Accessibility links

دوای کشانەوەی بایدن لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان، بەرپرسانی دیموکراتەکان و بەخشەرەکان پشتگیری لە هێرس دەکەن


جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس
جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کامالا هاریس

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دەستبەرداری کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بوو، یاسادانەرانی دیموکراتەکان و فەرمانڕەواکان و بەخشەرە داراییەکان پشتگیری خۆیان بۆ کاملا هێرسی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا دەربڕی تاوەکو ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە بڕیارە لە مانگی یانزەدا بەڕێوەبچێت.

ڕۆژی یەکشەممە بایدن دوای ڕاگەیاندنە کتوپڕەکەی پشتگیری خۆی بۆ کاملا هێرس دەربڕی وەکو بەربژێری دیموکراتەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی دانۆڵد ترامپی بەربژێری کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا.

هێرسی تەمەن 59 ساڵ بە خێرایی ڕایگەیاند کە دەیەوێت ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان. هاریس سیناتۆر بوو لە کالیفۆرنیا کاتێک بایدن لە ساڵی 2020 دا وەکو جێگری خۆی دەستنیشانیکرد.

هەندێک لە ڕاپرسییەکان دەریدەخەن کە دەرفەتی هاریس بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ترامپ تۆزێک باشترە بە بەراورد لەگەڵ دەرفەتەکانی بایدندا، لە هەندێک ڕاپرسی کەمدا لە پێش ترامپەوەیە.

هێرس لە بەیاننامەیەکدا وتی بایدن بە کشانەوەی لە کێبڕکێکە دژی ترامپ " ئەوە دەکات کە هەمیشە کردوویەتی لە ماوەی ژیانی خزمەتەکەیدا: گەلی ئەمەریکا و وڵاتەکەمان دەخاتە پێش هەموو شتێکی ترەوە."

وتی " هەرچی لە دەسەڵاتمدا بێت دەیکەم بۆ یەکخستنەوەی پارتی دیموکراتەکان، هەروەها یەکخستنەوەی وڵاتەکە، بۆ شکستهێنان بە دانۆڵد ترامپ. 107 ڕۆژمان ماوە بۆ ڕۆژی هەڵبژاردن، شەڕ دەکەین و پێکەوە سەردەکەوین."

سەکۆی پێشەنگی دیموکراتەکان بۆ کۆکردنەوەی پارە، ئاکت بلو، درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە وتی بە تەنها لە ڕۆژی یەکشەممەدا 46.7 ملیۆن دۆلاری لە بەخشینە بچووکەکانی کۆکردووەتەوە بۆ هەڵمەتەکەی هاریس. ئەوەش پێچەوانەی ئەو چەند هەفتەیە بوو کاتێک پشتیوانییەکان بۆ بایدن کەم بوونەوە، بە تایبەتی لە نێو بەخشەرە گەورەکاندا، ئەوەش دوابەدوای مشتومڕە خراپەکەی بایدن لە کۆتایی مانگی شەشدا بەرامبەر ترامپ.


دەستەی کۆمیتەکانی دیموکراتەکان لە بەیاننامەیەکدا وتی " زۆرینەی " سەرکردەکانی پارتەکە لە ویلایەتەکان پشتگیرییان لە هاریس کردووە وەکو بەربژێری پارتەکە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، بەڵام هەندێکیان خۆیان بە دوورگرتووە لەو بابەتە بەهۆی هۆکاری یاساییەوە.

پشتگیرییە بەرچاوەکەی ڕۆژی یەکشەممە بۆ هاریس لانیکەم ئەندامێکی کابینەکەی بایدنیشی تێدا بووە، وەزیری گواستنەوەی ئەمەریکا پیت بوتیگیگ، کە وتی " هەرچی لە توانامدا بێت دەیکەم " بۆ یارمەتیدان لە هەڵبژاردنی هاریسدا.

