایەتییەکانیانی پێ دەردەبڕن.

کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی ئایا پێی وایە تەقەکردنەکە ئاڕاستەی کێبڕکێکەی سەرۆکایەتی دەگۆڕێت، بایدن وتی " نازانم، تۆش نازانیت."

بەڵام پێدەچێت ڕووداوەکانی کۆتایی هەفتە دوایین پرسە سیاسییەکەیان چارەسەر کردبێت – مشتومڕە نیشتمانییەکە لەسەر ئەوەی ئایا خراپی بایدن و تێکەڵکردنی قسەکانی لە مانگی شەشدا دژی ترامپ ئەوەی گەیاند کە پێویستە دەستبەرداری کێبڕکێکە بێت یاخود نا.

جێگری بەڕێوبەری جێبەجێکاری ثێرد وەی جیم کێسلەر وتی " پێشبینی دەکەم جۆو بایدن زریانەکەی تێپەڕاندبێت و ئەم پرسیارە سەبارەت بەوەی ئایا دەستبەرداری کێبڕکێکە ببێت یان نا بووەتە ڕابردوو."

بایدن لە چاوپێککەوتنە دوورودرێژەکەیدا لە کۆشکی سپی دوای ئەوەی پلانێکی ڕۆژی دووشەممەی بۆ گەشتکردن بۆ ئۆستن هەڵوەشاندەوە، هەوڵیدا خۆی جیا بکاتەوە لە ڕکابەرەکەی.

وتی " سەیرکە، من ئەو کەسە نیم کە وتوویەتی دەمەوێت ڕۆژێک لە ڕۆژان ببمە دیکتاتۆر. من ئەو کەسە نیم کە ڕەتی کردەوە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکە پەسەند بکات. من ئەو کەسە نیم کە وتی ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە پەسەند ناکەم."

بایدن و ترامپ هەردووکیان لە دوای ڕووداوی تەقەکردنەکەوە لە ترامپ داوای یەکگرتووییان کردووە.

بەڵام شرۆڤەکاران دەڵێن وشەکان ڕەنگە مانای ئەوە نەبێت کە تۆ پێت وایە.

پڕۆفیسۆر لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ڤاندەربییڵت جۆن گییر وتی " هەردووکییان داوای یەکگرتوویی دەکەن. بەڵام جیاوازییەکانییان لە جۆری چەمکدا بنەڕەتیین. پێم وایە لەوێدا کێشەکە دەشکێت. لەبەرئەوە داوای یەکگرتوویی دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەنگە ئەوە پارتیزانییەک بێت لە داپۆشراویدا."

دووبەرەکی سیاسییش لە نێوان ئەمەریکاییەکاندا ئەوەندە زۆرە کە گروپەکانی پارێزەران هۆشداری دەدەن لەسەر ئەوەی کە نەک تەنها کاندیدەکان دەبێت دۆخەکە هێور بکەنەوە بەڵکو دەنگدەرانیش دەبێت هەمان شت بکەن.

وییڵ فولەری کۆمۆن گراوندی ئەمەریکا لە پێنسلڤانیا دەڵێت " بە سۆزەوە بمێنەرەوە بۆ ئەو هۆکارانەی کە گرنگییان پێدەدەیت و ئاگات لێیان بێت. ڕووبەڕووی ئاستەنگی بەرچاو بووینەتەوە کە پێویستە لەسەرمان بەڵێنی پێدانی دەرفەت بۆ هەموو ئەمەریکاییەکان جێبەجێ بکەین. بەڵام لەو کارەدا، زۆر گرنگە جیاوازی بکەین لە نێوان داکۆکیکردن لە بیروباوەڕەکانمان و شەڕکردن دژی یەکتر."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا