وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە ڕۆژنامەواننیەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا بە ڕوونی نائومێدی پێوەدیاربوو لەسەر گفتوگۆکانی شاندی کوردی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا و ڕایگەیاند، " لەوانەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان دانبەخۆداگرتن و ئارامییەکەی لە شوێنێک ڕابوەستێت و ئەم شوێنەش نزیکە ئێستا کاتەکەی."
پێشەوا هەورامی لە هەولێرەوە بە ڕۆژنامەنووسانی وت، "لە بابەتی کێشەکانی نێوان ئێمە و حکومەتی فیدراڵ، لەدوای سەری ساڵی تازەوە ئیتر ئێمە ڕێگە بە کات کوشتن نادەین و ئارامی ئێمە سنوردار دەبێت. ئەو سێ موچەییەی کە بڕیارە بۆ فەرمانبەرانی ئێمەی بنێرن، نییەتێکی جدی لێ بەدی ناکەین."
ئەمڕۆ، 13ی مانگی 12ی 2023، بڕیاربوو شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی تر سەردانی بەغدا بکاتەوە بەڵام پێشەوا هەورامی وتی سەردانەکە هەڵوەشاوەتەوە.
وتەبێژی حکومەت هۆکاری هەڵوەشانەوەی سەردانەکەی دیارینەکرد، بەڵام وتی، "لە دوای سەری ساڵەوە ئێمە بەجۆرێکی تر دەچینە بەغدا."
ڕاشیگەیاند، "ئەوەی کە ئێستا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکڕیت نە تەوافوقە، نە دەستورە نە شەراکەتە، نە لەگەڵ هیچ ئاینێک یەکدەگرێتەوە و نە لەگەڵ هیچ پرەنسیپێکی دیموکراسی یەکدەگرێتەوە، نە لەگەڵ هیچ بنەمایەکی مرۆڤایەتی یەکدەگرێتەوە."
وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم حکومەتی عێراقی بەوە تۆمەتبارکرد کە مەرجی "نالۆژیکی" دەخاتە بەردەم شاندە دانوستکارەکانی حکومەتی هەرێم و دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێم "ئەوەی لەسەرشانی بوو جێبەجێی کردووە" و دەڵێت 11 ملۆن بەرمیل نەوتی داوە بە حکومەتی عێراق و "دۆلارێک" نەگەڕایەوە بۆ حکومەتی هەرێم.
ئەمە لەکاتێدایە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا مووچەی مانگەکانی 9 و 10 و 11 و 12ی وەرنەگرتووە.
هەروەها ئەمرۆ سێ مانگ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپیکردنی ساڵێکی نوێی خوێندن و بەهۆی بایکۆتی فراوانی مامۆستایان تا ئێستا لە بەشێکی زۆری قوتابخانە حکومییەکان، بە تایبەت لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، خوێندن وەستاوە.
وەزارەرتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند بڕی 250 ملیار دینار لە ڕێگای بانکی ڕافیدەینەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابوری لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
هەرچەندە چاوەڕواندەکرێت ناردنی ئەو گوژمە پارەکە بەکاربهێندرێت بۆ دابەشکردنی مووچە، بەڵام پێشەوا هەورامی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەیدا وتی پارەی گەیشتوو تا ئێستا بە شێوەی "نەقد" لەبەردەستی حکومەتدا نییە.
وتەبێژی حکومەت وتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لەسەر بنەمای "ڕێککەوتن لە نێوانمان" نامەیەکی ئاراستەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و داوای ناردنی پارەی بۆ سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ کردووە.