ئەگەر هێرس پەسەند بکرێت بۆ جێگرتنەوەی بایدن، ئەوا دەبێتە یەکەم ژنی ڕەشپێست و باشووری ئاسیا کە ببێتە بەربژێری پارتێکی سەرەکی گەورە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە مێژووە 248 ساڵەکەی ئەمەریکادا.

ڕاگەیاندنەکەی بایدن لە ڕۆژی یەکشەممەدا دوابەدوای زیادبوونی داواکانی دیموکراتەکان بوو بۆ دەستبەرداربوونی لە کێبڕکێکە لە نێوەندی کەمبوونەوەی ژمارەکانی لە ڕاپرسییە نیشتیمانییەکاندا و نیگەرانییەکان سەبارەت بە مشتومڕەکەی بەرامبەر ترامپ. لە ماوەی مشتومڕەکەدا بایدنی تەمەن 81 ساڵ زۆرجار وادەردەکەوت کە شتی لەبیر دەچووەوە و نەیتوانی توند بێت لەگەڵ ترامپی تەمەن 78 ساڵدا یاخود بەرگری لە کارەکانی بکات لە کۆشکی سپیدا.

بەڵام بایدن ئەو داوایانەی ڕەت دەکردەوە و دەیووت تەنها " خودای مەزن " دەتوانێت ڕازی بکات دەستبەرداری کێبڕکێکە ببێت، یاخود ئەگەر ڕاپرسییەکان دەریبخەن کە ناتوانێت سەرکەوێت بەسەر ترامپدا یان پزیشکەکانی پێی بڵێن کە چیتر لە ڕووی جەستەییەوە ناتوانێت بەردەوام بێت.

ڕۆژی یەکشەممە بایدن لە بەیاننامەیەکدا وتی " باوەڕم وایە لە بەرژەوەندی پارتەکەم و وڵاتەکەدایە ئەگەر من بکشێمەوە و تەنها سەنگ بخەمە سەر ئەرکەکانم وەکو سەرۆک بۆ ئەو ماوەیەی کە لە سەرۆکایەتیدا ماومە." ماوەکەی لە مانگی یەکی ساڵی 2025 دا تەواو دەبێت.

بایدن وتی پلانی هەیە دواتر لەم هەفتەیەدا وتارێک پێشکەشی وڵاتەکە بکات.

ترامپ لە وەڵامیدا بۆ ڕاگەیاندنەکە هێرشی کردە سەر بایدن و هاریسیش.

ترامپ وتی " جۆو بایدن گونجاو نەبوو خۆی هەڵبژێرێت بۆ سەرۆکایەتی، بە دڵنیاییشەوە گونجاو نیە خزمەت بکات، هەرگیزیش گونجاو نەبووە." وتیشی هاریس هەر وەکو بایدن خراپە.

ترامپ بە سی ئێن ئێنی وت " سەرکەوتن بەسەر هاریسدا ئاسانترە وەک سەرکەوتن بەسەر جۆو بایدندا."

زۆرێک لە کۆمارییەکان لە وەڵامییاندا بۆ ڕاگەیاندنەکە داوایان لە بایدن کرد دەست لە کاربکێشێتەوە وەکو سەرۆک.

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن کە دووەمین کەسە دوای هاریس ببێتە جێگرەوەی سەرۆک، داوای لە بایدن کرد دەست لە کاربکێشێتەوە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر بایدن گونجاو نەبێت بۆ مانەوەی وەکو بەربژێری دیموکراتەکان و سەرۆکایەتیکردن بۆ چوار ساڵی دیکە، ئەوا گونجاو نیە وەکو سەرۆک بمێنێتەوە تاوەکو 20 ی مانگی یەکی ساڵی 2025.

ئەگەر بایدن دەست لە کاربکێشێتەوە، هاریس دەستبەجێ دەبێتە سەرۆکی ئەمەریکا، تاوەکو ئەو کاتەی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی یانزەدا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێردرێت.

