Accessibility links

حکومەتی هەرێمی کوردستان داواکاری حکومەتی عێراقی بۆ ناردنی لیستی مووچەخۆرانی جێبەجێکرد


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای چەندین ڕۆژ لە ئامادەکاری، ئەمڕۆ ،3-6-2024، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کرد بە مەبەستی دابینکردنی بڕی 618 ملیار دینار لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

هەنگاوەکەی حکومەتی هەرێم دوای ئەوە هات کە وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ناردنی هەر بڕە پارەیەکی بۆ حکومەتی هەرێم مەرجدارکرد بە ناردنی لیستی مووچەخۆران لە هەولێرەوە بۆ بەغدا.

وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند، "بەواژۆی بەڕێز ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرا."

لە ئەنجامی بەردەوامی کێشە داراییەکانی لەگەڵ عێراق، حکومەتی هەرێم لە ماوەی 5 مانگی ڕابردوودا تەنها یەک مووچەی دابەشکردووە.

دوایینجار کە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی ڕاگەیاند ڕۆژی 1-2-2024 بوو ئەو کاتەی وەزارەتەکە وتی بڕی 618 ملیار دینار لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراقەوە گواستراوەتەوە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم. دوای ئەوە وەزارەتەکە مووچەی مانگی یەکی دابەشکرد.

ڕۆژی دووشەممە، 4-3-2023، وەزیری دارایی هەرێم لە کۆبوونەوەیەکدا لە هەولێر لەگەڵ تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا، ڕایگەیاند وەزارەتەکەی "هەماهەنگیی تەواوی" لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی داراییی عێراق هەیە و ماوەی 10 ڕۆژە تیمە هاوبەشەکان سەرقاڵی وردبینین لە خەرجی و داهاتەکانی شەش مانگی کۆتاییی ساڵی 2023ی هەرێمی کوردستان.

کۆبوونەوەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لەگەڵ تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا
کۆبوونەوەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لەگەڵ تۆرکیلد بیوگ، بەرپرسی نوسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا

ئاوات شێخ جەناب گوتیشی، "وەک وەزارەتی دارایی هەموو هەوڵەکانمان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە هونەرییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق خستۆتە گەڕ، تا هیچ بیانوویەک بۆ دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران نەمێنێت."

دوای ناردنی لیستی مووچەخۆران لە لایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمەوە، چاوەڕواندەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 618 ملیار دینار بنێرێت تا حکومەتی هەرێم بەکاریبهێنێت بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی دوو.

بەڵام چارەنووسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان یەکلانەبووەتەوە، کە کەی و چۆن دابەش دەکرێت.

هەروەها دابینکردنی مووچە لە مانگی سێی ئەمساڵەوە بە هەمانشێوە ناڕوونە، بەو پێیەی وەزارەتی دارایی عێراق وتویەتی لەدوای ناردنی مووچەی مانگی دوو، دەبێت ناردنی مووچە بۆ هەرێم لە ڕێگەی هەژماری بانکیی حکومەتی عێراق بێت و هەرێمی کوردستان دەڵێت کردنەوەی هەژماری بانکی حکومی بۆ زیاتر لە 120 هەزار مووچەخۆری چەندین مانگ دەخایەنێت.

XS
SM
MD
LG