ناوی چەند دیموکراتێکی دیکەی دیار دەرکەوتوون کە ئەگەری هەیە یەکێکییان ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، چەند فەرمانڕەوایەکی ویلایەتەکانیشیان تێدایە، لەوانەش : گریچین ویتمەری میشیگن و جۆش شاپیرۆی پێنسلڤانیا و جەی بی پریتزکەری ئیلینۆی و گاڤین نیوسەمی کالیفۆرنیا. ڕۆژی یەکشەممە شاپیرۆ و نیوسەم پشتگیری خۆیان بۆ هاریس دەربڕی.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا بیڵ کیلنتن و هیلاری کلینتن کە لە ژێر سەرۆکایەتی باراک ئۆبامادا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بوو، پشتگیری خۆیان بۆ هاریس دەربڕی. ئۆباما کە کاتێک سەرۆک بوو بایدن بۆ ماوەی هەشت ساڵ جێگری بوو، سوپاسی بایدنی کرد بۆ نیشتیمانپەروەرییەکەی، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا کە ئایا پشتگیری لە هاریس یاخود کەسێکی دیکە دەدات بۆ ئەوەی ببێتە بەربژێر یان نا.

دوای ڕاگەیاندنەکەی بایدن ڕاپۆرتی میدیاکان لە زاری سەرچاوەکانی نزیک لە سیناتۆر جۆو مانچینی وێست ڤێرجینیاوە کە ئێستا سەربەخۆیە بڵاوییانکردەوە کە بیر لەوە دەکاتەوە پەیوەندی بکاتەوە بە پارتی دیموکراتەکانەوە تاوەکو هەوڵ بدات جێی سەرۆک بگرێتەوە وەکو بەربژێری سەرەکی پارتەکە.

دوو ڕێگە هەن بۆ دیموکراتەکان کەسێک بۆ جێگرتنەوەی بایدن دەستنیشان بکەن، یەکێکییان لە ڕێی دەنگی نوێنەرانەوە دەبێت لە کۆنگرەی نیشتیمانی دیموکراتەکاندا کە بڕیارە مانگی داهاتوو لە شیکاگۆ بەڕێوەبچێت و تێیدا بەربژێرێکی نوێ بۆ پارتەکە دەستنیشان دەکرێت. باوەڕوایە ئەم پڕۆسەیە لە بەرژەوەندی هاریس بێت، بەوەش خۆیان لە ململانێ بە دووردەگرن لەبەردەم هاووڵاتییانی وڵاتەکەدا لە کاتێکدا کە کۆنگرەکە لەسەر تەلەفیزیۆنی نیشتیمانی پەخش دەکرێت.

ڕێگەکەی دیکە بۆ ئەوەی دیموکراتەکان بەربژێرێکی نوێ دەستنیشان بکەن لە ڕێی کۆنگرەیەکی " کراوە " وە دەبێت کە تێیدا چەندین بەربژێر بە هاریسیشەوە، هەوڵی کاندیبوونییان بدەن، ئەوەش سیناریۆیەکە کە پارتەکە لە ساڵی 1968 وە بەسەریدا نەهاتووە، کاتێک سەرۆک لیندن جۆنسن دەستبەرداری پلانەکانی بوو بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی، ئەوەش بەهۆی ناڕەزایەتییەکانەوە لەسەر چۆنێتی مامەڵەکردنی جۆنسن لەگەڵ جەنگەکەی ئەمەریکادا دژی باکووری ڤیێتنام.

هەندێک لە دیموکراتەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن پارتەکە بە خێرایی " هەڵبژاردنێکی بچووک " بەڕێوەببات بۆ ڕێگەدان بە هاریس و هەر کەسێکی دیکە تاوەکو بە ئاشکرا کێبڕکێ بکەن لەسەر ئەوەی کامییان ببێتە بەربژێری دیموکراتەکان.

کۆشکی سپی وتی بایدن هیچ بۆنەیەکی گشتی نیە بۆ ڕۆژی دووشەممە. وردەکارییەکان لەسەر خشتەی کارەکانی بۆ هەفتەکە دواتر ڕادەگەیەندرێت. بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل، بڕیارە بایدن لە واشنتن لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا کۆببێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG